بڕیارە رۆژی هەینی، 15ی ئاب، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا لە ویلایەتی ئەلاسکا کۆبوونەوەی لووتکە ئەنجام بدەن، چاوەکان لەسەر ئەم لووتکەیەن کە گۆڕانکاریی لە شەڕی روسیا و ئۆکرانیادا بێنێتە ئاراوە و هەنگاوی گەورە بەرەو ئاشتی نێوان هەردوو وڵاتەکە بنرێت، لە راستیدا ئەمە وێنە گشتییەکەیە، بەڵام مانا و ناڕوونی کۆبوونەوەکە لەوەدایە کە ئەم لووتکەیە براوەتە شارێکی بە مێژوویی روسی، بە ماددی و ئابووری و زۆریی وزە و نەوت و گاز، ئەمریکی.
لە کاتی بڕیاردان لەم دیدارەدا، ترەمپ وتی: "بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی پوتین دەچمە روسیا"، دواتر پەشیمان بووەوە لە قسەکەی و رایگەیاند: "ببوورن مەبەستم ئەوە بووە دەچمە ئەلاسکا نەک روسیا"، ئایا هیچ لۆژیکێک تەسەوری ئەوە دەکات ترەمپ، روسیا و ئەلاسکای بەبێ مەبەست و وەبیرهێنانەوەیەک باس نەکردبێت؟، یان مەبەستی ترەمپ لە فۆکەس خستنەسەر ئەلاسکا پەیام نییە بۆ روسیا بەوەی باڵادەستی ئەمریکا بەسەر رووبەرە ئاوییەکانی نێوان ئەمریکا و روسیادا هەیە؟
هەندێک سیگناڵ لە ویلایەتی دووەمی ترەمپدا دەرکەوتوون، رای گشتی بە پێچەوانەی خوێندنەوەکان بۆ کەسێتیی ترەمپ لە ویلایەتی یەکەم ئاراستە دەکات، لەم ویلایەتەدا ترەمپ زۆر لێزانانە مامەڵە دەکات، تا گەیشتۆتە ئاستێک پاڵێوراوە بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، دواین سیگناڵیش کە ترەمپ ناردی بۆ جیهان، هەڵبژاردنی شاری ئەلاسکایە بۆ دیداری پوتین، لە خۆڕا نییە ترەمپ لە زیاتر لە 51 ویلایەتی ئەمریکادا، ئەلاسکا هەڵدەبژێرێت؟ هەڵبژاردنەکە ئەوەندەی مانا و شیکاریی تر لە خۆدەگرێت، ئەوەندە پەیوەست نییە بە نزیکی ئەلاسکا لە سنوورەکانی روسیاوە.
هەڵبژاردنی ئەلاسکا رەهەندێکی قووڵی لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و ئەمریکادا هەیە، ئەم دوو وڵاتە لەوەتەی هەن، ناکۆک و دژ بەیەک نەبوون، ئەگەرچی زەریا ئەم دوو وڵاتەی لەیەکتر جیاکردۆتەوە، بەڵام رۆژانێک دوو دۆستی نزیکی یەکتربوون، لە سێ چارەکی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم دا، پەیوەندیی روسیا و ئەمریکا پەیوەندییەکی دۆستانە بوو، ئەمەش بەهۆی رقلێبوونەوەی هەردوو وڵاتەکە لە ئیمپریالیزمی ئینگلیزی، ئەم پەیوەندییە گەیشتە ئاستێک لە ساڵی 1867 ئەمریکا بە بەهای 70200000 دۆلار، ئەلاسکای لە قەیسەری ئەوکاتەی روسیا کڕی، کە رووبەرەکەی 1,518,800كم دووجایە.
دوای مێژوویەکی درێژ کە ترەمپ و پوتین لەسەر ئەم شارە روسی ــ ئەمریکییە کۆدەبنەوە، هەروا شتێکی بێ پەیام و مەبەست نییە، خوێندنەوەی پشت ئەم دیدارە لە شاری ئەلاسکا، دوو سەرەیە، هەم گەڕانەوەیە بۆ قۆناغی زێڕینی پەیوەندی ئەمریکا و روسیا، هەم پەیامی ترەمپە کە ئەمریکا دەتوانێت خاکی روسەکان بکڕێت و کۆنترۆڵی بکات، چونکە ئەم شارە تەنها ئەو دیوە جوانەی نییە کە روسەکان پێیانوابوو ئەلاسکایان بە پارەیەکی باش فرۆشتووە و ئەمریکایان لەخشتە بردووە، بەڵکو ئەو دیوەشی هەیە بەلای ئەمریکییەکانەوە کە ئەگەر روسیا شارەکەیشی نەفرۆشتایە، ئەوا بەهۆی هەژموونی ئەمریکا بەسەر ئەو شارەدا، بووبووە شارێکی ئەمریکی و لەژێردەستی قەیسەر دەرهێنرابوو.
ترەمپ لێزانە بە هەڵبژاردنی ویلایەتی ئەلاسکا، لەم دیدارەدا بە روسەکان دەڵێت: نەک تەنها ئاشتی بۆ روسیا و ئۆکرانیا، بەڵکو ئەگەر روسیا ئاشتی بوێت، ئەوا دەگەڕێینەوە بۆ ساڵانی 1867 و ئەگەر شەڕیشتان دەوێت ئەوا دەگەڕێینەوە بۆ ساڵانی 1904 کە بە دەسپێکی ململانێی نێوان ئەم دوو وڵاتە دادەنرێت.