لووتکەکە تەواو بوو، چی لێ بەرهەمهات؟

10:20 - 2025-08-17
هیوا محەمەد
148 خوێندراوەتەوە

دوور نییە بۆ جاری یەکەم لە مێژووی ململانێکانی نێوان هەردوولادا، پێبنێنە دۆخێکی نوێی پەیوەندییەکانیانەوە و ململنێکان کۆتایی پێبهێنن و لەبری ئەوە هەنگاوی هاوبەش لەبەرژەوەندیی هەردوولا بۆ دەستگرتن بەسەر ئابووریی جیهاندا، بنێن

 هەروا بووە، ئەمە یاسای ژیان و بەڕێوەبردنی وڵاتە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان دوو لایەن، پێویستە هەردوولا چۆک دابدەن و لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی زۆر، خۆش ببن، چونکە لە ململانێکاندا هەرلایەک خۆی بە راست و خاوەن ماف دەزانێت و ئەوی تر بە گوناهبار و ستەمکار یان دەستدرێژیکەر، بەڵام کە بیانەوێت کۆتایی بە ململانی بهێنن، دەبێت لە ئاستی خواستە زۆرەکانیان دابەزن بۆ کەمتر، تا نزیکبوونەوە لە کۆتاییهێنان بە کوشتن و بڕین، چونکە راستییەک هەیە کە هەردوولای شەڕکەر دەیزانن، ئەویش ئەوەیە، جەنگ تەنها لە خزمەتی سەرمایەدارانە و ماڵوێرانییەکەی بۆ خەڵکی هەژارانە کە زۆرینەی ژمارەی سەر گۆی زەوی پێکدێنن، هەر ئەوانیش دەبنە قوربانیی جەنگانێک کە سەرمایەداران هەڵگیرسێنەرین، یان ئەوان هەژارەکان دەدەن بەیەکدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەڕێگەی ئەوانەوە. 
ئێستا ئەگەر جەنگی روسیا و ئۆکرانیا کە بە سەرپەرشتیی ئەمریکا و خۆرئاوا جووڵێنرا و هەڵگیرسا، چاودێرە سیاسییە جیهانیەکانیش بە جەنگی روسیا و ئەمریکا بەوەکالەتی ئۆکرانیا ناوزەدی دەکەن، کۆتایی بێت.
 کێ زەرەرمەندی یەکەم بوو؟  وەک کوژراو بریندار، ئەوانەی کە سەربازن، واتا کەمدەرامەت و بێکارەکان، ئەو شوێنانەش کە وێرانکران و خەڵکەکەیان ئاوارە بوون، زۆرینەیان خەڵکی دێهاتەکانن کە خەریکی کشتوکاڵ بوون، سەرمایەدارەکانی هەردوولاش، خەریکی بازرگانیکردنن بە جەنگەوە. 

لووتکەی ئالاسکا چۆن دەستی پێکرد؟
لەدوای سێ ساڵ و نیو، لە جەنگێکی ماڵوێرانکەر کە زیانی گەیاند بە گەلانی روسیا و ئۆکرانیا و کاریگەریی خراپی ئابووریی هەبوو بۆ سەر سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا و بووەهۆی ئاوارەبوونی ملیۆنەها کەسی ئۆکرانیا بەناو وڵاتانی ئەوروپادا، هەموو هەوڵە جیاجیاکانی وڵاتانی ئەوروپی، نەیانتوانی بۆ ساتێک ئەو جەنگە رابگرن، بەڵام ترەمپ لەبانگەشەی هەڵبژاردنەوە واتا لە 10 مانگی رابردووەوە، مژدەی ئەوەیدا بە جیهان کە ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆک ئەو جەنگە بە دوو هەفتە رادەگرێت، ئەم وتەیەی پشتبەست بوو بەو پەیوەندییە لەپێشینەیەوە کە لەگەڵ پوتین هەیەتی و لەیەکەم خولی هەڵبژاردنی ترەمپیشدا لەساڵی 2017، دیموکراتەکان تاوانباریان کرد بەوەی کە روسیا دەستی هەبووە لە دەرچواندنیدا. 
ترەمپ بەڵێنەکەی بردە سەر و لە دوای دەستبەکاربوونییەوە واتا لە هەشت مانگی رابردووەوە، بەچڕی کار دەکات لەسەر راگرتنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا (بێگومان دوای ئەوەی ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی هێنایەدی کە گرنگترینیان ئەو رێککەوتنەیە لەگەڵ ئۆکرانیا کردوویەتی سەبارەت بە دەرهێنانی ماددە بەهادارەکان بۆ چەند ساڵێکی درێژ خایەن و بە بەهای زیاتر لە 500 ملیار دۆلار.)

سەرەتای یەکتر بینینەکە
 ترەمپ لە دابەزینی فڕۆکەکەوە پێشوازی کرد لە پوتین، هەردوو فڕۆکەی سەرۆکایەتی لە فڕۆکەخانەیەک نیشتنەوە بەرامبەر بەیەک، لە پێشا ترەمپ هەنگاوی هاتنە دەرەوەی نا، بەدوایدا پوتین، ئەمیان زووتر و خێراتر هەنگاوی دەنا، دابەزین و بەرەو رووی یەکتر هەنگاویان نا بەسەر (فەرشە سوورەکەدا)، ترەمپ لە ماوەی یەک خولەکدا سێ جار چەپڵەی کورتی لێدا وەک پێشوازی لە پوتین، کە بەیەکیش گەیشتن زۆر بەگەرمی تەوقەیان کرد و لەسەر (فەرشە سوورەکە) بە ئاراستەی شوێنی دیارییکراو هەنگاویان نا، لەپڕ دەنگێک لە ئاسمانەوە هات، هەردووکیان هەڵوەستەیان کرد و سەیری سەرەوەیان کرد، بەڵام ترەمپ دەستێکی هێنا بەشانیدا و وەک بڵێت هیچ نییە، لە چەند چرکەیەکدا هەردوو سواری ئۆتۆمبێلیک بوون و لەبەرچاوی کامێراکان ون بوون و بەرەو شوێنی کۆبوونەوەکان رۆیشتن، سەیر لەوەدا بوو رووماڵی ئەم لووتکەیە لەلایەن کەناڵە جیهانییەکانەوە بەو شێوەیە نەبوو کە چاوەڕوان دەکرا، تەنانەت دیمەنەکانی یەکتربینینەکەش کورت بوون و چوونە ژوورە داخراوەکانەوە و چەند دیمەنێکی کەم لەگەیشتنیان بۆ بیناکە پیشاندرا.

چەند بە چەند دانیشتن؟
وەفدی هەر لایەکیان پێنج کەس بوون، ئەوەی ئەمریکا پێکهاتبوو لە ترەمپ، یتکۆف، روبیو. وەزیری خەزانە و بەرگری و بازرگانی.
روسیاش پوتین و جێگرەکەی، وەزیرانی بەرگری، دارایی، دەرەوە، راوێژکاری پوتین بۆ کاروباری دەرەوە.
بەوەی لە هەردوولاوە کەسێکی سەربە دارایی، خەزێنە، بازرگانیی، هاتوون، دەبێت بەشێک لە رێککەوتنەکان یان ئەوەی دەیانەوێت لەسەری بدوێن، کاروباری ئابووری بێت، واتا لەبری سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر روسیادا، ترەمپ دەیەوێت کرانەوەیەکی بازرگانی و ئابووریی لەگەڵ روسیادا بکاتەوە، ئەمەش یەکێکە لە هەرە بەرەو پێشچوونەکانی پەیوەندییەکانی نێوانیان، دەبێت ئەوەمان لە یاد نەچێت کە لە دەستپێکی جەنگی ئۆکرانیادا، هێڵەکانی هەناردەی غازی روسیا بۆ ناو ئەوروپا هەموویان راگیران، ئیتر لەبری غازی روسی، غازی ئەمریکا دەکڕدرا بە گرانتر لەلایەن ئەوروپاوە، واتا ئەمریکا ویستی پشتی بازاڕی روسیا بشکێنێت، کەچی ئەمڕۆ پێدەچێت لەگەڵی بەهاوبەشی بچێتەوە ناو ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەڵام لێرەدا ئەمریکا قازانجییەتی، چونکە ئۆکرانیای خستە ژێر دەستی خۆیەوە بە رێککەوتنە بازرگانییەکان، ئیتر ئەگەر ئەمڕۆ کیێفیش ناچار بکات بە ئاگربەست، ئەوا دەستکەوتی خۆی بەدەستهێناوە کە رەنگە بەمە زیانی ئابووریی بە روسیا بگەیەنێت.
لەسەرەتای ئەمساڵدا، روسیا پێشنیازی کرد بۆ ئەمریکا لەبری ئۆکرانیا بێت لە باکووری روسیا کار لەسەر دەرهێنانی ئەو سەرچاوە بەهادارانە بکات بە هاوبەشی، ئەمەش وەک رێگریی بوو لەوەی لەگەڵ ئۆکرانیا نەیکات.

لووتکە تەواو بوو،  ئاگربەستیش رانەگەینرا
لووتکەی ئالاسکا کۆتاییهات و رێککەوتنێک ئیمزا نەکرا، هەرچەندە هەردوولا پێشتر بە گرنگیان دەزانی و پێیان وابوو ئەنجامی باشی دەبێت، بەڵام  دەشڵێن کە زۆر بە سوود بووە و لووتکەی دیکەی بەدوادا دێت لە مۆسکۆ، ئەمەش بەو واتایە دێت کە دەیانەوێت بگەنە ئەنجام و رێککەوتن لە زۆر بواردا.
بەڵام کێشەکانی جیهان زۆرن کە هەژموونی هەردوو وڵاتی زلهێزیان تێدا بەدیدەکرێت، هەر بۆیە دوور نییە بۆ جاری یەکەم لە مێژووی ململانێکانی نێوان هەردوولادا، پێبنێنە دۆخێکی نوێی پەیوەندییەکانیانەوە و ململنێکان کۆتایی پێبهێنن و لەبری ئەوە هەنگاوی هاوبەش لەبەرژەوەندیی هەردوولا بۆ دەستگرتن بەسەر ئابووریی جیهاندا، بنێن، یان لانیکەم بەرژەوەندییەکانیان لە ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دابەش بکەن، ئەمەش هەروا ئاسان نییە و دەبێت کێشە دیارەکانی ناوچەکە چارەسەر بکەن، لەوانە: نێوانی ئەمریکا و ئێران و لەولاشەوە ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی. 

بۆچی جەنگ هەڵگیرسێنرا؟
ئەو جەنگە هەڵگیرسێنرا بۆ سەرقاڵکردنی روسیا، لەم نێوەندەدا کش مەلیک لە سوریا کرا و حەماس و حزبوڵڵا دەستکۆتا کران، بەنەمانی ئەسەدیش، هەژموونی روسیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە، بۆ ئەمریکا و خۆرئاواش، دەزانێت کێشەی ئۆکرانیا کە خۆیان هەڵگیرسێنەرین، کۆتایی پێدێنن، بەڵام لێرەشەوە دەستکەوتێک بەدەستدێنن، بۆ نموونە رەنگە چاوەڕوانی ئەوە بکەن روسیا هەژموونی دۆستانەی خۆی بخاتە گەڕ و ئێران بێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بە پیتاندنی یورانیۆم. 
هەرچی روسیاشە هەرچۆن لەم جەنگە بێتە دەرەوە خۆی بە براوە دەزانێت، هەرواشە، دوای زیاتر لە سێ ساڵ جەنگێکی نابەرامبەری بەڕێوەبردووە. ئەوان واتا ئەمریکا و خۆرئاوا و ئەوروپا، روسیایان مەشغوڵ کرد، زیانی گەورەی ئابوورییان پێگەیاند، ئێستا دێن و خۆیان دەستپێشخەر دەبن بۆ راگرتنی، لەمەشدا دەبێت روسیا هەنگاوێک بێتە پێش تا ئەمریکا بە وەکیلەکەی (ژیلینسکی) بڵێ بێدەنگبە و چیتت پێدەڵێم ئەوە بکە، ئۆکرانییەکانیش لە خوایان دەوێت بەهەر نرخێک بێت کۆتایی بەو جەنگە بێت و ئێستا درکیان بەوە کردووە کە کرانە قوربانیی ململانێی نێوان زلهێزەکان، ئێستاش بۆ خواست و ئیرادەی خۆیان سازشیان لەسەر دەکرێت. 

کێشەی ئۆکرانیا چۆن چارەسەر دەکەن؟
زەوییە داگیرکراوەکان دەگەڕێننەوە بۆ یەکتر؟ قیرم یەکلایی دەبێتەوە بۆ لایەکیان؟ ئۆکرانیا دەبێتە ئەندام لە ناتۆ؟ هێزە دەرەکییەکانی هەر لایەک لە ئۆکرانیا دەچنە دەرەوە؟ ئۆکرانیا چەکی ئەتۆمی دروست ناکات؟ بە رای بەندە ئەمانە هەروا بە ئاسانی کۆتاییان نایەن، ئەوروپاش تێیدا زەرەرمەند بووە، ئایا بەرژەوەندییەکانیان لە کوێدا پارێزراو دەبێت و پەیوەندییە تێكچووەکانی روسیاش لەگەڵ ئەوان چۆن دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی؟ چاوەڕێ دەکەین بۆ لێکەوتەکانی لووتکەی ئالاسکا کە رۆژی 15-8 بەسترا.

وتارەکانی نوسەر