ژانری رۆمان بەهۆی پێکهاتە و بنیاتەکانییەوە، خاوەن کەشێکی کراوە و دەسەڵاتێکی فراوانە بۆ موتوربەکردنی واقیع و بارگاویکردنی بە خەیاڵی رۆماننووس و دووبارە داڕشتنەوەی واقیع و رەنگڕێژکردنی بە خەیاڵی داهێنەرانەی رۆماننووس
بنیاتی رووداوی سیاسی لە رۆمانەکانی (ماردین ئیبراهیم)دا، ناونیشانی نامەیەکی ماستەری (ساکار دڵشاد)ە، بە سەرپەرشتی (پ. ی. د. نهجم خالید نهجمهدین ئهڵوهنی)، ساڵی 2022 پێشکەشی کۆلێجی زمان-زانکۆی سەلاحەدینی کردووە. نامەکە لە سێ بەش پێکهاتووە، بەشی یەکەم و سێیەم، سێ تەوەری لێدەبێتەوە، بەشی دووەمیش دوو تەوەر، لە خوارەوە وێنەی هەر بەش و تەوەرێک نیشاندەدەین.
تایبەتمەندییەکانی بنیاتی رووداو لە رۆمان
بەشی یەکەم: (تایبەتمەندییەکانی بنیاتی رووداو لە رۆمان)، ژانری رۆمان بەهۆی پێکهاتە و بنیاتەکانییەوە، خاوەن کەشێکی کراوە و دەسەڵاتێکی فراوانە بۆ موتوربەکردنی واقیع و بارگاویکردنی بە خەیاڵی رۆماننووس و دووبارە داڕشتنەوەی واقیع و رەنگڕێژکردنی بە خەیاڵی داهێنەرانەی رۆماننووس. کۆمەڵێک توخم بەشداریی لە دروستکردنی بنیاتێکی یەکگرتوو لە دەقی رۆماندا دەکەن، رووداویش یەکێکە لەو توخمە گرنگانە کە بەبێ ئەو بنیاتی رۆمان دەڕوخێ و بەهای هونەری لەدەست دەدات. کەواتە با سەرەتا بزانین بنیات چییە؟، بەو پێیەی وشەی بنیات (stuere)، لە بواری جیاواز بەکارهاتووە، واتای زۆری هەیە، لە تەلارسازیدا واتای بنچینە و بناغە دێت. بنیات بنچینەی چەند توخمێکە، کە بە یەکەوە سیستمێک دروست دەکەن، نەبوونی هەر توخمێک کەلێن دروست دەکات. توێژەر سێ رەوتی پێناسەکردنی بنیات بەسەر دەکاتەوە، کە هەریەکەیان پێناسەی جیاوازی بۆ دەکەن، یەکیان نووسەر بە بەشێک و هەندێکیشیان وەک (رۆلان بارت) لە دەرەوەی دەق دایدەنێت، گروپێکیش پێیوایە بنیات هەر رێکخستن و بەستنەوەی پەیوەندیی نێوان توخمەکانی ناو دەقە ئەدەبیەکە ناگرێتەوە، بەڵکو دەستنیشانکردنی توخمەکانە و دۆزینەوە و رێکخستنی پەیوەندییەکانی ئەو توخمانەش بە ئەدەب بە گشتی و ئەزموونی کار و بەرهەمی ئەدەبی. بنیات رێکخستنی پەیوەندیی توخم و بەشەکانە. بنیات لە دەقی ئەدەبییدا رۆڵێکی دیاری لە ئیستاتیکای دەقدا هەیە.
توێژەر باسی جۆرەکانی بنیاتی رووداو لە رووی هونەریی و واتاییەوە دەکات. ئاستی هونەریی ئیستاتیکا تیایدا ناوەندە، چونکە هونەر بێ ئیستاتیکا مەحاڵە، کاتێکیش بنیاتی رووداو لە رووی هونەرییەوە باس دەکرێت، ناتوانین ئیستاتیکا لە خەیاڵمان دەربکەین. بنیاتی هونەریی بەشێکی سەربەخۆ نییە، تا بە تەنیا هەستی پێبکرێت، بەڵکو لە پەیوەندیی و تێهەڵکێش و سازاندایە. (نەجم ئەڵوەندی) لەبارەی بنیاتی هونەرییەوە پێیوایە چۆنییەتی بەکارهێنانی توخم و تەکنیکە هونەرییەکانە بۆ ئەوەی کەرەستەکانی گێڕانەوە وەک: حەکایەت، کارەکتەر، زەمەن، رووداو، شوێن، دیالۆگ و مۆنۆلۆگ و وەسف و...هتد. لە نووسینی رۆمانێکدا بەکاربهێنرێت. هەرچی رەگەزی واتایە کە بەشێکی گرنگە لە بنیاتی رووداودا، ئەوا خۆی لە پەیام و گوتاری نووسەر- رۆماننووسدا دەبینێتەوە، کە دەکرێت سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژیاری، نەتەوەیی، مێژوویی، یاخود هونەریی بێت. واتا لەو داهێنان و دروستکردنەوەیەدا دێتەدی، کە رۆماننووس لە داڕشتنەوەی واقیع و دنیادا لە رێگەی رۆمانەکەیەوە ئەنجامی دەدات، رۆماننووسی لێهاتوو سوود لە بنیاتی هونەریی بۆ بنیاتنانی واتا وەردەگرێت، واتا ئاشکرا دەرنابڕێت، ناونشینی هونەری گێڕانەوە کراوە. توێژەر پێیوایە لە رۆماندا چوار خاڵی گرنگ هەن، کە رۆماننووس هەمیشە بۆ گەیاندنی واتا، بنیاتی واتایی پێ تەواو دەکات، ئەوانیش: ئاڕاستەی رووداو، چەقبیر/ فۆکەس، کات، شوێن.
بیر و ئایدۆلۆجیای رۆماننووس بەشێوەی راستەوخۆ لە رۆمانەکاندا رەنگیداوەتەوە، رووداوە سیاسییەکان کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بنیاتی هونەری و هزری و دەروونی کارەکتەرەکان هەبووە، هاوکات لە رووداوەکانی کوردستاندا رۆماننووس زۆر نەچووەتە ناو وردەکارییەکانی شوێنەوە
ماردین ئیبراهیم
رەوت و شێوەکانی گێڕانەوەی رووداوی سیاسی
بەشی دووەم، (رەوت و شێوەکانی گێڕانەوەی رووداوی سیاسی لە رۆمانەکانی «ماردین ئیبراهیم»دا. لە تەوەری یەکەمدا باسی رەوتی هەڵکشاو، داکشاو و لوولپێچ لە رۆمانەکاندا دەکات. رەوتی هەڵکشاو هاوتەریبی زەمەنی رووداوەکان و زەمەنی نووسینە، رووداوەکە لە ئێستاوە بەرەو داهاتوو دەڕوات. تەکنیکی پێشخەری نەک گەڕانەوە لەم رەوتەدا لە خستنەڕووی رووداوەکان گرنگ و چالاکە، چونکە زەمینەی گێڕانەوەی ئەو رووداوانەی لە داهاتوو روودەدەن دەڕەخسێنێت، ئەمەش لە رێگەی گێڕەرەوە یا کەسێکی ناو چیرۆکەکە ئەنجام دەدرێت. لە رۆمانی (کەوتنی بۆرەقەڵا لە حیکایەتێکی کۆندا)، بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بازدانی پێنج سەدە دەبینین، کە ئەمەش جوانییەکی هونەریی بە گێڕانەوەی رۆمانەکە بەخشیوە. گێڕانەوە لەم رۆمانەدا زیاتر پشتی بە دیالۆگ، مۆنۆلۆگ و فلاشباک بەستووە. باوکم وتی: (من ئەمشەو چیرۆکێکی ناوازەتان بۆ دەگێڕمەوە و بەپێچەوانەی هەموو ئەو چیرۆکانەی پێشتر دەربارەی رابردوو گێڕاومەتەوە، ئەمشەو چیرۆکێکە سەبارەت بە ئایندە). ئەم بازدانە، کە زەمەنی خوێندنەوەی حەکایەتەکە سەدەی چواردەیە، بەڵام چیرۆکی پێنج پیاو کە بە ناچاری دەبنە سەرباز لە سەدەی بیست دەگێڕێتەوە، واتە پێشخستنێکی تەواو هونەریی دەبینین. ئەم پێنج پیاوە لەنێوان چوونە شاخ و بوونە جاش و بوونە سەرباز گیردەخۆن، بە ناچاری دەبنە سەربازێکی نابەدڵ.
سەبارەت بە رەوتی داکشاو، تەکنیکێکی بەرزی هونەرییە، کە توانای رۆماننووس لە خستنەڕووی زەمەنە جیاوازەکاندا دەردەخات، بەجۆرێک، کە داهاتوو دەخاتە ناو رابردوو، رابردووش دەخاتە ناو داهاتوو، ئەم تەکنیکە زیاتر پشت بە فلاشباک دەبەستێت و بەردەوام گەڕانەوە بۆ رابردووی رووداو و کەسێتییەکان هەیە، لەبەرئەوە رۆشنبوونەوەی کەسێتییەکان و رووداوەکان بواری داکشان و گەڕانەوە دەخوازێت. لە رۆمانی (خەونی پیاوە ئێرانییەکان)دا، سیستمی ناکرۆنۆلۆجی، واتا تێکشکانی زنجیرەیی کاتەکان، پەیڕەو کراوە و رووداوەکان بە شێوەیەکی پچڕپچڕ بەسەر جەستەی دەقەکەدا دابەشکراون، پێویستە خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەیدا، ئەو پارچە پچڕپچڕانە کۆبکاتەوە و لە زەینی خۆیدا لێکیان بداتەوە و رێکیانبخات. ئەم ئاڵۆزییەش چێژێکی بەخشیوەتە تەونی رووداوەکان و ئێستاتیکای گێڕانەوەکەی زەقتر کردووەتەوە. رۆماننووس سەرەتای گێڕانەوەی بە رووداوێک دەستپێکردووە، کە دەکەوێتە کاتی کۆتایی دەقەکە، ئەم سەرەتا-کۆتاییە ئیستاتیکایەکی بەرزی گێڕانەوە دەردەخات. رۆماننووس لەم دەقەدا رووداوە سیاسییەکانی کوردستان هاوپێچی رووداوگەلێکی دێرین و ئێستای ئەوروپا دەکات.
رەوتی لوولپێچ وەک لە ناوەکەیەوە دیارە، بەشێوەی لوولپێچی رووداوەکان بەناویەکدا چوون، ئیستا و رابردوو تێکەڵبوون، دەبێ توێ توێ بکرێن. توێژەر سەبارەت بەم تەکنیکە دەنووسێ: (لەم تەکنیکەدا رۆماننووس یاریی بە رەوتەکانی زەمەن دەکات و زەمەنەکان تێکدەشکێنێت، بە جۆرێک رابردوو و ئێستا تێکەڵ دەکات و لە هەمان کاتدا بەرەو ئایندە دەچێت). لە رۆمانی (دەفتەری پیرانی غەمناک) باسی بڵاوبوونەوەی پەتایەک لە شار، لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٠)دا دەکات، گوایا پیرەکان هۆکاری گواستنەوەی پەتاکەن، پیرەپیاوێک، کە کارەکتەری سەرەکییە رادەکات و لە خانوویەکی دەرەوەی شاردا نیشتەجێ دەبێت، لەوێوە دەرفەتی ئەوەی دەبێت بە یادەوەرییەکانی خۆیدا بچێتەوە. رۆماننووس بە شێوەیەک رۆمانەکەی داڕشتووە، کە لە ئێستاوە دەستپێدەکات و بەرەو ئایندە دەڕوات، لەو نێوەندەشدا چەند زنجیرە پچڕانێک دروست دەکات و لە ئێستاوە دەگەڕێتەوە بۆ رابردوویەکی دوور و پاشان بۆ ئێستا دەگەڕێتەوە.
لە تەوەری دووەمدا توێژەر چوار شێوەی گێڕانەوە (زنجیرەیی، تێکهەڵکێش، نۆرەیی و بازنەیی)، لە رۆمانەکاندا باس دەکات، زنجیرەیی کە کۆنترینیانە، بەشێوەی کرۆنۆلۆجی رووداوەکان دەخرێنەڕوو، بەڵام تێهەڵکێش بڕین و گەڕانەوە و دەستپێکردنەوەی تێدایە، نۆرەییش دوو چیرۆکە و بەشێوەی نۆرە دەگێڕێتەوە، لە رۆمانی (مەرگی مەیموون)دا، دوو چیرۆکمان هەیە، لە دوو شوێنی جیاوازی سلێمانی و لەندەن روودەدەن. شێوەی بازنەییش لە خاڵی کۆتایی رووداوەکانەوە دەستپێدەکات و بەشێوەی فلاشباک دەگەڕێتەوە سەرەتا، ئەمەش لە رۆمانی (خەونی پیاوە ئێرانییەکان)دا دەبینین.
کاریگەریی رووداوە سیاسییەکان
بەشی سێیەم، باسی کاریگەریی رووداوە سیاسییەکان لەسەر بنیاتی بەشێک لە توخمەکانی گێڕانەوەی رۆمانەکان دەکات، سەرەتاش باسی کاریگەرییەکان لەسەر کارەکتەر دەکات. توێژەر پێیوایە بنیاتی هونەری لە رۆمانەکانی رۆماننووسدا بەرزە، لایەنی سیاسی رۆمانەکە ئاستی هونەری نزم نەکردۆتەوە، بەڵکو بواری رۆچوونی بە ناخی کارەکتەرەکان رەخساندووە. لە رۆمانی (کەوتنی بۆرەقەڵا...)دا، مەلیک کەیکاوس گەنجێکی شیک و قسەخۆش، دوومانگ بەر لەکۆتایی جەنگ ناپاڵمی فڕۆکە جەنگییەکان دەیدا لە چێشتخانەکەی مەلیک، تەواوی جەستە و رووخساری مەلیک دەسووتێ: (سەر و کەلـلەی سووتانێک سووتابوو کە دەموچاوی رێک لە پارچە لاستیکێکی تواوە دەچوو. چاوانی جوانی مەلیک وەک زەمانێک دەیانوت، خوشکی خۆی بۆی حەیران دەبوو، وەک ئەوەی دوو هەڵمات بن و بە دیوارەوە لکێنرابن، زەق ببوون). ئەم رووخسارە ئیستا خۆی لە چاوی ئەوانیتر دەشارێتەوە، قسەخۆشەکانی جارانی نەماوە، لەم بینینەوە رۆدەچێتە لایەنی دەرونی کارەکتەرەکان. لە تەوەری دوودا باسی کاریگەریی رووداوی سیاسی لەسەر بنیاتی شوێن دەکات، بۆ نموونە لە (خەونی پیاوە ئێرانییەکان)دا لە دوای رووداوی کوشتنی منداڵانی «شامالا» و کوشتن و هەتککردنی «ئیشماعیلۆڤی» هاوڕێی «ئیلیا»، ئیدی «ئیلیا» نیشتیمانی لەبەرچاو دەکەوێت بڕیار دەدات ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت، ئەمەش کاریگەریی رووداو لەسەر پەراوێزخستنی شوێن دەردەخات، لەبەرئەوە شوێن کاریگەریی لەسەر رووداو و رووداویش کاریگەریی لەسەر شوێن هەیە. لە تەوەری کۆتاییشدا بە وردی باسی کاریگەریی رووداوە سیاسییەکان لەسەر کات دەکات، ئەنجامی نامەکەش بە دە خاڵ دەخاتەڕوو، کە گرنگترینیان: (رەوتی داکشاو فراوانتر لە رەوتەکانی تر لە رۆمانەکانی رۆماننووسدا پەیڕەوکراون، رۆمانی «دەفتەری پیرانی غەمناک» تەنیا رۆمانە، کە رەوتی لوولپێچی تیدا رەچاوکراوە، دەسەڵاتی بگێڕەرەوە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ هەمووشتزان و هەمانشتزان دابەشکراوە. رۆماننووس لە شێوەکانی گێڕانەوە پەنای بۆ شێوەی زنجیرەیی نەبردووە، شێوەی تێهەڵکێشیش لەهەموویان زیاتر رەچاوکراوە. هونەری وەسف بۆ روونکردنەوە و تیشکخستنەسەر کاریگەریی رووداوە سیاسییەکان لەسەر باری دەروونی و کۆمەڵایەتی کارەکتەرەکان بەکارهاتووە. بیر و ئایدۆلۆجیای رۆماننووس بەشێوەی راستەوخۆ لە رۆمانەکاندا رەنگیداوەتەوە، رووداوە سیاسییەکان کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بنیاتی هونەری و هزری و دەروونی کارەکتەرەکان هەبووە، هاوکات لە رووداوەکانی کوردستاندا رۆماننووس زۆر نەچووەتە ناو وردەکارییەکانی شوێنەوە.