(خۆئاگایی) دیارە و ئاشکرایە وەک لوتکەی شاخی سەهۆڵی ناو دەریا، (پێشخۆئاگایی) بەشێکی کەمی شاخەکەیە کە کەوتۆتە ژێر ئاوەکە، بەڵام بەشی هەرە زۆری شاخەکە لە تاریکایی قوڵی دەریاکەدایە و مرۆڤ خۆی نازانێ چیی تێدایە، یان ئەوەی تێیدایە نایەتەوە بیری، بەڵام هەندێ رەفتار و کرداری هەیە، کە پەیوەندیی بەو بەشەوە هەیە و لەوێوە هەڵدەقوڵێ
دەروونشیکاری (psychoanalysis) بریتییە لە تیۆرییەکی دەروونناسی کە (د.سیگمۆند فرۆید) لە ساڵەکانی1880وە، وردە وردە بناغەکانی دانا و گەشەی پێدا. دوای (فرۆید) و تا ئەمڕۆ، چەندین شێوازی چارەسەری دەروونی لەدایکبوون کە بیر و ئایدیاکانی لە سەرچاوەی دەروونشیکارییەکەی (فرۆید)ەوە، جۆگە هەڵدەگرن، ئەم پرۆسەی بەردەوامی گەشەکردنی سروشتیی دەروونشیکارییە، لە ئەوروپا و ئەمریکا، هەزاران دەروونناس درێژەی پێدەدەن، بەڵام شێوە ئەسڵییەکەی کە (فرۆید) بەکاریدەهێنا، ئێستا زۆر کەمبۆتەوە، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا، بۆ یەک سەعات چـارەسەری دەروونی بە شێوازی (فرۆید)یی ئەسڵی، دەبێت 80 بۆ200 یۆرۆ بدەیت!
(فرۆید) وەک پزیشکێکی پسپۆڕی مێشک و دەمار، تیۆرییەکەی هەڵقوڵاوی ئەزموونەکانی بوو، لەگەڵ ئەو نەخۆشانەی کە چەندین سکاڵا و نیشانەی جەستەیی و دەروونیان هەبوو، بەڵام ئەو و پزیشکەکانی تریش، هیچ نەخۆشییەکی جەستەییان لە مێشکی ئەو نەخۆشانەدا نەدەدۆزیەوە و نەیاندەتوانی بە دەرمان و شێوازی تری چارەسەری جەستەیی، چارەسەریان بکەن. شکستی چارەسەری بنەڕەتیی ئەم نەخۆشانە و گیرخواردنی پزیشکەکان و (فرۆید) خۆیشی پێیانەوە، (فرۆید)ی هاندا، بگەڕێ بە دوای هۆ و چارەسەری ریشەیی نەخۆشییەکە، کە لە سەردەمی ئەودا هیستریایان پێدەوت.
(فرۆید) بە پرسیارکردن و وتووێژی قوڵ و سەرنجدانی چڕ و پرسیاری ورد، لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و بەسەرهاتەکانی منداڵی و دواتری نەخۆشەکانی، دەستیکرد بە چارەسەرکردنی دەروونییان کە زۆرجار هەفتەی پێنج رۆژ بۆ چەند ساڵێک درێژەی دەکێشا! هاوتەریب لەگەڵ چارەسەری دەروونیی نەخۆشەکانی، کەوتە رۆچوون و رامانی هزری و خوێندنەوەی مێژوی یۆنانی کۆن و ئەفسانەکانی مرۆڤایەتی، هەروەها کەوتە لێکۆڵینەوەی پزیشکی و دەروونی لەسەر نەخۆشەکانی، ئەنجامی کۆتایی کار و خەباتی پراکتیکی و تیۆریی پتر لە چل ساڵی (فرۆید)، داهێنان و دانانی دەروونشیکاری بوو، کە پێش خۆی هیچ پزیشک و دەروونناسێک پەی بە بابەتی وا نەبردبوو. ئیتر (فرۆید) دەروونشیکاریی وەک جۆرێکی نوێ و کاریگەریی چارەسەریی دەروونی سەرکەوتووانەی، لەگەڵ نەخۆشەکانییدا بەکاردەهێنا و بە دانان و بڵاوکردنەوەی چەند کتێبێک لەسەر وردەکاریی دەروونشیکاری، ناوبانگی بە ئەوروپا و دواتر بە هەموو دنیادا بڵاوبۆوە.
لەئەمڕۆدا دەروونشیکاریی لە سێ بەش پێکهاتووە:
1/شێوازێکە یان جۆرێکی زۆر تایبەتە لە چارەسەری دەروونی بە وتووێژی قوڵ و فرەلایەنی دەروونشیکاری لەگەڵ نەخۆشکەی.
2/ گەنجینەیەکی مەزنی زانیاریی تیۆریی و پراکتیکی دەربارەی دەروونشیکاریی لە دنیادا کۆبۆتەوە.
3/ دەروونشیکاری ئێستا بۆتە شێوازێک بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی.
نوێگەرییەکانی تەنیا تایبەت بە (فرۆید) ئەمانە بوون:
1/ دابەشکردنی دەروونی مرۆڤ(نەک مێشکی!) بۆ سێ بەش، کە بەردەوام لە پەیوەندییکردندان لەگەڵ یەکتر: (خۆئاگایی و پێشخۆئاگایی و ناخۆئاگایی). (خۆئاگایی) واتە، مرۆڤ، دەوروبەر و هەست و سۆز و بیروڕاکانی هەمووی بەردەستن و (هۆش) ئاگای لێیانە، بۆیە قسەکانی و کاردانەوە و رەفتارەکانیشی ئاسایی و چاوەڕوانکراوە. (پێشخۆئاگایی) واتە، بیروڕا و بیرەوەرییەکان بەردەست نین و کەسەکە دەبێت بیر و دەروونی تەواو چڕبکاتەوە، لەسەر ئەو بابەتەی دەیەوێ بیڵێ و بیکات. (پێشخۆئاگایی)، وەک ئەو دەرگایە وایە، کە لەسەر حەز و چێژ و هەست و سۆزە قەدەغەکراوەکان پێوەدراوە و ناهێڵێت بێنەدەرەوە و کارا بن، لە شێوەی رەفتارێکی عەیبە و قەدەغەکراو و ناپەسەند و چاوەڕواننەکراو، لای دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەکە. (ناخۆئاگایی) کە (فرۆید) زۆرترین کاری لەسەر کردووە، ئەو بەشەیە لە دەروون، کە وەک کۆگای دەرگا داخراوی غەریزە سروشتییەکانی سێکس و توندوتیژیی و توڕەیی و دەستوەشانە، هەروەها کۆگای بیر و هەست و سۆزە قەدەغە و نەخوازراوەکان و بیرەوەرییەکانی برینداربوونی دەروونییە لە منداڵیدا لەلایەن ئەندامانی خێزان و دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەکەوە. چاودێرێک/ پاسەوانێکی دەروونی لە (پێشخۆئاگایی)دا، ناهێڵێت هەموو ئەو نیشانە و هێما و حەز و ئارەزوو و چێژوەرگرتن لە ژیان بە واتا فراوانەکەیەوە، هەروەها ئەو بیر و هەست و سۆزە چڕ و خەست و خۆڵانە بێنەدەرەوە و خۆیان دەربڕن، ئا ئەم پەنگخواردنەوە و کپکردن و سەرکوتکردن و (repression) خۆدەرنەبڕینەیە، کە دەبێتە هۆی گرژی و هەڵچوون و توڕەیی و توندوتیژیی یان قەلەق و نیگەرانی و ترس و دڵتەنگی و راڕایی و بیرکردنەوەی زۆری بێ ئامانج و بێ سوود.
(فرۆید) دەڵێت: (خۆئاگایی) دیارە و ئاشکرایە وەک لوتکەی شاخی سەهۆڵی ناو دەریا، (پێشخۆئاگایی) بەشێکی کەمی شاخەکەیە کە کەوتۆتە ژێر ئاوەکە، بەڵام بەشی هەرە زۆری شاخەکە لە تاریکایی قوڵی دەریاکەدایە و مرۆڤ خۆی نازانێ چی تێدایە یان ئەوەی تێیدایە نایەتەوە بیری، بەڵام هەندێ رەفتار و کرداری هەیە، کە پەیوەندیی بەو بەشەوە هەیە و لەوێوە هەڵدەقوڵێ. لە بازنەی داهاتوودا باسی ئەوەتان بۆ دەکەم چۆن بەشە تاریک و نوتەکەکەی دەروون، واتە ناخۆئاگایی رووناک دەکرێتەوە!