روونکردنەوەیەک لە بارەی پەیوەندییەکانی دکتۆر قاسملو و مام جەلال و نەوشیروان مستەفا

10:36 - 2022-07-19
وتار
725 خوێندراوەتەوە

عومەر عەبدوڵڵا محەمەد (ملازم عومەر)

له سایتی ئاوێنه بابەتێکم خوێندەوە لەسەر خوالێخۆشبوان مام جەلال و کاک نەوشیروان کە گوایە دەستیان هەبووە لە تیرۆرکردنی (شەهید قاسملو) و هاوڕێکانیدا.
بەر لە هەموو شت، پێم ناخۆشبوو لە سایتی ئاوێنە کە خاوەنی رێزو جێگەی متمانەی خەڵکە، ئەو هەواڵە چەواشەکەرە بڵاوبێتەوە. بابەتەکە سەرلەبەری ناڕاستە و بەندە وەک شایەتحاڵێکی ئەو مێژووە بە ئەرکی خۆمی ئەزانم روونکردنەوەی لەسەر بدەم.
لە دڵمەوە خەفەتبارم کە مام جەلال و کاک نەوشیروان لە ژیاندا نەماون، هەتا بەرگری لە خۆیان بکەن و بە بەڵگەی زیندوو وەڵامی ئەو تۆمەتە ناڕەوایانە بدەنەوە. من بە ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی خۆمی دەزانم کە وەک شایەتحالێک و وەک ئەوەی ئاگاداری ڕوداوەکەم، لەڕێی ئەم روونکردنەوەیەوە وەڵامی ئەو هەواڵە ناڕاست و هەڵبەستراوە بدەمەوە بۆ مێژوو.
مام جەلال و کاک نەوشیروان و بەندە هاوڕێی زۆر نزیکی شەهید دکتۆر قاسملو بووین. بەندە زۆر سەرسام بووم بە توانا و زیرەکی و لێهاتوویی دکتۆر قاسملو کە دکتۆرای لە زانستی ئابووریدا هەبوو، بەڵام شارەزایی لە زۆربەی بوارەکاندا هەبوو، بەتایبەتی ئەدەب و هونەری کوردی. پەیوەندیمان بە جۆرێک بوو، کە ساڵی 1985 لەسەر ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، بەندە دەستملەکارکێشایەوە، بەڕێز مام جەلال دکتۆر قاسملوی ڕاسپاردبوو کە قسەم لەگەڵدا بکات بۆ کارکردنەوە لەگەڵ یەکێتی.
لە کۆتایی ساڵی 1982 دا، کە هێرشی گەورە کرایە سەر حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی ئێران، لە حزبی دیموکرات، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی ئێران بوو هات بۆ لامان بۆ ناوزەنگ، داوای یارمەتی و هێزی لێکردین، خوالێخۆشبوان مام جەلال و کاک نەوشیروان و بەندە وەکو بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری لەگەڵیدا کۆبوینەوە.
راستەوخۆ مام جەلال فەرمانیدا کە هێز کۆبکەینەوە و بەندە وەکو بەرپرسی هێزەکانی یەکێتی چووم بۆ هاوکاری حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران. بە هێزێکی 2 هەزار کەسی بەشداری شەڕەکانمان کرد. ئەو بەڕێزانەی کە لە ناو حزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە لە ژیاندا ماون، شایەتحاڵی ئەو رووداوەن. تەنانەت کە شەڕەکان توند بوون، مام جەلال هاتە دیوی کوردستانی ئێران لەگەڵ شەهید دکتۆر قاسملۆ پێکەوە سەرپەرشتی شەڕەکانیان دەکرد.
سەبارەت بەشەهیدکردنی دکتۆر قاسملۆ لە ساڵی 1989 دوای ئەنفالەکان، ئەو زەمەنە کاک نەوشیروان لە دەرەوەی وڵات بوو؛ هیچ ئاگای لە گفتوگۆی حزبی دیموکراتی ئێران نەبوو. کاک نەوشیروان ئەو کات لە فەرەنسا بوو. شەهید قاسملۆ لە پاریس کاک نەوشیروانی دیبو و پێی وتبوو ماوەیەک لە پاریس بمێنەرەوە لە رێگەی دکتۆر کەنداڵەوە ئیقامەی فەرەنسات بۆ وەردەگرم. واتە کاک نەوشیروان دووربوو لە گفتوگۆکانی نێوان دەوڵەتی ئێران و دیموکرات.
بەڕێز مام جەلال لەسەر داوای دەوڵەتی ئێران کەوتە نێوان دەوڵەت و حزبی دیموکراتی ئێرانەوە. جەولەی یەکەمی گفتوگۆکەیان لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا لە ماڵی کاک خەبات کەریم مەعروف دەستی پێکرد؛ مام جالال، کاک خەبات و چەند کادرێکی ئەو زەمانەی (ی.ن.ک) راسپارد لە چەند ژوورێک دانیشن بەدەمانچەوە بۆ پاراستنی دکتۆر قاسملو.
کاتێک مام جالال گەڕایەوە بۆ کوردستان، ئەو زەمانە لە قاسمەڕەش بووین لەسەر سنووری عیراق و ئێران، باسی گفتوگۆکانی بۆ مەکتەبی سیاسی گێڕایەوە؛ مام جەلال وتی وەفدی ئێرانی گەڕاونەتەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی ئەنجامی گفتوگۆکانیان بە بەرپرسانی سەروو خۆیان بڵێن.
دوای ئەوە، مام جالال لە رێگەی ئێرانەوە بە نیازی سەفەر بوو بۆ دەرەوەی وڵات. مام جەلال پێش رۆشتنی بۆ ئێران، نامەی بۆ د.قاسملو نووسی کە ئەو زەمەنە بارەگاکانیان لە بناری قەندیل بوو، بۆی نووسیبوو لە تاران بەرپرسانی ئێرانی دەبینم و قسەیان لەگەڵ دەکەم لەسەر دانیشتنی دووهەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێوە و نوێنەرانی دەوڵەتی ئێران کەی و لەکوێ دەست پێبکاتەوە. بۆ دکتۆر قاسملۆی نووسیبو، کات و شوێنی کۆبونەوەکە بە بروسکە بۆ ملازم عومەر دەنێرم و ئەویش بە نامە جەنابتی لێئاگاداردەکاتەوە.
نووسینگەی تارانی (ی.ن.ک) جیهازی راکاڵی لێبو. دوای ماوەیەک لە سەفەرەکەی، مام جەلال بروسکەی بۆ کردم، نووسیبووی کەوا ئێرانیەکان (بەتایبەت سوپای پاسداران کە سەرقاڵی گفتوگۆکان بوون) وتویانە هەرکات بەتەواوی گەیشتینە رێکەوتن، ئەوکات دەیخەینە بەردەست (ئیمام خومەینی)؛ کە ئەو فتوای لەسەردا ئیتر ئیتڵاعات و هیچ لایەنێک ناتوانن لە د‌ژی بوەستنەوە.
پاش ماوەیەک، سوپای پاسداران بە مام جەلالیان وتبوو کە هەندێک کادری یەکێتی لە شاری سەردەشت بڵاویان کردۆتەوە کە وا حزبی دیموکراتی ئێران بەنێوەندگیریی (ی.ن.ک) خەریکن لەگەڵ دەوڵەتی ئێران رێک دەکەون؛ ئیتڵاعات پێیان زانیوە و کارەکەیان لێتێکداوین، ئێستا هیچ ئامادەییەکمان نییە بۆ دانیشتنی گەڕی دووهەم. مام جەلال بە بروسکە ئەمانەی بەمن گەیاند، تەنانەت وتی ئەمەش بۆ د.قاسملو بنووسە کە ئێرانیەکان بەڕاستیانە، یان دەیانەوێ ئێمە (واتە مام جەلال و ی.ن.ک) لە دانوستانەکان دوورخەنەوە. من هەموو پەیامەکەی (مام جەلال)م بە نامە وەک خۆی بۆ (د.قاسملو) نارد.
دوایی دەرکەوت ئێرانیەکان بە(د.قاسملو)یان راگەیاندبوو کە ئێمە سوپاسی (ی.ن.ک) و مام جەلال دەکەین کە ئێمەیان بە یەک گەیاند؛ بەڵام ئێمە هەردوولامان ئێرانین و پێویستمان بەنێوەندگیری نەماوە. پێشبینیەکەی مام جەلال راست دەرچوو کە وا ئێرانییەکان ویستویانە مام جەلال و (ی.ن.ک) لە نێوەندگیری دووربخەنەوە، بۆئەوەی بتوانن بەئاسانی پیلانی تیرۆرکردنی (د.قاسملو) جێبەجێبکەن.
دەرکەوت جەولەی دووهەمی دانیشتنەکەیان بەبێ ئاگاداری مام جەلال و یەکێتی، لە ماڵی (شەهید فازیلی مەلا مەحمود) بوو، جگە لە (د.قاسملو، و د.فازیل)، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتیشیان شەهید کرد و چوونەڕیزی شەهیدانی کورد و کوردستانەوە. بەداخەوە شەهیدبونی دکتۆر قاسملو گورزێکی کوشندەی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە ناوچەکە و بەتایبەتی یەکێتیدا لەو سەردەمەدا.
پاش شەهیدکردنی دکتۆر قاسملۆ، خێزانەکەی کە خەڵکی چیک بوو، دوو کچیشی لێی هەبوو، لە دادگا شایەتیدا و وتی کە وەسێتی بۆ ئێمە کردوە کە ئەو پارانەی لە بانک هەیەتی، هی خۆی نییە، هی حزبی دیموکراتە و دەبێت تەسلیمی حزب بکرێتەوە. تەنانەت کتێبخانەکەی خۆیشی لە وەسێتنامەکەیدا پێشکەشی حزی دیموکرات کردبوو.
تێبینی: چەندین نامەی دەستخەتی سەردەمی پێشمەرگایەتیم لای خۆم پاراستووە. لێرەدا هەندێکی کە پەیوەندیدارە بەپەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و دیموکرات، بەتایبەتی هاوکاری سەربازی یەکێتی بۆ دیموکرات لە کۆتایی ساڵی 1982 دا بڵاودەکەمەوە.
نامەی 1 بۆ 4 (دکتۆر قاسملو-سکرتێری حزبی دیموکراتی ئێران).
نامەی 5 بۆ 8 (دکتۆر سادقی شەرەفکەندی جێگری دکتۆر قاسملو بوو، پاش شەهیدبوونی دکتۆر قاسملو، دکتۆر سادق بوو بە سکرتێر هەتا ساڵی 1992 کە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا شەهید کرا. دکتۆر سادق ناوە حزبیەکەی سەعید بوو، دکتۆرای لە فەڕەنسا خوێندبوو لە کیمیادا، برای هەژاری شاعیر بوو).
نامەی 9 بۆ 14 (سەرکردەکانی تری حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی ئێران).
نامەی ١٥ بۆ ٢٦ (نامەکانی مام جەلال لە بارەی هاوکاری سەربازی یەکێتی بۆ دیموکرات).

درود بۆ گیانی پاکی شەهید قاسملو و شەرەفکەندی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

 

وتارەکانی نوسەر