بەخشینی نمرە بۆ سەر کۆنمرەکان

11:04 - 2022-07-19
پ.د. وەلی‌ مەحمود حەمەد
340 خوێندراوەتەوە

لەسەردەمی رژێمى عیراق و دواتريش دواى پێكهێنانى حكومەتى هەرێم، مامەڵەيەكى تايبەت لەگەڵ كۆنمرەی خوێندكاران دەكرا. 
ئەو بنەمايە زۆر زانستى نەبوو و لە زەمانى شەڕى عیراق و ئێران زەقكرايەوە، بەمەبەستی كەمكردنەوەى تێچووى تاقيكردنەوەكان بوو. واتە ئەگەر خوێندكارێك لە ساڵى يەكەمى پۆلى شەشى ئامادەيى لە خولى يەكەمى تاقيكردنەوەكان دەرچووبايە ئەوا 3 نمرە دەخرايە سەر (تێكڕاكەى واتە معدەلەكەى). 
خۆ ئەگەر لە ساڵى يەكەم لە خولى دووەم دەرچووبوايە ئەوا تەنها 2 نمرەى بۆ دەخرايە سەر. هەندێك جار خوێندكار مۆڵەتى وەردەگرت ياخود بە هۆکاری گونجاو بۆى ئەژمار دەكرا، ساڵى دووەميش هەر داواى دەكرد كە نمرەى بۆ زياد بكرێت. 

چۆن دەبێت خوێندکار لە 100 زیاتر بێنێت؟
زۆرجار تێكڕا نمرەى دەرچوويەكى پۆلى شەشى ئامادەيى نمرەكەى دەگەیشتە زیاتر لە 100، ئەمەش زۆر جێى سەر سوڕمان بوو، چۆن دەبێ خوێندكارێك تێكڕاكەى 103 لە 100 بێت، يان چۆن ئەو هەموو خوێندكارە تێكڕای نمرەكانيان بۆتە 100 لە 100 کە بەهۆى زيادكردنى نمرەكەوە واى لێدەهات. 
لە كابينەى 8 ى حكومەتى هەرێم، بە هۆكارێك بە ساڵى نەكەوتن (عدم رسوب) بۆ خوێندكاران ئەژماركرا. ئەوكات وايان بڵاوكردەوە كە وەزيرى پەروەردە بەڵێنی ئەوەى دابێ بە خوێندكارەكان كە ساڵى دواتر واتە ساڵى دووەم هەر 3 نمرەكەيان بۆ دەخرێتە سەر تێكڕاكەيان. 
بەڵام لە ساڵى دووەم ئەوەنەكرا و هەندێك گردبوونەوە و گلەيى و گازندەى خوێندكارانى لێكەوتەوە. واتە بوو بە بابەتى (ميديا) و شەقام، خەريك بوو دەبوو بە گوشار و تداخلى حزبی، چونكە حكومەتى هەرێم بە مؤسەساتى بەڕێوەنە دەبرا و حزبەكانى بەشدار هەريەكە بەلای خۆيدا رايان دەكێشا، يان دەيانويست کەمووکووڕیی وەزارەتێك يان حكومەت بخەنە ملى حزبى نەيار. 

ئێمە ئەو بڕیارەمان هەڵوەشاندەوە
ئێمە ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا، لە كۆبوونەوەيەكى ئەنجومەندا لە كابينەى 8 ى حكومەت، تیایدا بابەتى وەرگرتنى خوێندكاران و پلانى وەرگرتن تاووتوێ کرا، پێشتر لە بەرنامەیەکدا دیتم كۆمەڵێك خوێندكارى گەنج دانيشتبوون لەگەڵ چەند بەڕێوەبەرێكى گشتى وەزارەتى پەروەردە، پێشكەشكارەكە پرسيارێكى لە يەكێك لە بەڕێوەبەرە گشتیيەكانى پەروەردە كرد، كە بۆچى وەزير پەشيمان بۆتەوە لە پێدانى نمرە بە دەرچووانى پۆلى شەشەمى ئامادەيى، ئەويش ويستى وەزير و خۆى دەرباز بكات، وتى ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە نمرەكان دەدەين، بەڵام لە وەزارەتى خوێندنى باڵا سەرۆكى زانكۆكان ناهێڵن، منيش چونكە هيچ زانياريیەكم لەسەر بابەتەكە نەبوو نەشمزانى بۆچی ئەو قسەيە دەكات، وتم لەوانەيە ئاگادار نەبم با نەكەومە دڵەڕاوكێ و بەيانى دەپرسم لە سەرۆك زانكۆكانى تر.

هەر كەسێك لە كاركردنیدا لە هەر شوێنێکدا بێت و زانیاری‌ ورد و باشی هەبێ و خۆی ماندوو بکات، ئەوا دەتوانێت کاریگەریی لەسەر گۆڕینی خراپەکان هەبێت

لە كۆبوونەوەکەدا كە هاتينە سەر ژمارەى خوێندكارانى دەرچووى ئامادەيى و زۆریى نمرەى بەرز و چۆنێتى پلان دانان بۆ ناوەندى وەرگرتن، دەستم بەرزكردەوە بۆ جەنابى وەزير و وتم دەمەوێ پرسيارێك بكەم لە سەرۆك زانكۆكان ئايا كامتان وتوتانە كە ئێمە رازى نابين وەزارەتى پەروەردە نمرە زياد بكات بۆ تێكڕاى دەرچووانى شەشەمى ئامادەيى ئەمساڵ بۆ بابەتى (عدم رسوبەكان)، هەموويان وتيان كەس راى ئێمەى وەرنەگرتووە و ئاگادارى ئەم كارەنين.
دواتر کەوتمە پرسیارکردن لەوەی کێ ئەمەی بڕیارداوە؟
هەردوو لێپرسراوى (قبول المركزي) پێشوو تازە لە كۆبوونەوەكە بوون، وەزير داواى كرد كە ئەو دوو بەڕێزە قسەبكەن و روونی بکەنەوە كێيە نمرە دەدات ئێمەين ياخود وەزارەتى پەروەردە، لێپرسراوەكانى ناوەندى وەرگرتن 180 پلە جياواز بوون لەسەر بابەتەكە، چونكە ئەوەى پێشوو وتى ئێمەين نمرەكە دەدەين ئەوى تازەكەش ووتى پەيوەندى بە ئێمەوە نيیە، بەڵکو وەزارەتى پەروەردە دەیدات. 
گفتوگۆ لەسەر ئەمە چڕ بۆوە، باس لەوە کرا كە لە كوێى دونيا شتى وا هەيە نمرەى خوێندكار زيادبكرێت لە خولێك و لە خولێكى تريش نا، چونكە خوێندكار بە ياسا و رێنمايى مافى ئەوەى هەيە دواتر بەشدارى تاقيكردنەوە بكات و لە كام خول بيەوێت.

رۆڵی کەسێتی لە کارکردندا گرنگە 
بڕياردرا لیژنەيەك بۆ ئەم بابەتە و چەند بابەتێكى تر سەردانى وەزارەتى پەروەردە بكەن و راگەياندراوێكيش دەربكەن كە وەزارەت و سەرۆكى زانكۆكان هيچ پەيوەندیيان بە زيادكردنى كۆنمرەى خوێندكارانى دەرچووى شەشەمى ئامادەيیەوە نيیە. بڕياردرا بە هاوبەشى لە نێوان هەردوو وەزارەت كە ئيتر ئەمساڵ دوايين ساڵ دەبێ كەوا نمرەى خوێندكاران زيادبكرێت و لە ساڵى دواتر ئەم بابەتە بە تەواوى رادەگيرێت. من خۆم خاوەنى وروژاندنى بابەتەكە بووم كەوا كەس نايزانێ بۆ دەدرێت و كێ ئەم بڕيارەى داوە، بنەماكەى و هۆكارەكەى چیيە؟ 
ئيتر لە ساڵى دواترەوە بابەتى زيادكردن و بەخشينى نمرە راگيرا. 
بۆيە پێم وايە رۆڵى هەر كەسێك لە كاتى كاركردنيدا ئەگەر لەناو دەستەيەك ياخود ئەنجومەنێك و لیژنەيەك بێت، بەڵام زانيارى وورد و باشی هەبێ و بە خۆماندووكردنەوە بيەوێ كارەكانى بكات، ئەوا رۆڵى دەبێ و خاوەن راو سەرنج و بۆچوونى خۆى دەبێ. 
توانيمان كارێكى نا زانستى و ناڕاست نەهێڵين و بیگەڕێنینەوە سەر رێڕەوە راست و ياسايیكەى خۆى كە خوێندكار چەندى نمرە هێنا هەر ئەوە دەبێ. 

وتارەکانی نوسەر