کادری حزبی دەبێت چۆن بێت؟

09:37 - 2022-07-25
نەسرین کوردە
661 خوێندراوەتەوە

 زۆربەی ئەزموونی کەسە شۆڕشگێرەکان و حزبییەکان  سەلماندوویانە  کە رێکخستنی  بەهێز و  چالاک  فاکتەری  سەرخستنی  هەر حزبێک  و گەیاندنی  بە ئامانج،  کادری دڵسۆزە،  جا بۆ ئەوەی ئەو رێکخستنانە  سەرکەوتووبن  پێویستە  کادری چالاک و شارەزا و هەڵسوڕێنەریان  هەبێت.
هەر حزبێک  کە دێتە مەیدانی  خەباتەوە  تووشی  چەندان  تەنگوچەڵەمە و گرفت و نشوستی دەبێت، جگە لە ململانێی سیاسی  هەمیشەیی، بۆیە پێویستە هەردەم کادری چالاک و دڵسۆز ئامادە بێت بۆ بەرەنگاربوونەوە.
بە پێچەوانەشەوە  ئەگەر خاوەنی ئەو جۆرە کادرانە نەبێت، بێگومان دەبێت بەلاوازی و دوور لە گۆڕانکارییەکانی نێو کۆمەڵگە رەفتار بکەن کە ئەمەش ئەنجامەکەی تیاچوون و لاواز بوونە.                یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،  هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە هەوڵێکی زۆری داوە تا هەمیشە سەرقافڵەی سەروەریی کوردستان بێت، بۆ ئەم مەبەستەش پشتی بەهێزی لەبن نەهاتووی جەماوەر و کادرە لێهاتووەکانی بەستووە، لە ریزی سەرکردە و رێکخستن و راگەیاندن و پێشمەرگەدا، سەدان لەو دڵسۆزانە بە خوێنی خۆیان درێژەیان بە کاروانی پڕ سەروەریی یەکێتی  داوە، مێژووی خەبات و ئەلبومی پڕ سەروەریی شەهیدان شاهیدی ئەو راستییەن.
 دەبێت بزانین  کادر ئەو کەسەیە کە رۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە بەرەوپێشچوون و فراوانکردنی پێگەی جەماوەریی  حزب لەسەر گۆرەپانی  خەباتی سیاسی. هەر حزبێک  گەر بیەوێت جێگەی لە نێو کۆمەڵگەدا بکاتەوە پێویستە لە هەموو بوارەکاندا کادری لێهاتوو و هەژمووندار پەروەردە بکات،   دەبێت کادر رۆشنبیر و شارەزا بێت  لەسەر مێژووی سیاسی نەتەوەکەی و جیۆپۆلۆتیکی نیشتمانەکەی، هەمیشە هەوڵبدات بۆ بەرەوپێشچوونی ئەو کارەی بۆی دیاریکراوە. 
تووشی گومان و راڕایی نەبێت و لە بەئەنجام گەیاندنی کارەکانیدا زۆر دڵسۆز بێت، هەرکارێک پێی هەڵدەسێت قاڵبووی ئەزموونێکی  باش بێت، جا ئەگەر پراکتیک بێت یا تیئۆری، دەبێت کادری بەرپرس  لە هەڤاڵانی خوار خۆی زۆرتر بە ئاگا بێت، لە کاتی نزیک بوونەوەی هەر مەترسییەکدا ژیرانە رووبەڕووی ببێتەوە و فاکتەری هۆشیارکردنەوەی هەڤاڵانی چواردەوری خۆی بێت و خاوەن بڕیار بێت لەکاتی پێویستدا.       
کادری بە ئەمەک و دڵسۆز، پێویستە لەناو بەرژەوەندییەکانی حزبدا بەرژەوەندییەکانی خۆی  ببینێتەوە. 
 تایبەتمەندییەکانی کادر  لەسەرخۆ و دان بەخۆداگر بێت، کەسانی  چواردەوری باش بناسێت و باوەڕی بەکارەکەی هەبێت و هەست بە لێپرسینەوە بکات،  رێکخەر بێت نەک تێکدەر، رێز لە مرۆڤایەتی بگرێت، دەروونناس بێت و پاک بێت و بتوانێ چواردەوری خۆی بناسێت، کرداری باشی هەبێت بۆ حزبەکەی،  چونکە ئەم تایبەتمەندییانە مەرجن بۆ هەموو کادرێک  لەهەر بوارێکدا کار بکات، یان هەر پلەیەکی حزبی هەبێت،   جگە لەوانەش داینەمۆی هزری کادر  ئەوەیە چۆن بتوانێت  خۆی رۆشنبیر بکات کە ئەوەش یەکێکە لە  پێویستییەکانی  ژیانی رۆژانەی کادر.

 

تایبەتمەندییەکانی کادر  لەسەرخۆ و دان بەخۆداگر بێت، کەسانی  چواردەوری باش بناسێت و باوەڕی بەکارەکەی هەبێت و هەست بە لێپرسینەوە بکات،  رێکخەر بێت نەک تێکدەر

وتارەکانی نوسەر