کەم میللەت هەیە وەکو ئێمە بەردەوام بووبێ لە خەبات کەچی تاوەکو ئەمڕۆ خاوەنی قەوارە و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی نەبێ.
لەم بابەتەدا دەگەڕێمەوە بۆ 150 ساڵ لەمەوبەر، کە بێ پسانەوە و بەردەوام راپەڕین و ناڕەزایی و قوربانیدان هەبووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان.
هەرچەندە جۆری راپەڕینەکان و خەبات و هەوڵەکان بەپێی قۆناغەکانیان ئامانجی جیاوازییان هەبووە، هەیان بووە ناوچەیی و دیاریکراوبوون، هەشیان بووە بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی و ئازادی و سەربەخۆیی بوون.
لە بەشی زۆریاندا دەستی دەرەکی هەبووە لە کپکردنەوەیان، بەڵام لە هەندێکیشیان لاوازیی ریزەکانی ناوخۆ و تا رادەیەک خیانەت هۆکاری شکست و سەرنەکەوتنەکان و نەگەیشتن بوون بە ئامانج.
هۆکاری ناتەبایی ناوماڵی کورد، کاریگەرترین هۆکار بووە کە راپەڕین و هەوڵەکان بە ئامانج نەگەیشتوون.
ئەگەر بەراوردێک لە نێوان ئامانجەکانی خەباتی چەندین ساڵە و چۆنێتی حکومڕانیکردنی خۆماڵی لەم هەرێمە لە ماوەی (30) ساڵی رابردوودا بکەین، ئەوا چەند پرسیارێکمان لا دروست دەبێت.
- ئایا ئێمە تەنها مەبەستمان ئەوە بوو ببین بە خاوەنی باڵەخانەی بەرز و کۆمپانیا و فرۆشتنی نەوتی ژێر زەوی کوردستان تاوەکو (جیاوازییەکی گەورە لە نێوان چینەکانی حکومڕان لەگەڵ بەشێکی بەرچاوتری کۆمەڵگە دروست بکەین)؟
- ئایا دوای 150ساڵ خەبات تەنها بۆ ئەم دەستکەوتانە باب و باپیرانمان خەبات و قوربانییان داوە؟
- ئەرێ خەباتگێڕانی میللەتەکەمان و سیاسییەکان و حکومڕانانی ئەمڕۆی هەرێم، توانیویانە نەوەی خەباتگێڕی رابردوو بە (نەوەی دوای راپەڕین) ئاشنا بکەن و ئاوێتەی یەکتریان بکەن؟
- بەرپرسانی ئەمڕۆ کە بەشێکیان پێشمەرگە و کادر و خەباتگێڕی دوێنێ بوون، توانیویانە لەوە تێبگەن کە میللەتانی تری پێشکەوتوو لە سەرتاسەری جیهان بە کام رێگا و رێباز توانیویانە نەوەی تازە وەباربهێنن؟ لەوە تێگەیشتوون کە پەروەردەیەکی نیشتمانی و هاوچەرخ بەردی بناغەی مانەوە و پێشکەوتنە؟
لەوانەیە بڵێن بۆچی بە رەشبینی باسی ئەم بابەتە دەکەم، ئەوە نییە زۆر خزمەتگوزاریی بەرچاو کراوە (چەندین باڵەخانەی بەرزمان هەیە، دەیان کۆمپانیای بواری نەوت و ئاوەدانی کار دەکەن و بە سەدان پەرلەمانتاری خانەنشین و پلەی تایبەتمان هەیە و چەندین شەقام و رێگا و پردمان هەیە و...هتد) بەڵام لەمانە گرنگتر دروستکردنی گیانی تەبایی و یەکڕیزی و ئاراستەکردنی دروستە بەرەو ئامانجەکانی خەبات.
بۆیە پێویستە کە بەرپرسانی ئەم هەرێمە دوو شتی گرنگ لەبەر چاو بگرن.
یەکەمیان، بەستنەوەی نەوەی ئەمڕۆ بە نەوەی خەباتگێڕان و رابردوو تا دەست بە دەستکەوتەکانەوە بگرین و تەواو ئاوێتەی یەکترببن.
ئەمەش بە قسە و وتار ناکرێت، بەڵکو بە (پلان، کردار، لەخۆبوردن) دەکرێت.
دوەوەمیان، پەروەردەیەکی راست و دروست و سەردەمیانە و نیشتمانیانەیە کە لە سەرجەم کار و بەرنامەکانی تر گرنگتر و هەنوکەیی ترن.
با هێندە دڵمان خۆش نەبێ بە تاوەر و باڵەخانە و دەرهێنانی نەوت، بەڵکو دەبێ نەوەی تازە دروست بکەین، چونکە زەمانەتی مانەوە و پاراستنی دەستکەوتەکان پەروەردە و فێرکردنە.
با هێندە دڵمان خۆش نەبێ بە تاوەر و باڵەخانە و دەرهێنانی نەوت، بەڵکو دەبێ نەوەی تازە دروست بکەین، چونکە زەمانەتی مانەوە و پاراستنی دەستکەوتەکان پەروەردە و فێرکردنە