رەتکردنەوەی کەلتوری کوردەواری نوێگەرییە؟

11:43 - 2022-08-03
پ.د. وەلی‌ مەحمود حەمەد
623 خوێندراوەتەوە

کەلتوری هەر میللەتێک رەنج و بەرهەمی کۆکراوەی رەسەنی ژیانی رابردوویەتی. دەکرێت و دەتوانین بڵێین کەلتوری میللەتان ئاوێنەی دیتنی ژیانی چەندین ساڵەی پشتاوپشتیانە. بەپێی کات و شوێن و هەلومەرجەکانی ژیان گۆڕانکاری بەسەر کەلتوردا دێت و هاتووە. 
بڕێک لە هەڵسوکەوت و داب و نەریت دەگۆڕدرێن، بڕێکی تر شوێنیان دەگرنەوە. 
گێڕانەوەی هەندێک لەو داب و نەریت و شتە کەلتوریانە، بوونەتە جێگای شانازی نەوەی تازە و میللەتان. ئەوان چەند دەوڵەمەند بن بە کەلتور، مانای ئەوەیە رەسەنن و بەهرەمەند و بەرهەمهێن بوون لە ژیان و رۆڵیان لە شارستانییەتیدا هەیە. ئەگەر ئەم کەلتورە جێگای رێز و شانازی نەبن بۆچی بۆنە و ئاهەنگ و چالاکی جۆراوجۆر و یاد و یادەوەریان بۆ دەکەن و لە سەرتاسەری دونیا ڤیستڤاڵ و چالاکی بۆ ڕێکدەخرێت و کەلتورەکانیان نیشانی یەکتر دەدەن؟ 
نەمانی هەندێک داب و نەریتی کەلتوری کە نامێنن و لەناودەچن، دەبنە جێگای سەرنج و رەخنەگرتن لە نەوەی تازە کە بۆچی نایانپارێزن و 
گرنگیان پێنادەن؟ 
راستە لە نێوان نەوەکاندا جیاوازی بۆچوون و هەڵسوکەوت هەیە (صراع الاجیال) لە هەموو کۆمەڵگەکاندا هەیە. 
بە تێپەڕبوونی کات هەندێک لە داب و نەریتی کەلتوری کاڵدەبنەوە و لەناودەچن، بەڵام هەرگیز بەو مانایە نابێت کە ئیتر هەموو داب و نەریتێکی کەلتوری دەبێت لەناوببررێن و رەخنەیان لێبگیرێت و بە دواکەوتوویی ئەژمار بکرێت. 
ئەگەر ئەمە بکرێت ئەوە تووشی هەڵەیەکی کوشندەی مێژوویی دەبنەوە و زیان بە رابردووی میللەتەکەیان دەگەیەنن. 
لەم سەردەمەی تەکنەلۆجیا و سۆشیاڵ میدیادا هەستدەکەین نەوەی تازە بەلێشاو دژایەتی کەلتورە مێژووکردەکەیان دەکەن و رەخنە و دژایەتیکردنەکان بنەمایەکی ئەوتۆیان نییە و نەوەی تازە خۆشیان قازانجی لێ ناکەن. بۆ نموونە رێزی بچووک بۆ گەورە لە کەلتوری کوردەواری بووە. 
بەڵام لەم سەردەمەدا ئەم رێزگرتنە وەکو جاران نییە، مامۆستا هەست بە بێڕیزی خوێندکارەکانی دەکات، ژنان جاران لە هەرکاتێک و شوێنێک وەک دایک و بەخێوکەر و یەکەم وێستگەی پەروەردە رێزیان لێ دەگیرا. 

پاراستنی دابونەریتی کوردەواری ناساندنی نەتەوەی کوردە

جاران ئەگەر لە کۆڵانێک خێزانێک پرسەی هەبوایە، ماڵە دراوسێکانیان بۆ رێز و هاوخەمی و دڵنەوایی و هەماهەنگی، ئاهەنگیان نەدەگێڕا و دەنگی رادیۆ و تەلەفزیۆنیشیان بەرز نەدەکردەوە. 
 ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە و شێواندنی، لەبەریەک هەڵوەشاندنی کۆمەڵی کوردەواری لێدەکەوێتەوە، چونکە رێز و دڵنەوایی جۆرێک لە خۆشەویستی دروست دەکات، هەمووشمان دەزانین ئەگەر کەسێکی خۆشەویست قسەیەکی سادەت بۆ بکات زۆر بە باشی و بە ئاسانی لێی وەردەگریت و لە یادیشت ناچێت، چ جای ئەوەی کەسێک وەکو چاکەی کۆمەڵایەتی و گشتی بانگهێشتت بکات بۆ کارێک یان رێبازێک، کە خۆشەویست بوو لات شتەکانی لێوەردەگریت و گوێڕایەڵیشی دەکەیت. 
سروشتی مرۆڤ وایە لەوکاتانەی هەست بە ئاسوودەیی دەکات ئەوکات ئامادەیە قوربانیشی لەپێناودا بدات. کەواتە هەموو کەلتورەکانی کوردەواری بەو جۆرە خراپ و زیانبەخش نیین، کە دژایەتی بکرێن و بسڕدرێنەوە. سەیری گەلی ژاپۆن بکەن لە چ ئاستێکی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زانست و ئابووریدان، بەڵام دەستبەرداری ئەم کەلتورەیان نەبوون، کەواتە رەتکردنەوەی کەلتوری کوردەواری زیانی زیاترە لە قازانج و بە مانای  نوێگەری نایەت. 

وتارەکانی نوسەر