رۆڵف دۆبێڵێ
لە فارسییەوە: محەمەد كەریم
(12)
بۆچی دەبێت قەبارەی كڕینمان كەم بكەینەوە و ئەزموونمان زیاد بكەین؟
بە بینینی ئوتومبیلەكەت چەندە چێژ دەبینیت؟ لە سفرەوە تا دە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەرەوە. ئەگەر ئوتومبیلت نییە، لەم پرسیارەی سەرەوەدا خانووەكەت بخەرە شوێنی، تەنانەت ئەگەر خانووشت نییە، دەتوانیت لاپ تۆپ، پاسكیل یان شتێكی دیكە بخەیتە شوێنی. لە تاقیكردنەوەیەكی دەروونزانیدا نۆربێرت شوارز (Norbert Schwarz) و دانێڵ كۆنمان (Daniel Kohneman) و تینگ شی (Jing xu)، ئەم پرسیارەیان لە ماتۆڕسواران كرد و وەڵامەكانیان لەگەڵ بڕی ئەو پارانەدا بەراورد كرد كە دابوویان بە ماتۆڕەكانیان، بۆیان دەركەوت خاوەن ماتۆڕەكان هەرچەندە پارەی زیاتریان دابێت بە ماتۆڕەكانیان زیاتر خۆشیاندەوێت و چێژی زیاتر لە سواربوونی دەبینن. ئەگەر بمەوێت نموونەیەكی تر بهێنمەوە دەبێت بڵێم (BMW7) بەراورد بە فۆردی ئیسكۆرت (Ford Escort)، چێژێكی زیاتر بە كڕیارانی دەدات، نەك لەبەرئەوەی مواسەفاتی زیاتری هەیە بەڵكو تەنیا لەبەرئەوەی گرانترە و ئەوانەی هەیانە پارەی زیاتریان پێداوە. بەدەربڕینێكی دیكە هەرچەندە دەگمەنتر بێت باشترە. ئەگەر كەسێك پارەیەكی زیاتری دابێت بە هۆكارێكی گوێزانەوە یان هەر شتێكی دیكە بە بەها لەقەڵەمی دەدات و چێژ لە بینینی دەبینێت.
ئێستا دەمەوێت پرسیارێكی جیاوازتان لێبكەم:
كە دوا سەفەرت بە ئوتومبیلەكەت كرد تا چەند لێی رازیبوویت؟ لەو تاقیكردنەوەیەدا كە لەسەرەوە باسكرا دەروونزانان ئەم پرسیارەیان لە خاوەنی ماتۆڕە لۆكسەكان كرد و دووبارە وەڵامەكانیان لەگەڵ ئەو پارەیەدا بەراورد كرد كە دابوویان بە ماتۆڕەكانیان، سەبارەت بە پرسیاری دووەم هیچ پەیوەندییەك لە نێوان ماتۆڕەكە و رەزامەندیی خاوەنەكانیاندا لەو سەفەرەی پێیان كردبوو، بەدینەدەكرا. وێڕای ئەوەش زۆربەیان باسی ئەوەیان دەكرد هیچ لە سەفەرەكەیان رازی نەبوون و ترافیك لێی تێكداون.
وەڵامەكانی بەشدارانی تاقیكردنەوەكە بۆ پرسیاری یەكەم ئەوە نیشاندەدات هەرچەندە پارەی زیاتریان دابێت بە ماتۆڕەكە و لۆكستر بێت هەستێكی خۆشتریان هەیە. لە كاتێكدا وەڵامی پرسیاری دووەم ئەوە نیشاندەدات هیچ پەیوەندییەك لە نێوان چێژبینین لە سەفەرەكە و نرخی ماتۆڕەكەدا نییە. لەوانەیە ئەو پرسیارەت لەلا دروست بێت، ئاخر چۆن شتی وادەبێت؟
سەبارەت بە پرسیاری یەكەم بە ئاسانی مێشكت تەنیا تەركیزی لەسەر خودی ماتۆڕەكە و ماهیەتەكەیەتی، بەڵام سەبارەت بە پرسیاری دووەم تەواو بیر لە شتی جیاواز دەكەیتەوە، بۆ نموونە تەلەفۆنێكی ناوەخت كە لە كۆمپانیاكەتەوە كراوە، یان ترافیك یان شۆفێرێكی گەمژە كە لەبەردەمتدایە. لە راستیدا كاتێك بەدیاریكراوی بیر لە ئوتومبیلەكەت دەكەیتەوە هەست بە خۆشحاڵی و رەزامەندیی دەكەیت، بەڵام كاتێك لێی دەخوڕیت لەوانەیە ئەو هەستەت نەبێت كە ئەمەش دیسان دەگەڕێتەوە سەر هەڵەی تەركیز كە لە بەشی پێشوودا بەتەواوی بۆم باسكردن.
زیادەڕەوی دەكەیت
هەڵبەتە نابێت ئەم مەسەلەیە تەنیا بدەینە پاڵ هۆكاری گواستنەوە. هەڵەی تەركیز كاریگەری لەسەر هەموو كڕین و سەرمایەگوزارییەكانت دەبێت. بەدەربڕینێك كاتێ بیر لە (X) دەكەیتەوە سەبارەت بەو كاریگەرییەی (X) دەتوانێت لە ژیانتدا هەیبێت زیادەڕەوی دەكەیت. ئیتر ئەو (X)ە هەر شتێك یان هەر كەسێك بێت، بۆ نموونە ڤێلایەك، تەلەفزیۆنێكی پلازمای گەورە، كاتێك بیر لەو پارەیە دەكەیتەوە كە پێت داوە، شانازیی بە خۆتەوە دەكەیت كە ئەو كەسە یان ئەو شتەت لەبەردەستدایە، بەڵام ئەگەر تەركیز لەسەر قسەی رۆژانە یان بەكارهێنانی ئەو شتە بكەیت، هەست دەكەیت ئەوانەی پێشوو كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نییە لەسەر خۆشحاڵیت. تەنانەت بەجۆرێك دژی پێشكەوتنت لێك دەدرێنەوە و لە كۆتاییدا هەوڵدان بۆ هێشتنەوە و پاراستنیان بارت قورس دەكەن و بەدبەختت دەكەن.
لەوانەیە باوەڕكردن بە شتێكی ئاوا بەلاتەوە قورس بێت. لەو حاڵەتەدا باشتر وایە نموونەیەكت بۆ بهێنمەوە: وایدابنێ كۆشكێكی رازاوەت لە كەناری شارە كەشوهەوا خۆشەكان كڕیوە و بە درێژایی سێ مانگی یەكەم تیایدا دانیشتوویت و بە هەر پانزە ژووری كۆشكەكەت خۆشحاڵ بوویت و هەموو شتێك بەلاتەوە جوان و سەرنجڕاكێشە، بەڵام دوای سالێك كۆشكەكەت هەموو جوانی و سەرنجڕاكێشییەكی یەكەمجاری لەدەستدەدات و ئیتر لەبەرچاوت ئەوەندە جوان و سەرنجڕاكێش نییە و سەرقاڵی چەند بابەتێكی گرنگتریت. بێگومان كۆمەڵێ مەسەلە لە دنیای دەرەوەی تۆ گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و ئیتر ناچار نیت لە بینایەكی كرێ لەناو شاردا بژیت، ئێستا خاوەنی باخێكی رازاوە و كۆشكێكی پانزە ژووریت. بێگومان خانوویەكی ئاوا گەورە بەتەنیا خۆت ناتوانیت پاكی بكەیتەوە و ناچاریت باخەوانێك و پاكەرەوەیەكی بۆ بگریت. سەرەڕای ئەوەش لە شار دوور كەوتوویتەتەوە، لە جیاتی بڕینی ماوەیەكی بیست دەقەیی هەتا كتێبفرۆشیی ناوەندی شار، دەبێت یەك سەعات بەڕێگەوە بیت تا دەگەیت، ئەگەر بتەوێت بە باشی سەیری مەسەلەكە بكەیت، هەستدەكەیت كۆشكەكەت كۆمەڵێ سەرئێشەی بۆ دروستكردوویت و لەوانەیە لە شادی و بەختەوەریشتی كەمكردبێتەوە.
بەرگرتن بە زەرەر قازانجە
هەڵبەتە ئەم نموونەیە تەواو خەیاڵی بوو، بەڵام لە ژیانی واقیعیشدا شتی وام دیوە. یەكێك لە هاوڕێكانم كەشتییەكی هەبوو، بەڵام ماوەیەكی زۆر بەرگەی نەگرت و خێرا فرۆشتی. لەوانەیە ئەو ئیشەی هاوڕێكەم گەمژانە بێتە بەرچاوت، بەڵام مرۆڤ هەر كاتێك بەر بەزەرەر بگرێت قازانجی كردووە. هاوڕێكەم باوەڕی وایە باشترین رۆژەكانی خاوەنی كەشتییەكی خۆشگوزەرانی دوو رۆژە. ئەو رۆژەی دەیكڕێت و ئەو رۆژەی دەیفرۆشێت.
هەروەكو دەبینیت دەبێت باشی و خراپی هەر شت و هەر كەسێك لەبەرچاو بگریت و تەنیا خەرجی مادی و مەعنەوی كە بۆ بەدەستهێنانی ئەو شتە یان ئەو كەسە دەیدەیت چاوت كوێر نەكات. هەڵبەتە كۆمەڵێ مەسەلەش هەن هەرچەندە پارەیان تێدا خەرج بكەین قازانج دەكەین و بە تێپەڕبوونی رۆژگار قەت پەشیمان نابینەوە، وەكو ئەزموون وەرگرتن، ئەگەر ئەزموونێكی چێژ بەخشت هەبێت، دڵ و مێشكت بەرەو لای دەفڕێت. كەواتە باشتر وایە لە جیاتی شت و كەسەكان تەركیز لەسەر ئەزموون بكەیت. دەبێت ئاگامان لەوە بێت ئەزموون بۆ ئێمە خەرجییەكی كەمتری دەوێت و ئاسایی دژی پێشكەوتنمان لێك نادرێتەوە. ئەزموون لە رێگەی خوێندنەوەی كتێب و سەفەر لەگەڵ خێزان و تێكەڵاوی لەگەڵ هاوڕێیاندا بەدەستدێت. هەڵبەتە بۆ بەدەستهێنانی هەندێك ئەزموون پێویست دەكات خەرجی زۆر بكەیت، وەكو سەفەر بەدەوری دنیادا یان سەفەر بۆ بۆشایی ئاسمان. ئەگەر كەسێك دەرەقەتی خەرجی ئەم جۆرە سەفەرانە بێت، باشتر وایە پارەكانی لەم رێگایەدا خەرج بكات نەك ئەوەی بڕوات كۆمپانیای ئوتومبیلی پۆرش (Porcshe) دابنێت.
كار و ئەزموونی باڵا
تەنانەت لە هەندێ كاتدا دەشێت ئیشكردنیش ئەزموونێكی باڵا بێت بۆت. هەندێ كات ئیشەكەت یارمەتیت دەدات بۆ ئەوەی مێشكت زیاتر لەسەر خۆی بێت و فكرت روونتر و لۆجیكیتر بێت. هەروەها ئیشكردن فێرت دەكات لەگەڵ كەسانی دی ئیش بكەیت و بۆ ماوەیەكی زۆر تەركیزت بپارێزیت. هەڵبەتە لەوانەیە ئیشكردن لەگەڵ كەسانی دی ئەوەندە بەلاتەوە خۆش نەبێت و بە ئاسانی گیرۆدەی دڵەڕاوكێ و قسەی پووچ بیت و واز لەوە بهێنیت.
ئەم مەسەلەیە یەكێكە لەو هۆكارانەی منی بەرەو نووسین برد. من حەزم لە نووسینە و زۆر كات لەبەر دڵی خۆم هەندێ شت دەنووسم. حەزم لە كتێب خوێندنەوەشە و لە بینین و خوێندنەوەی كتێبی تازە زۆر چێژ دەبینم و بەردەوام بۆنی دەكەم، بەڵام لەگەڵ كڕینی كتێبی تازەدا ئیتر واز لە وردبوونەوە لە كتێبە كۆنەكە دەهێنم و دەچم بەلای كتێبە تازەكەوە.
بە باوەڕی من هیچ ئیشێك لەوە گێلانەتر نییە كە چەندین سەعات بۆ ئیشێك تەرخان بكەیت كە چێژی لێ نابینیت، بەڵام پارەیەكی زۆرت لێی دەستدەكەوێت و ئەو پارەیە دەدەیت بە شتی بێكەڵك و هیچ. وارین بێفت بە شێوەیەكی تر ئەم مەسەلەیە دەردەبڕێت: «ئیشكردن لەگەڵ كەسانێكدا كە هیچ ئاسوودە نیت لەگەڵیاندا و تەنیا لەبەر خاتری پارە ئیشیان لەگەڵ دەكەیت، وەكو زەماوەندێك وایە لەبەر خاتری پارە كە بەهەرحاڵ بیرۆكەیەكی خراپ و گێلانەیە، بەڵام ئەگەر ئێستا پارەت هەیە و لەبەر پارەی زیاتر خۆت دەخەیتە ناڕەحەتییەوە، گومانت نەبێت تۆ شێتێكی عەیار بیست و چواریت.»
نابێت رۆژە ناخۆشەكان زیاتر بن
ئێستا كە سەبارەت بە هاوسەری قسە هاتە ئاراوە باشتر وایە خاڵێكت بۆ باس بكەم. هاوسەری دەشێت خۆی ئەزموونێكی باش بێت بۆت. ئەوەت لەبیر بێت پەیوەندییەك كە ناتوانێت بەختەوەرت بكات تەواو گێلانە و بێكەڵكە، نابێت بەبیانووی نەبوونی بژاردەیەكی باشتر یان لەبەر قسە و رای كەسانیتر بچیتە ژێر باری. لە راستیدا بۆ هیچ شتێك نابێت پەلە بكەیت، دیارە ئەوە راستە لە هەموو پەیوەندییەكاندا رۆژانی ناخۆشیش هەیە، بەڵام هەمیشە ئەوەت لەیاد بێت نابێت رۆژە ناخۆشەكان لە رۆژە خۆشەكان زیاتر بن و زۆر جار هەست بە ناخۆشی بكەیت. بە دەربڕینێكی دیكە ئەگەر هەوری گەردەلوول دەركەوت هەوڵ بدە ببینیت كێشەكە لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە و لەگەڵ یەكتری پێكبێن، بەڵام ئەگەر هەوڵەكانتان نەگەیشتە ئەنجام، كاتی ئەوەیە كۆتایی بە پەیوەندییەكەتان بێنن. هەڵبەتە دەزانم لەوانەیە بەلاتەوە قورس بێت واز لە یەكێك بهێنیت كە ساڵانێكی زۆر لەگەڵیدا ژیاویت، بەڵام چارەیەكی ترت نییە و هەرچی زووتر بەر بە زەرەر بگریت قازانجت كردووە.
لە كۆكردنەوەی قسەكانمدا دەبێت بڵێم سەبارەت بە بەها و رۆڵی كاڵاكان لە باشكردنی ژیانتدا زیادەڕەوی مەكە و لە گرنگی ئەزموون غافڵ مەبە. هەمیشە ئەوەت لەبیر بێت چێژ و خەیاڵی باش كە لە كڕینی شتێكەوە دەستت دەكەوێت بە زوویی لەناو ژیانی رۆژانە و كێشەكانیدا ون دەبێت، بەڵام سەبارەت بە ئەزموون ئەم بابەتە تەواو جیاوازە و ئەزموونەكانت قەت كۆن و بێكەڵك نابن. لەوانەیە ئێستا مەسرەفت كردبێت و خاوەنی ئوتومبیلی لیمۆزینی گرانبەها بیت، بەڵام ئاگات لێبێت خۆت ون نەكەیت و بە ئاگاییەوە بەكاری بێنە و چێژی لێ ببینە. لەوانەیە هەموو رۆژێك پاكی بكەیتەوە و بیكەیت بە ئاوێنە، یان لەوانەیە خەیاڵت لەسەر شتێكی وەكو پێڵاوی پاژنەبەرزی سوور بێت و هەموو شەوێك خەونی پێوە ببینیت، بەڵام بەهەرحاڵ هەوڵبدە لۆجیكی بیت و تووشی هەڵەی تەركیز نەبیت. هەمیشە ماوەی زەمەنی درێژخایەن لەبەرچاو بگرە و بزانە ئایا ئەو شتە لە درێژخایەندا سوودی دەبێت بۆت یان نا.
سەرچاوە: كتێبی هنر خوب زیستن
كڕینی کەشتی گرانبەها تەنیا بۆ دوو رۆژ خۆشە