م.ی. غەریب عەلی سەلیم*
کێشە ئەمنی و سەربازییەکان کاریگەریی نەرێنییان هەیە لەسەر کەرتی گەشتیاری و وادەکات جووڵەی گەشتیاری و چالاکی و سەرمایەگوزاری و پەرەپێدانی گەشتیاری سست ببێت، یان تەواو بوەستێت کە راستەوخۆ کار لەسەر بڵاوبوونەوەی بێکاری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکات.
راپۆرتێکی رێکخراوی گەشتوگوزاری نێودەوڵەتی (WTC)، ئاماژەی بە کاریگەریی قەیرانە جۆراوجۆرەکان لەسەر ئاستی کەرتی گەشتیاریی جیهان کردووە، شارەزایان هۆکاری جۆراوجۆریان شیکردۆتەوە، لەوانە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکان، کارەساتی ژینگەیی، نائارامی سیاسی و سەربازی.
راپۆرتەکە دووپاتی کردۆتەوە کە کاریگەریی نائارامی سیاسی و سەربازی توندترین کاریگەرییە لەسەر کەرتی گەشتیاری، بەو پێیەی ماوەی بوژانەوە بۆ بازاڕی گەشتیاری لە وڵاتێکدا کە بەر شۆکی سیاسی و سەربازی کەوتووە دەگاتە 27 مانگ، ئەمەش بەو مانایەیە کە گەشتیاریی لەو وڵاتانەی کە تووشی ململانێی سیاسی و سەربازی درێژخایەن بوون، زیاتر لەو وڵاتانە زیانیان پێدەگات کە کاریگەریی مەترسییە ژینگەیی و تەندروستییەکانیان لەسەرە. جیاوازیی نێوان وڵاتان لە خێرایی گەشەی گەشتیاری و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی کە پلەی متمانەیە و بەردەستبوونی بارودۆخی سەلامەتی و ئەمنی و سەقامگیریی سیاسی گرنگترین هۆکارن بۆی، کەواتە فاکتەری سەرەکی بۆ پاشەکشەی گەشتیاری نائارامی سیاسی و سەربازییە. بەو مانایەی لە هەر شوێنێک ئاژاوە و نائارامی سیاسی و سەربازی هەبێت، کەرتی گەشتیاری جێماوە.
هۆتێل و کۆمەڵگە گەشتیارییەکان
بەهۆی كرانەوەی هەرێمی کوردستانی عیراقەوە بە رووی ئابووریی وڵاتانی جیهاندا، کوردستان خاوەنی چەندین کەرتی گەشتیارییە کە دەتوانرێت پەرەی پێبدرێت بۆ ئەوەی ئەو کەرتانە بەشدارییەکی بەرچاو لە هەمەجۆرکردنی ئابووریدا بکەن، بە نموونە: بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ، خزمەتگوزاریی، لە نێو ئەمانەدا کەرتی گەشتیاری وەک کەرتێکی زیندووی تایبەت دیارە، چونکە هەرێمی کوردستانیش خاوەنی چەندین ناوچەی گەشتوگوزاری سروشتی و مرۆیی سەرنجڕاکێشە بۆ گەشتیاران، کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق و ئێرانەوە روو لە ناوچە گەشتیارییەکان دەكەن. جگەلەوەی بەپێی ئامارێک نزیکەی 750 هۆتێل و مۆتێل و کۆمەڵگە و پارکی گەشتیاری هەیە، زیاتر لە هەزار و 500 چێشتخانە و رێستۆرانت و کافێ و زیاتر لە 600 کۆمپانیا و نوسینگەی گەشتیاری لە هەرێمدا کاردەکەن، بە گوێرەی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، تەنها لە ساڵی 2024دا زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار وەبەرهێنان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان کراوە، هەروەها خاوەنی دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و چەند دەروازەیەکی سنووری رەسمییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا.
هەڵکشان و داکشانی داتاکان
بەڵام ئەم توانایانە وەک دەبینرێت ناسەقامگیریی بارودۆخی سیاسی و سەربازی و ئابووریی ناوچەکە کاریگەریی تەواوی لەسەر ئەم کەرتە هەیە، چونکە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عیراق، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک یەکێک لە مەترسیدارترین و نائارامترین ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەست پێدەکرێت.
بەپێی ئەو داتایانەی لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی گەشتوگوزار تۆمارکراون لە مــــاوەی نێوان ســــاڵانی (2007 - 2024)دا هەڵکشانێکی خێرا و بەردەوام لە هاتنی گەشتیاراندا بۆ هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بە جۆرێک ژمارەکە لە 377 هەزار و 397 گەشتیار بۆ ساڵی 2007، لە ساڵانی دواتردا ئەم ژمارەیە زیادیکردووە و بە پێی بارودۆخی ئابووری و سیاسی و خزمەتگوزاری و تەندروستی لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەخۆوە بینییووە.
بۆ نموونە: ژمارەی گەشتیاران لە ساڵی 2013دا بەردەوام روو لە هەڵکشان بووە و گەیشتۆتە دوو ملیۆن و 952 هەزار و 27 گەشتیار، ئەویش بەهۆی سەقامگیری بارودۆخی سیاسی و سەربازی و ئابووریی ناوچەکە و بەرزبوونەوەی ئاستی رۆشنبیرییەوە، بەڵام لە ساڵانی (2014 - 2015)دا ژمارەکە یەک بەدوای یەکدا کەمیکردووە بۆ یەک ملیۆن و 529 هەزار و 434 گەشتیار لە ساڵی 2014دا و بۆ 782 هەزار و 251 گەشتیار لە ساڵی 2015دا، ئەوەش بەهۆی هاتنی گروپی تیرۆریستی داعش و داگیرکردنی بەشێکی فراوان لە عیراق، بەتایبەتی پارێزگاکانی موسڵ و سەلاحەدین و دیالە و بەشێک لە یەکە کارگێڕییەکانی کەرکوک و دواتریش هێرشکردنە سەر پارێزگاکانی هەرێم کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیار و بارودۆخی ئابووری هەبوو.
فاکتەری سیاسی و سەربازی بەهێزترە
دواتر لە ساڵی 2016دا لە ئەنجامی لاوازبوون و نەمانی داعش دووبارە ژمارەکە رووی لە زیادبوون کردووە و گەیشتۆتە یەک ملیۆن و 603 هەزار و 400 گەشتیار. جارێکیتر لە ساڵی 2017دا ژمارەی گەشتیاران کەمی کردووە ، ئەویش بەهۆی تێکچوونی پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی نێوان هەولێر و بەغداد و ئەنجامدانی ریفراندۆم و داخستنی فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیەوە.
دوای ئەوە ساڵانە بەردەوام ژمارەی گەشتیار رووی لە هەڵکشان بووە، تاوەکو بەدیاریکراوی ساڵی 2020 لەرووی کەمیی ژمارەی گەشتیارەوە هەمان سیناریۆی ساڵی 2014 دووبارە بووەوە و ، تەنها 845 هەزار و 747 گەشتیار هاتۆتە کوردستان، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (COVID19) و کەرەنتینە و داخستنی سنوورەکانەوە، بەڵام ئەگەر ئێمە بەراوردێک بکەین لە نێوان ژمارەی گەشتیارانی ساڵی 2014 و ساڵی 2020، بۆمان دەردەکەوێت کە فاکتەرە سیاسی و سەربازییەکان کاریگەرییان زیاترە لەسەر جووڵە و ژمارەی گەشتیاران وەک لە فاکتەری تەندروستی.
لە جەنگدا هێڵی ئاسمانی لە کار دەکەوێت
هەروەها بەپێی راگەیەندراوی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم، داخستنی ئاسمانی عیراق بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا ژمارەی ئەو گەشتە ئاسمانیانەی هەڵوەشاوەتەوە لە هەردوو فڕۆکە خانەی هەولێر و سلێمانی 1283 گەشتی هاتن و چوون بوون، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بە رووی فرۆکەخانەی هەولێر و سلێمانیدا زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری دەگەیەنێت، چونکە وەک لای ھەمووان ئاشکرایە یەکێک لە دەروازە گرنگەکانی ئابووری لە سەرتاسەری جیهاندا فرۆکەخانەیە، بە جۆرێک دەتوانێت سوودی زۆر بە ئابووریی وڵات بگەیەنێت بە تایبەتی لە رووی گەشتیاری و بازرگانییەوە.
کار دەکاتە سەر بازاڕیش
لەژێر رۆشنایی ئەو بارودۆخە سیاسی و سەربازییەی لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا هاتۆتە ئاراوە، هەروەها قەیرانی ئابووری و دارایی و پێنەدانی مووچە بۆ ماوەیەکی زۆر لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانی دارایی گەورە بۆتەوە بووە هۆی وەستانی جووڵەی بازاڕی گەشتیاریی لە زۆربەی پرۆژە گەشتیارییەکان، دواجار ئەم مەترسییە رۆژ بە رۆژ لە هەڵکشاندایە، بە جۆرێک پسپۆڕانی بواری ستراتیژی و سیاسی و ئەمنی، هەروەها شارەزایانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، پێشبینی دەکەن ئەگەر جەنگەکە درێژە بخایەنێت لێکەوتەی گەورەی لەسەر جووڵەی ئابووریی و گەشتیاریی و بەرزبوونەوەی دیاردەی هەڵئاوسان هەبێت، لەبەر ئەوەی دوای ئەو بارودۆخە سیاسی و سەربازییەی لە ناوچەکەدا روویداوە، زۆربەی ئەو گەشتیارانەی دێنە ناوچەکە خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عیراق و وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێرانن، ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەرتی ئابووری بە گشتی و کەرتی گەشتیاری بەتایبەتی دەبێت، چونکە ئەو کاتە هەرێمی کوردستان و ناوچە گەشتیارییەکانی بە نائارام دێنە دەناسرێن، لە ئەنجامدا زیانێکی زۆر بە ئارامی و ئابووری و ئایندەی گەشتوگوزار و کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت و کاریگەریشی دەبێت لەسەر بازاڕ و گرانیی شتومەک.
*خوێندکاری دکتۆرا
لەبواری بەبازاڕکردنی گەشتوگوزاردا/ زانکۆی سلێمانی