كاك قوباد تاڵه‌بانی هاواره‌

05:37 - 2023-06-27
ژینگە
1420 جار خوێندراوەتەوە

د.كارزان محه‌مه‌د*

زۆر له‌مێژه‌ وێڵی دوای به‌رپرسێكی باڵای حكومه‌تم له‌ مه‌ترسییه‌كانی پیسبوونی ژینگه‌ بكۆڵێته‌وه‌، به‌رله‌وه‌ی دووچاری كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ ببین كه‌ له‌ ئێستادا نیشانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى ده‌ركه‌وتووه‌، بوێرانه‌ بڕیار بدات به‌پێی پڕۆگرامێكی زانستی و مه‌یدانی، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بپارێزێت كه‌ (باری بوزان) به‌ ئاسایشی ژینگه‌ ناوزه‌دی كردووه‌. 
خۆشحاڵ بووم چه‌ندینجاره‌ گوێم لە هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی كاك (قوباد تاڵه‌بانی) جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌بێت كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی ژینگه‌ و رێگه‌گرتن له‌ مه‌ترسییه‌كانی ده‌كاته‌وه‌.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش،‌ به‌ئومێدم وه‌ك به‌رپرسێكی باڵای حكومه‌ت، چه‌ندین تیمی چالاك بۆ وه‌رگرتنی را و سه‌رنجی پسپۆڕان و پاشان جێبه‌جێكردنی بژارده‌كان پێكبهێنێت. لێره‌دا چه‌ند پێشنیازێكیش ده‌خه‌مه‌ڕوو:
-ته‌رخانكردنی وانه‌ی تایبه‌ت به‌پاكوخاوێنی و پێكهێنانی تیم له‌ناو باخچه‌كانی مناڵان و قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی، تا له‌و قۆناغه‌وه‌ ‌ فێری رێزگرتن له‌ ژینگه‌ ببن.
-هاندانى داواكاری گشتی بۆ تۆماركردنی سكاڵا له‌سه‌ر هه‌ر كۆمپانیایه‌ك كه‌ ده‌بنه‌مایه‌ی پیسبوونی ژینگه‌. 
-پێویسته‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی جموجۆڵی ئۆتۆمبێل، ده‌یان پاسی مۆدێرن بۆ هاتوچۆی گشتی بهێنرێت، ئۆفه‌رێكیش بخرێته‌به‌رده‌م پاسی هێڵه‌كانی ناوشار له‌پێناوی به‌رزكردنه‌وه‌ی مۆدیلی پاسه‌كانیان، له‌ هه‌ندێ باجی مرور ببه‌خشرێن.
-گه‌وره‌ترین گرفتی ژینگه‌، زۆری له‌ به‌كارهێنانی نایلۆنه، رۆژانه‌ سه‌دان ته‌ن زه‌رف و سفره‌ و... له‌لایه‌ن هاووڵاتیان به‌كاردێت. پێویسته‌ حكومه‌ت به‌تایبه‌ت له‌هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی، زه‌رفی نایلۆن قه‌ده‌غه‌ بكات له‌بری كاغه‌ز به‌كاربهێنرێت. هه‌روه‌ها چیتر رێگه‌ به‌فرۆشتنی زه‌رف و قاپی سه‌فه‌ری نه‌درێت، چه‌نده‌ دیمه‌نێكی قێزه‌ونه‌ كه‌ ده‌بینم كۆمه‌ڵێ هاووڵاتی له‌ ژینگه‌یه‌كی جواندا، نانیان خواردووه‌ و سفره‌ و قاپ و هه‌مووشتێكیان سه‌فه‌رییه‌ و هه‌روا له‌ ژینگه‌كه‌دا جێیان هێشتووه‌. كۆڵان و شه‌قامه‌كان پڕن له‌ نایلۆن و ده‌به‌ و شوشه‌... مرۆڤی به‌ویژدان جه‌رگی ده‌داته‌ ژان به‌هۆی پیسكردنی ده‌یان باخچه‌ و دیمه‌نی سروشتی كانیاو و رووبار و چیاكانمان.‌ 
-كۆمپانیاكانی ئاوی ده‌به‌ و په‌رداخی نایلۆن و شوشه‌ كه‌ رۆژانه‌ ملیۆنه‌های لێده‌فرۆشن، پاشماوه‌كه‌ی فڕێ ده‌درێته‌ ژینگه‌وه‌، پێویسته‌ ناچار بكرێت سه‌رله‌نوێ ریسایكلینی نایلۆن و شووشه‌ بكه‌نه‌وه‌. 
-هاندانى تیمه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی بۆ سزادانی ئه‌و فرۆشیار و دوكاندارانه‌ی به‌رده‌می خۆیان كردۆته‌ زبڵدان، له‌رێگه‌ی لێپرسینه‌وه‌ و غرامه‌كردنیان.
- هاندانى پۆلیسی هاتوچۆ بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی دووكه‌ڵی شین و ژه‌هراوی ده‌رده‌ن، بۆ نموونه‌ هه‌ر هاووڵاتییه‌ك ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی بینی، كۆنتڕۆڵی هاتوچۆ (188) ئاگادار بكاته‌وه‌، پاشان پۆلیسی هاتوچۆ بانگهێشتی ئۆتۆمبێله‌كه‌ بكات بۆ چاره‌سه‌ری دووكه‌ڵه‌كه‌ی.
-رێژه‌یه‌كی مه‌ترسیداری هاووڵاتیان فێربوون كه‌ پاشماوه‌ی زۆر ده‌خه‌نه‌ رووباره‌كانه‌وه‌، پێویسته‌ تیمێكی لێپرسینه‌وه‌ پێكبهێنرێت. بۆ نموونه‌ بۆ پاراستنی رووباره‌كانی زێی بچووك و سیروان كه‌‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی هاووڵاتیانن.    
دواجار وێڕای لێپرسینه‌وه‌ی توندی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت بۆ سزادان و غرامه‌كردنی سه‌رپێچیكاران، پێویسته‌ هه‌ر هاووڵاتییه‌ك ئه‌و راستییه‌ بزانێ كه‌ ژینگه‌ ماڵی خۆیه‌تی، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ویژدانی قبووڵی نه‌كات كه‌ خۆی و خێزان و كه‌سوكاری ژینگه‌ پیس بكه‌ن، به‌رده‌وامیش هاوكاری داموده‌زگا حكومییه‌كان بن بۆ پاراستنی ئه‌و نیشتیمانه‌ جوانه‌ی كه‌ به‌هه‌شتێكه‌ بۆ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك (م.ئه‌حمه‌د هه‌ردی) ده‌فه‌رموێ غه‌شیمانه‌ زه‌هر نه‌خه‌ینه‌ سه‌رلێومان.‌ 

*مامۆستای زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان