لێپرسراوی نوێی مەڵبەندەكانی دهۆك و موسڵ دەستبەكاربوون

09:22 - 2022-05-09
کوردستان
993 جار خوێندراوەتەوە

لەچوارچێوەی گۆڕانكارییەكان لە لێپرسراوی مەڵبەندەكانی رێكخستندا، لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، دوێنێ لە دوو رێوڕەسمی جیادا و بەئامادەبوونی سەركەوت زەكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن، ئاڵوگۆڕ لە هەردوو لێپرسراوی مەڵبەندەكانی دهۆك و موسڵدا كرا و مامۆستا محەمەد شێروانی وەك لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی دهۆك و ئاراس محەمەد ئاغا وەك لێپرسراوی مەڵبەندی موسڵ دەستبەكاربوون.
لە وتەیەكدا، لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن، دەستخۆشی لە هەردوو لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندەكان كرد كە لە سنووری مەڵبەندەكانیاندا جێگەدەستیان دیاربووە و بە دەنگ هاووڵاتیانەوە بوون. هەروەك تیشكی خستەسەر گرنگیی گۆڕانكارییەكان كە لە رابردوودا كراون بۆ باشتركردنی كارەكانی ئۆرگانەكانی یەكێتی و وتی: ئەو گۆڕانكارییانەی دەكرێن هەنگاوێكی گرنگ دەبێت لە كاری رێكخراوەیدا، بەتایبەتی كە ئێستا كار بۆ رێكخستنەوەی هەیكەلی مەڵبەندەكان دەكرێت بە شێوازێكی نوێ و بە فۆرمێكی جیاواز بەپێی ئەو پلان و بەرنامەیەی مەكتەبی رێكخستن دایناوە.
هەر لە رێوڕەسمەكاندا، لێپرسراوی پێشوو و نوێی مەڵبەندی  دهۆك و موسڵ، تەئكیدیانكردەوە كە «بەوپەڕی توانامانەوە ئامادەی هەر كار و ئەركێكین كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێمان بسپێرێت لە هەر شوێن و پۆستێكدا بێت».



#یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان