قوباد تاڵەبانی، لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ مەکتەبی رێکخستنی (ی.ن.ک) رایگەیاند؛ یەکێتی پێگەیەکی گەورەی هەیە، بۆیە هەمیشە چاوەڕوانی باشتری لێ دەکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان رێک دەخەینەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ 2 ی تەمووزی 2023 لە شارى سلێمانی بەڕێوەچوو و سەرکەوت زەکی لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن ئامادەیبوو، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتە سیاسییەکان و دۆخی ناوخۆی یەکێتی بۆ ئامادەبوان روون کردەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرکەوت زەکی، تیشکی خستەسەر کارو چالاکییەکانی مەکتەبی رێکخستن و گرفتەکانی بەردەم کارەکانیان و ئاماژەی بەوەدا کە پلانیان داناوە و ئامادەکارییان کردووە بۆ چۆنییەتی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم قۆناغە نوێیە بە شێوازێک کە لە ئاستی چاوەڕوانیی کادری حزب و خەڵکی کوردستاندا بێت. جەختیشی کردەوە جێبەجێکاری پلان و سیاسەتەکانی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی دەبین لەپێناوی باشتر بەڕێوەبردنی یەکێتیدا.
دواتر قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی ناوخۆی یەکێتی کرد و رایگەیاند؛ گۆڕانکاری دەکەین لە شێوازی کارکردن بە جۆرێک کە لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستادا گونجاو بێت و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستمان بە هەوڵ و هیمەتی هەموولایەکە، لەوبارەیەوە وتی؛ مەکتەبی رێکخستن دڵی حیزبە و کاریگەری گەورەی لەسەر ئۆرگانەکان و لەسەر جێبەجێ کردنی سیاسەت و بەرنامەی کاری حیزب هەیە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا یەکێتی سیاسەت و پرەنسیپەکانی نەگۆڕاوە و هەموو کات لەگەڵ عەدالەتی دارایی و پەیوەندییەکی تەندروست بووە لەگەڵ بەغدا. دوپاتیشی کردەوە یەکێتی داڕێژەری فیدراڵییەتە لە عیراق و بنیاتنەر و پارێزەری قەوارەی هەرێم و دەستکەوتەکانییەتی، ئەمەش تاکە رێگەیە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و زامنکردنی مافە دەستوورییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال وتی؛ لەگەڵ ئەوەدا نەبووین هەڵبژاردن دوابکەوێت و ئێستاش ئامادەکاریی تەواومان کردووە و دەبێت هەڵبژاردن بکرێت، و ئێمە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دادپەروەرانەداین و مافی هەموو پێکهاتەکانیش پارێزراو بێت.
لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: ئێمە لەگەڵ یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆییداین و هەموو کات وتوومانە دەبێت پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵ لایەنەکان هەبێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە سیاسەتی حزبەکان وەک یەک بێت، هەموو حیزبێک سیاسەتی خۆی هەیە و کار لەسەر جێبەجێکردنی دەکات، یەکێتیش سیاسەتی تایبەتی خۆی هەیە و لەڕێی ئۆرگان و کادرەکانییەوە کار لەسەر جێبەجێ کردنی دەکات.
کۆبوونەوەکە بە گفتوگۆی کراوەی هەڤاڵانی بەشداربوو کۆتایی هات.