ئەوانەی قەت لەبیر ناچنەوە

لە یادی 28 ساڵەی شەهیدان رێباز و مەلا سلێمان و فەرهاد و سەلامدا

11:43 - 2022-05-09
ڕاپۆرت
860 جار خوێندراوەتەوە

حەیدەر مەنتک 

رێبازی پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕشی نوێ، فەرماندە و پارتیزان و رۆشنبیر، مەلا سلێمانی كەسایەتی كۆمەڵایەتی و تێكۆشەری دوو شۆڕش، ئەفسەر لە تۆپخانەی شۆڕشی ئەیلول و فەرماندەیەكی دیاری شۆڕشی نوێ، فەرهادی تێكۆشەری سەردەمی خەباتی نهێنی و هاوسەنگەری شەهید رێباز، سەلامی تازەلاوی هاوسەنگەری شەهید مەلا سلێمان، ئەمانە و سەدان تێكۆشەری دیكە، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەكاندا بە ناهەق شەهیدكران.
یەكێتی و تێكۆشەرەكانی باوەڕیان وابوو ئەگەر شەڕ نەكەن و دەست لە بەرامبەریان بپارێزن، دەتوانن بەر بە ئاگری هەڵگیرساوی شەڕی ناوخۆ بگرن، ئەوەندەشی بۆیانكرا خۆیان پاراست، بەڵام بەداخەوە ئاگر كەوتەوەو زۆركەسی بەناهەق سوتاند.

 شەهید رێباز
رەفعەت عەبدوڵڵا پیرداود- رێباز، لە دایكبووی ساڵی 1952ی هەولێر، لە 1965 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی پ.د.ك، ساڵی 1969 بەهۆی هەڵوێستی سیاسییەوە زیندانی كراوە، ساڵی 1972 ئامادەیی كشتوكاڵی هەولێری تەواو كردووە و هەر ئەوساڵەش بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول تا نسكۆ.
ساڵی 1975 بۆتە فەرمانبەر و هەمانساڵ پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی  رەنجدەرانی كوردستانەوە، رۆژی 5/5/1977 لەلایەن رژێمەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەردەچێت، بەڵام خۆی نادات بەدەستەوە و لە رۆژی 16/5 /1977 دەبێتە پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ.
بەشایستەیی خۆی پلەكانی پێشمەرگایەتی بڕیوە، ساڵی 1988 لە دوای ئەنفال  بۆ ماوەی 14 مانگ سەركردایەتی  رەتلی پارتیزانەكانی كردووە، ساڵی 1990 لە سەر داوای مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك، لە پارتیزانی گەڕاوەتەوە بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسێك لە ئەوروپا، كە تایبەت بوو بە كێشەی گەلی كورد.
لە راپەڕینیشدا بەشداری كاریگەرو بەرچاوی هەبووە لە رزگاركردنی زۆربەی شاروشارۆچكەكانی كوردستان،  بەتایبەت شاری كەركوك.
لە دوای راپەڕین  لە بەرەی كوردستانی لێپرسراوی سەربازی بووە بۆ چەسپاندنی یاسا.
ساڵی 1993 جێگری قیادەی مەنتیقەی دهۆك بووە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
رۆژی 7/5/ 1994 لە سەرەتای شەڕی ناوخۆدا بەناهەق گوللەباران كرا.
دوای شەهیدبوونی،  لەلایەن هەڤاڵ مام جەلالەوە میدالی پارتیزانی بە خشرایە خانەوادەكەی.
شەهید رێباز خاوەنی دوو كتێبە بەناوەكانی (قەندیل  بەغدای هەژاند) سێ بەرگ و (نركەی كوردستان) دوو بەرگە.



 

شەهید مەلا سلێمان
شەهید سلێمان عارەب ئیسماعیل ناسراو بە مەلا سلێمان، لە دایكبووی ساڵی 1955ی گوندی دەربەندی گۆمی سیانان.
لەگوندەكەی خراوەتە بەر خوێندن، ساڵی 1963 بەهۆی شاڵاوی حەرەس قەومییەوەكانەوە گوندەكەیان خاپووركراوە، بۆیە بۆ خوێندن چۆتە شاری هەولێر.
لە تەمەنی 14ساڵیدا پەیوەندیكردووە بە یەكێتی قوتابیانی كوردستانەوە، ساڵی 1974 كە خوێندكاری ئامادەیی كشتوكاڵ بوو لە ئاسكی كەڵەك، بوو بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و دەكرێتە ئەفسەری تۆپخانەی شۆڕش، دوای نسكۆ گەڕایەوە هەولێرو ئامادەیی كشتوكاڵی تەواوكرد.
ساڵی 1976 بە فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی سەرژمێری هەولێردامەزراو هەمانساڵیش پەیوەندیكرد بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ماڵیان ببووە ناوەندێكی خەباتی نهێنی لە ناوشاردا.
ساڵی 1979 بۆتە ئەندامی لێژنەی رێكخستن، دوای ئەوەی لەلایەن رژێمەوە دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە، لەلایەن ئەمنی هەولێرەوە دەستگیر دەكرێت، بەڵام سەرەڕای بەكارهێنانی چەندین جۆری ئەشكەنجە، نهێنییەكان نادركێنێت و لە رۆژی 16/ 8/1979 بە لێبوردنی گشتی ئازاد دەكرێت.
ساڵی 1982 بوو بە پێشمەرگە، دوای پێكهێنانی تیپی 85ی بەڕانەتی، كرایە فەرماندەی كەرت لەو تیپە و ساڵی 1987یش كرایە جێگری تیپی 86ی دەشتی هەولێر.
كە شەهید رێباز وەك فەرماندەی رەتڵی پارتیزانەكانی هەولێر دەستنیشان كرا، شەهید مەلاسلێمان كرایە جێگری و ماوەی 14 مانگ بە پارتیزانی مایەوە و ساڵی 1990یش بووە فەرماندەی بەتالیۆنی هەشت و دوای راپەڕینیش كرایە جێگری میحوەری هەولێر.
لە كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی یەكێتی بۆ یەكەم كۆنگرە لە 25/11 /1991 دەنگی یەكەم و زۆرینەی بازنەی دەڤەرەی خۆی هێناوە، ساڵی 1992 كرایە فەرماندەی فەوجی دووی ئامادەی هەولێر.
لە یەكەم هەڵبژاردنی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی هەولێر دەنگی یەكەمی هێنا،  جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەوتی نەینەوا و لێپرسراوی كۆمیتەی باڵای پێشمەرگە دێرینەكانی ئاكرێ بووە.
بەشداریی لە دەیان داستان و نەبەردییدا كردووە و سێجاریش بریندار كراوە، بەشداری كاریگەرانەی هەبووە لە رزگاركردنی شارەكانی هەولێر و كەركوك لە راپەڕینی 1991د. 
رۆژی 5/5/1994 لە ئاكرێ‌ شەهید كرا.

 

 

شەهید فەرهاد
شەهید فەرهاد محەمەد ئەمین ئیسماعیل، ساڵی 1969لە  گوندی قورشاغلوی ناحیەی قوشتەپەی هەولێر لە دایكبووە، قۆناغی ئامادەیی خوێندووە.
ساڵی 1987 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1991 بووە بە پێشمەرگە، دواتر لە دەستەی شەهید رێباز درێژە بە پێشمەرگایەتی داوە.
 رۆژی 7/5/1994 لە مەفرەقی (گرێ‌ سەن) لەگەڵ هاوڕێیەكی بەناوی سەلام سەلاح بەناهەق گوللەباران كران.

 

شەهید سەلام
شەهید سەلام سەلاح عیسا، ساڵی 1971 لە دایكبووە،  ساڵی 1991 بووە بە پێشمەرگە.
رۆژی 7/5/1994 لە مەفرەقی (گرێ‌ سەن) لەگەڵ فەرهادی هاوڕێیدا بە ناهەق گوللەباران كران.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان