سەرۆک بافڵ پەیامێک ئاڕاستەی كۆنگرەی لۆزان لە رۆژئاوای كوردستان دەکات

12:08 - 2023-07-07
کوردستان
501 جار خوێندراوەتەوە

«ئامانجی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان روونە و درێژەپێدەری سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلالە. ئەو سیاسەتەی خۆی لە پشتیوانیی كورد و پشتگیریی خەباتە سیاسی و مەدەنییەكەیدا دەبینێتەوە. سیاسەتێك كە ئامانجەكەی سەربەرزیی كورد و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانە»

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێك ئاڕاستەی كۆنگرەی لۆزان لە رۆژئاوای كوردستان دەكات، كە ئەمە دەقەكەیەتی:

هاونیشتمانیانی خۆشەویست 
سڵاوێكی كوردانەتان لێبێت

100 ساڵ لەمەوبەر بەبێ ئامادەبوونی كورد و تەنانەت را وەرگرتنیشی، رێككەوتنامەی لۆزان دژی گەلی كورد واژۆ كرا. رێككەوتننامەیەك كە سەرەتایەك بوو بۆ لەناوبردنی خەونی لەمێژینەی گەلی كورد و دابەشكردنی خاكەكەمان بەسەر چوار پارچەدا.
بەدرێژایی مێژوو گەلی كورد هەوڵی بۆ برایەتیی گەلان و پێكەوەژیان داوە، بەڵام بەداخەوە هەمیشە بووینەتە قوربانیی زوڵم و ستەمی وڵاتان. هەموو جۆرەكانی توندوتیژیمان بەرامبەر ئەنجامدراوە و هەوڵی سڕینەوەی زمان و شوناسمان دراوە. بەڵام ئەمە نەك ئێمەی نەسڕییەوە، بەڵكو بە شۆڕش و خەباتی نەبڕاوەی گەلەكەمان لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیی، بەهێزتربووین و وەك شاخە سەركەشەكانمان بەپێوە ماینەوە.
ئێستاش دوای تێپەڕینی 100 ساڵ بەسەر ئەو رێككەوتننامەیە و هەموو ئەو قوربانییانەی بەدرێژایی مێژوو داومانە، دەبێت پەند لە وانە مێژووییەكان وەربگرین و بە رۆحێكی كوردانەوە خۆمان بۆ داهاتوو ئامادە بكەین، داهاتوویەك كە تەنیا بە یەكێتی، یەكبوون و برایەتی دەتوانین زامنی بكەین. پێكەوە لەپێناوی كوردستانی گەورە و پاراستنی شوناسمان خەبات بكەین و جیاوازییەكان بخەینە خزمەت ئامانجە باڵاكانەوە. ئەمەش تەنیا رێگەیە بۆ ئەوەی وەك میللەتێكی زیندوو و خاوەن ماف دەنگمان بە جیهان بگەیەنین و بەرگریی لە خۆمان بكەین.
ئامانجی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان روونە و درێژەپێدەری سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلالە. ئەو سیاسەتەی خۆی لە پشتیوانیی كورد و پشتگیریی خەباتە سیاسی و مەدەنییەكەیدا دەبینێتەوە. سیاسەتێك كە ئامانجەكەی سەربەرزیی كورد و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانە. بۆ ئەمەش روو لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەم و دەڵێم راستە ئێمە جیاوازییەكانمان زۆرن، بەڵام زمان و خاكە هاوبەشەكەمان خاڵی كۆكەرەوەی هەموومانە و دەبێت پارێزگاری لێبكەین.
بە هەموو وڵاتانی جیهان و دراوسێكانیشمان دەڵێین شەڕ و ناكۆكی بژاردەی ئێمە نییە و بەهەموو شێوەیەك رەتیدەكەینەوە. دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان گەشەپێبدەین و دراوسێیەكی باشبین، بەڵام سازش لەسەر مافە رەواكانمان ناكەین و بەهەموو شێوەیەك بەرگریی لێدەكەین. نابێت لەیادیشمان بچێت كە سەرۆك مام جەلال هەمیشە دەیفەرموو، تاوەكو كێشەی كورد لە رۆژهەڵات چارەسەرنەكرێت، ئاشتیی یەكجارەكی لە ناوچەكە بەدینایەت.
هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و شاد و سەرفرازبن

بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان


#بافڵ جەلال تاڵەبانی #رۆژئاوای كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان