تەحسین هەرشەمی
لە دامەزراندنی هەر بیست و یەک دەوڵەتە عەرەبییەکەوە تا ئەم ساتە پرەنسیپەکانی دیموکراسی لەم وڵاتانە و لەم ناوچەیەدا جێگیر نەبووە، هەرگیز کۆڵەکەکانی حوکمداری و کار و ژیان لەسەر بناغەی دیموکراسی دانەمەزراوە.
هەمیشە بزووتنەوە هەڵگرەکانی پاشکۆی دیموکراسی، لە پێناوی راکێشانی هێزی گەلەکانیان بووە بۆ وەدەستهێنانی جڵەوی حوکم. هەر بەهەمان شێوەش هەموو ناو و ناتۆرە بریقەدارەکانی تری هەموو سەردەمەکان، بەمجۆرە لە پاشکۆی حزبە عەرەبییەکاندا هاتووە، وەکو سۆسیالیستی و پێشکەوتنخواز و ئاشتی و ئازادی و...هتد.
تاکە کەسێك
هەمیشە ئەو دەستەواژانە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئاسمانی عەرەبدا هەڵاتوون و لە کۆشکی حوکم گرتنە دەستەکانیشیاندا بە خراپترین شێوە ئاوا کراون. ئەوێ رۆژێ و لە ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی رابردوودا، کاتێک دەوڵەتە عەرەبییەکانی وەکو عیراق و میسر و جەزائیر و لوبنان و هەندێکی تر، پڕ بووبوون لە حزبی سۆسیالیستی و هەندێکیان بە فیعلیش جڵەوی حوکمیان گرتە دەست، نەیاندەزانی یاخود نەیاندەویست کورد و کێشەی کورد وەکو چۆن لە بیری سۆسیالیزم و سۆسیالیستەکاندا هاتووە پێناسە بکەن، تاکە کەسێك کە خۆی لەم ئەرکە قورسەی پێناسەکردنی سۆسیالیستانەی کێشەی نەتەوەیی کورد دابێت لەناو عەرەبدا مام جەلال بوو.
مام جەلال جیاواز لە هەموویان
ساڵی 1967 لە جەزائیر کۆڕبەندی چەپ و سۆسیالیستەکانی عەرەب بەسترا، بە ئامادەبوونی دەیان حزبی شیوعی عەرەب و دەیان میوانی غەیرە عەرەب، بۆ ماوەی چوار رۆژ گفتوگۆی چڕوپڕی کێشە نەتەوەیی و چینایەتی و شۆڕشەکانی ناوچەکە گفتوگۆی لەسەرکرا. لەم کۆڕبەندەدا مام جەلال جیاواز لە هەموویان کاتی زیاتری پێدەدرێ بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەکەی کە زۆر بە وردی پێناسەی کێشەی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی سۆسیالیزمی زانستیدا کردووە، لە راپۆرتەکەدا مرۆڤ تێدەگات کە سۆسیالیزمیش لای عەرەب وەکو جلوبەرگێکی سەردەمی خەبات بۆ گرتنەدەستی جڵەوی حوکم لەبەریان کردووە نەوەک وەکو قەناعەتی فکری کە بە هۆیەوە سیستمی حوکم و پایەکانی کۆمەڵی لەسەر داڕێژن.
لەم کتێبەدا
بە سوپاسی زۆرەوە دەقی تەواوی راپۆرتەکە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ سامی قادر وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی، لەم کتێبەدا لەگەڵ پێشەکی مام جەلال خۆی، راپۆرتەکە هەم بەزمانی عەرەبی کە نووسەر پێی نووسیوە و هەمیش وەرگێڕانە نایابەکەی کاک سامی قادر بڵاوکراوەتەوە. بەسوپاسەوە دانەیەکی پێشکەشی من کرد کە من ئەوە بە بەشێکی مێژووی خەبات و کوردایەتی و هەوڵەکانی کورد دادەنێم بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین. ئەرشیفی هەر کوردپەروەر و خوێنەرێكی ئەدەبیاتی بەرگری کورد پێویستە دانەیەکی لەم کتێبە تێدابێ.