جوانییەکانی وەرگێڕان لە(حەللاج)دا!

10:34 - 2023-07-11
کەلتور
1091 جار خوێندراوەتەوە

خدر ئیبراهیم خدر

ئەو کتێبەی مەبەستمە لەم نووسینەدا قسەی لە بارەوە بکەم، کتێبێکە ئەوە دەهێنێت هەموو کەس لای لێبکاتەوە، لەیەککاتدا دەستخۆشانە لە نووسەرە وردبین و، وەرگێڕە کارامە و، پێشەکینووسە بە ئەزموونەکەی بکات. کتێبی (حەللاج) لەلایەن (سەید یەحیا یەسریبی)ەوە نووسراوە و، (مەهدی عەبدوڵڵا) لە زمانی فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی، (عومەر یوسفی)ش پێشەکی بۆ نووسیوە، کتێبی حەلاج یەکێکە لەو کتێبە شیرین و پڕ بایەخانەی کایەی وەرگێڕانی کوردی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لە بواری عیرفاندا . 
لەم وتارەدا نامەوێت باس لە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە بکەم و، سەبارەت بە ژیان و جیهانبینی عیرفانی حەلاج بدوێم،  چوونکە نووسەر بە لێزانییەوە، بە گویڕەی ریزبەندی تەمەنی حەلاج،  ژیان و جیهانبینی عیرفانی ناوبراوی بە وردی هۆنیویەتەوە و، لە چوارچێوەی رۆمانێکی عیرفانیدا دایڕشتووە. 

شێوەزاری موکریانی

بەر لەهەر شتێک، یەکێک لە جوانییەکانی ئەم وەرگێڕانە، بریتییە لە بەکارهێنانی شێوەزاری موکریانی لە وەرگێڕانی کتێبەکەدا، کە وایکردووە قوورسایی وشە و رستە و دەستەواژەکان زۆرتر و گەیاندنی مەبەستیش کاریگەرتر بێت. چونکە زیادەڕۆییم نەکردووە ئەگەر بڵێم، هیچ شێوەزارێک، ناتوانێت بەڕادەی شێوەزاری موکریانی دەرەقەتی وەرگێڕان بێت و، لە دۆزینەوەی وشە و زاراوە و دەستەواژەی پڕ بەپێستدا، دووچاری نائومێدی و دەستەوەستانی نەیەت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەوڵەمەندییەی ئەم شێوەزارە لە  وشە و دەربڕین و هاوواتا و پەند و ئیدیۆم و...هتددا هەیەتی.
لایەنێکی تری پۆزەتیڤی ئەو شێوەزارە ئەوەیە دەتوانیت شاعیرانە لە نووسین و وەرگێراندا سوودی لێوەربگریت. هەڵبەت مەبەست لە شاعیرانەش ئەوەیە ئەگەر یەکێک لە پرەنسیپ و بنەما سەرەکییەکانی هۆنینەوەی شیعری باش ئەوە بێت بە کەمترین وشە زۆرترین مانا بدەیت بەدەستەوە و، پێویستت بەوە نەبێت پەنا بۆ درێژدادڕی ببەیت، ئەوا ئەو پرەنسیب و بنەمایە لە شێوەزاری موکریانیدا بە ئاسانی هەست پێدەکرێت و دەبینرێت. هەر کەسێک جارێک رۆمانی (گێلەپیاو)ی نووسەری تورک (عەزیز نەسین) و، رۆمانی (نزا بۆ ئارمێن)ی نووسەری کوردی فارسینووس (ئیبراهیم یونسی) لە وەرگێڕانی (عەبدوڵڵای حەسەن زادە) و، (چێشتی مجیور)ی (هەژاری موکریانی) و، پێشەکییەکەی دیوانی (تاریک و روون)ی (هێمن موکریانی) خوێندبێتەوە، ناتوانێت حاشا لەڕاستی بۆچوونەکەم بکات، بە دڵنیاییەوە ئەگەر کەسانێکی تر لە دەرەوەی ئەو شێوەزارە کاریان لەسەر ئەو نووسراوانە کردبایە، نە بەو هێندە چڕ و قووڵ و واتادار دەردەچوون، نە بەو هێندەش چێژی ئەدەبییان بە خوێنەر دەبەخشی. 
هەڵبەت جگە لە وەرگێڕ، (پێشەکینووس)یش وەک رۆڵەیەکی گۆشکراوی دەڤەری بەرینی موکریان، کە فڕچکی بە بەکارهێنانی ئەو شێوەزارەوە گرتووە لە گفتار و نووسیندا، لەسەر هەمان ریتم رۆیشتووە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو لە سەرجەم ئەو وتار و نووسراو و وەرگێڕانانەشدا کە کاری لەسەر کردوون و، هەولێری وتەنی بەڕادانیداون، هەمان شێوەزاری بەکار هێناوە. 
ناکرێت لێرەدا بازبدەم بەسەر ئەو پێشەکییەدا کە بۆ ئەم کتێبە نووسراوە، چونکە بۆ خۆی کتێبێکی چووکەڵەیە و، هێندە بە وەستایی و لێزانی پیت و وشە و پەرەگرافی تێدا بەکارهاتوون، وەک دەڵێن (بە خوێندنەوەی خەنی دەبی) . لەوەش واوەتر ئەوەیە، (پێشەکینووس) خۆی لە قەرەی باس و خواسی عیرفانی داوە و، کەسێتی حەللاجی لەژێر رۆشنایی وەسفێکی جواندا کە شایستەی بێت، خستۆتە بەرچاوی خوێنەر و، بەو شێوەزارە موکریانییە رەوانە، حەللاجی لە مرۆیەکی دوور لە خوێنەر لە رووی زەمەن و رووداوەوە، کردۆتە  دۆستێکی ئازیز و لەبەردڵان، جگە لە خولیای خوداناسی و، خەمی وەدیهێنانی دادپەروەری، هیچ خولیایەکی تری نەکردۆتە سەرمەشق لە ژیانی خۆیدا!
پاشخانی بڕواداریی و پەروەردەیی و زانستی (پێشەکینووس)، وایکردووە بە نووسینی پێشەکییەکی چەند لاپەڕەیی، ئەگەر وەک سەرە قەڵەمیش بێت، بە باشی بتوانێت تان و پۆی بیر و جیهانبینی و خەون و خولیای حەللاج باس بکات و، یارمەتی خوێنەر بدات تاکو پێشەکییەکە وەک دەستپێکێکی جێی باوەڕ، بۆ چوونە ناو قووڵایی رۆمانەکە لەبەرچاو بگرێت. 

 ژمارەیەک لە نووسران و شاعیران

ئەگەرچی پێشتر، بەکارهێنانی شیوەزاری موکریانی لە کردەی نووسین و وەرگێڕاندا ئەزموونکراوە و، لە چەند زەمەنێکی لێک جیاوازدا ژمارەیەک لە نووسران و شاعیران سوودیان لێوەرگرتووە، بەتایبەت ئەوانەی پەروەردە و گۆشکراوی دەڤەری بەرینی موکریانن، لە نموونەی (هێمن موکریانی، هەژار موکریانی، عەبدوڵڵای حەسەن زادە، حەسەنی قزڵجی و...هتد)، هەروەک لە دیوانە شیعرییەکانی (هێمن موکریانی و هەژار موکریانی) و، وەرگێڕانی (توحفەی موزەفەرییەی ئۆسکارمان) لەلایەن (هێمن موکریانی) و، (چێشتنی مجێور) و بەشێک لە کتێبە وەرگێردراوەکانی (عەلی شەریعەتی)  لەلایەن (هەژار موکریانی) و، ژمارەیەک کتیبی وەرگێراوی تر لە نموونەی (گێلەپیاو و، بیرەوەرییەکانی دوورخراوەیەک و، نزا بۆ ئارمین و، سەرکەوتنی بێسنوور) لەلایەن (عەبدوڵای حەسەن زادە)دا بەرچاو دەکەوێت. هەروەها لەم ساڵانەی دوایشدا، (رەسوڵ سوڵتانی) بە لێزانی و شارەزاییەکی زۆرەوە کە لەدەست کەم وەرگێڕ دێت، ئەو شێوەزارەی لە وەرگێڕانی دەیان دەق و نووسراوی (ئەنتوان چیخۆف و، یەشار کەمال و، ئیبراهیم یونسی و، لیوتۆلستۆی و...هتد) دا بەکارهێناوە. ئەوەندەی من ئاگاداربم، لە کایەی وەرگێڕانی ئەو رۆمانانەدا کە ناوەڕۆکەکانیان رەهەندێکی عیرفیانیان لەخۆگرتووە، بەکارنەبراوە. یاخود من تاکو ئێستا بەرچاوم نەکەوتووە و، نەمخوێندۆتەوە . بۆیە لەوەدا دەبێت دەستخۆشی لە (مەهدی عەبدوڵڵا) بکەم کە ئەو شێوەزارەی بۆ وەرگێرابی رۆمانی عیرفانی بەکارهێناوە.

کەمترین وشە و دەربڕینی زیادە

جوانییەکی تری ئەم وەرگێڕانە ئەوەیە، کەمترین وشە و دەربڕینی زیادەی تێدایە. بە واتایەکی تر وەرگێڕ هێندە وەستایانە کاری لەسەر گەیاندنی واتا و ناوەڕۆک کردووە، پێویستی بەوەنەبووە، پەنا بۆ بەکاربردنی وشە و دەربڕینی زیادە و نابەجێ ببات. هەڵبەت، ئەگەر ئەو کارەی کردبا، بێگومان جۆرێک لە بێزاری بۆ خوێنەر دروست دەکرد کە دەبووە هۆی ئەوەی پاشەکشە لە خوێندنەوەی ئەو بەرهەمە بکات. لەهەمانکاتدا لاوازی توانای وەرگێڕیشی لە رووی ئێستاتیکای زمان و هونەری دەربڕین و، چۆنایەتی داڕشتنەوە، دەردەخست.
لە کۆتاییدا دەڵێم، ئەگەرچی ئەم کتێبە، بەرهەمێکی ناوازەی نووسەرە، بەڵام وەرگێر هێندە بە لێزانی کاری وەرگێرانی بۆ کردووە، لەلایەک وادەکات لە دڵەوە دەستخۆشانەیەکی گەرمی لێبکەیت و، بە تاسەوە چاوەڕێی بەرهەمی وەرگێڕاوی تری لێبکەیت، لەلایەکی تریشەوە وادەکات دان بەوەدابنێێت خوێندنەوەی ئەم کتێبە، بەشداردەبێت لە قووڵکردنەوەی هەر نییەتێکدا کە مرۆڤ بیەوێت وەک عابیدێک زۆرتر لە مەعبوودەکەی نزیک ببێتەوە.

 

مینیاتۆرێکی هیندی کە باسی لەسێدارەدانی حەلاج دەکات

بابەتە پەیوەندیدارەکان