فیلیپینییەكان سەرۆكی نوێی وڵاتەكەیان هەڵدەبژێرن

08:56 - 2022-05-10
ڕاپۆرت
418 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ دیاری سابیر

بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان، دوێنێ فیلیپینییەكان روویانكردە سندوقەكانی دەنگدان ‌و فێریناند ماركۆس كوڕی دیكتاتۆری پێشووی فیلیپین، چانسی سەركەوتنی زیاترە بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە.

10 كاندید لە پێشبڕكێدان
دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 40 ساڵ بەسەر رووخاندنی دەسەڵاتەكەی باوكی ‌و دوورخستنەوەی خێزانەكەی لە وڵات، پێدەچێت ماركۆسی كوڕ بەرەو وەرگرتنەوەی دەسەڵات هەنگاوبنێت.
10 كاندید لە پێشبڕكێدان بۆ شوێنگرتنەوەی رۆدریگۆ دۆتیرتی سەرۆكی ماوەتەوابووی فیلیپین، بەڵام كێبڕكێی سەرەكیی لە نێوان فێریناند ماركۆس ‌و لینی رۆبریدۆ جێگری ماوەتەواوبووی سەرۆكدایە. ژمارەی دەنگدەرانیش لە 65 ملیۆن كەس زیاترە ‌و پێشبینی دەكرێت كە رێژەیەكی زۆری دەنگدەران لە پڕۆسەكەدا بەشداربن. هەروەها زیاتر لە 60 هەزار كەس لە هێزە ئەمنییەكان، بۆ پاراستنی بنكەكانی دەنگدان بڵاوەیان پێكراوە.

راپرسییەكان
بەپێی ئەنجامی دوایین راپرسی كە پەیمانگەی (پەڵس ئاسیا ریسێرچ)ی فیلیپیی كردوویەتی، ماركۆس رێژەی %56ی دەنگەكان بە دەستدەهێنێت، لە بەرامبەریشدا رۆبریدۆ %33ی بەشداربووان دەنگی پێدەدەن، بەڵام هەموو ئەگەرێك لە ئارادایە.
بەپێی سیستمی هەڵبژاردن لە فیلیپین، ئەو كاندیدەی زۆرترین رێژەی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، لە پڕۆسەكەدا سەردەكەوێت ‌و دەبێتە سەرۆكی وڵات.   
بڵاوبوونەوەی ئەنجامی راپرسییەكە، بە گەڕانەوەی كوڕی دیكتاتۆری پێشوو بۆ دەسەڵات، رێكخراوەكانی بواری ماف ‌و بەرپرسانی كڵێسای كاسۆلیك ‌و ئۆپۆزسیۆنی نیگەرانكردووە ‌و گومان دەكەن كە بتوانێت بە پرەنسیپەكانی دیموكراسییەوە پابەندبێت ‌و دەترسن لەوەی ئەویش وەك باوكی بە ئاگر ‌و ئاسن حوكمی وڵات بكات، بۆیە لەوكاتەوەی لینی رۆبریدۆ لە مانگی تشرینی یەكەمەوە كاندیدبوونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك راگەیاندووە، ژمارەیەكی زۆر لە گروپی خۆبەخش پێكهێنراون ‌و بانگەشەیان بۆ كردووە، تا دەنگدەران رازی بكەن بەوەی دەنگی پێبدەن. 

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#فیلیپین

بابەتە پەیوەندیدارەکان