د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، دوێنێ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، پێشوازیكرد لە مەهدی رەشید وەزیری سەرچاوەكانی ئاو و گفتوگۆیانكرد لەبارەی پەرەسەندنەكانی دۆخی ئاو لە وڵات و دابەزینی ئاستی ئاو لە رووبارەكانی دیجلە و فوراتدا.
لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە كە پێویستە دۆسێی ئاو بكرێتە پێشینەی سەرەكیی كارەكان وەك یەكێك لە بنەماكانی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، هەروەها باسی لە پێویستی پەیوەندی كرد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندیی ئاو لەسەر بنەماكانی دراوسێیەتی باش و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی هاوبەش و زیان نەگەیاندن بە عیراق. هاوكات ستایشی هەوڵەكانی حكومەت و وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی كرد لەو بارەیەوە.
هەر لە دیدارەكەدا، د.بەرهەم ئاماژەیكرد بەپێویستی پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو و كانیاو و نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكان و پەرەپێدانی پلانە ستراتیژییەكان، كە هەموو دامودەزگاكانی دەوڵەت هاوبەشی تێدا بكەن بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەزایانی نێودەوڵەتی، لەپێناوی روبەڕوبوونەوەی قەیرانی وشكەساڵی و بەبیابانبوون و گۆڕانی كەشوهەوا، بەتایبەتی كە ئێستا بۆتە قەیرانێكی جیهانی و بەشێكی وڵاتانی ناوچەكە گیرۆدەیبوون. هەروەها گرنگی بووژاندنەوەی خاكی میزۆپۆتامیای دووپاتكردەوە.