ئه‌نتوان چیخۆف
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
پشكنه‌ری پۆلیس ئه‌چومیلۆف، كه پاڵتۆیه‌كی تازه‌ی له‌به‌ردایه، گورزه‌یه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌یه، به مه‌یدانی بازاڕه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێ. پۆلیسێكی موو زه‌ردی به‌دواوه‌یه، كه به هه‌ردوو ده‌ستی بێژنگێك ترێی ئه‌وروپی ده‌ستبه‌سه‌ردا گیراوی هه‌ڵگرتووه. بێده‌نگیی باڵی به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كدا كێشاوه... كه‌س له بازاڕه‌كه‌دا به‌دی ناكرێت... ده‌رگای كراوه‌ی مه‌یخانه و دوكانه بچووكه‌كان، وه‌كو ده‌می برسییه‌كان، به نیگایه‌كی غه‌مگینانه‌وه له دنیای خوداوه‌ند راماون. ته‌نانه‌ت یه‌ك سواڵكه‌ریش له‌و ناوه‌دا به‌دی ناكرێت.
له‌ناكاو ده‌نگێك دێته گوێی ئه‌چومیلۆف:
"گاز ده‌گری، ها، سه‌گه لات! مه‌یه‌ڵن ده‌رچێت خه‌ڵكینه! ئه‌م رۆژانه گازگرتن قه‌ده‌غه‌یه. بیگرن، ئه‌ها!"
قروسكه‌ی سه‌گێك دێت. ئه‌چومیلۆف ئاوڕدەداتەوە و سه‌گێكی بینی كه لاقێكی به‌رزكردۆتەوە و له گه‌نجینه‌ی داره‌كه‌ی پیچوگینی بازرگانه‌وه له‌سه‌ر سێ قاچ به شه‌له شه‌ل دێت، پیاوێكیش به كراسێكی چیت و هێله‌كێكی كراوه‌وه سه‌ری داخستووه و دوای سه‌گه‌كه كه‌وتووه. كابرا خۆی ده‌دا به عه‌ردا و لاقێكی سه‌گه‌كه ده‌گرێت. قروسكه‌یه‌كی تر دێته گوێ و كابرا هاوار ده‌كات: "بیگرن مه‌یه‌ڵن رابكات!" روخساره خه‌واڵووه‌كان له‌ناو دوكانه‌وه سه‌ر ده‌كێشن، هێنده نابات خه‌ڵكێكی زۆر -وه‌ك ئه‌وه‌ی له عه‌رده‌كه‌وه هه‌ڵقوڵابن- له ده‌وری گه‌نجینه‌ی داره‌كه كۆده‌بنه‌وه.
پۆلیسه‌كه ده‌ڵێت: "قوربان، له‌وه ده‌چێت شه‌ڕ بێت!"
ئه‌چومیلۆف به‌لای چه‌پدا لاده‌كاته‌وه و به‌ره‌و لای خه‌ڵكه‌كه ده‌ڕوات. رێك له‌به‌رده‌می ده‌رگا گه‌وره‌كه‌ی گه‌نجینه‌كه‌دا ئه‌و پیاوه ده‌بینێت كه باسكرا و هێله‌كه قۆپچه كراوه‌كه‌ی له‌به‌ردایه. كابرا وه‌ستاوه، ده‌ستی راستی به‌رزكردۆته‌وه و په‌نجه خوێناوییه‌كه‌ی نیشانی خه‌ڵكه‌كه ده‌دات. له روخساریدا ئه‌وه ده‌خوێنرێته‌وه كه بڵێت: "پیشانت ده‌ده‌م، گڵاوی نه‌فره‌تی!" په‌نجه‌ی له نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتن ده‌چێت. ئه‌چومیلۆف خریوكینی ئاڵتوونچی ده‌ناسێته‌وه. دیاره جه‌نابی هۆكاری به‌زم و هه‌راكه‌یه و له ناوه‌ڕاستی خه‌ڵكه‌كه‌دا داده‌نیشێت، سه‌گێكی بچكۆله‌ی سپی تیسكنی پۆزه درێژیش، كه په‌ڵه‌یه‌كی زه‌رد له‌سه‌ر پشتێتی، هه‌ردوو ده‌ستی بڵاوكرۆته‌وه، كزۆڵه‌ی كردووه، ده‌له‌رزێ و له ناوه‌ڕاستی خه‌ڵكه‌كه‌دا هه‌ڵتووتاوه. له چاوه فرمێسكاوییه‌كانیدا ماتی و ترس ده‌خوێنرێته‌وه.
ئه‌چومیلۆف كه قه‌ره‌باڵغییه‌كه ده‌شكێنێ و ده‌چێته پێشه‌وه، ده‌ڵێت: "چی بووه؟ لێره‌دا چی ده‌كه‌ن؟ تۆ بۆچی په‌نجه‌ت به‌رزكردۆته‌وه؟ ئه‌ی ئه‌وه كێ بوو نه‌ڕاندی؟
خریوكین كه فوو ده‌كاته ناو مشتییه‌وه، ده‌ڵێت: "قوربان، من بێده‌نگ ده‌ڕۆیشتم، یانی هاتبووم له‌گه‌ڵ میتری میتریچ له‌باره‌ی داره‌وه قسه بكه‌م، حه‌قی كه‌سم نه‌بوو له‌پڕ ئه‌م توخمه سه‌گه گازی له په‌نجه‌م گرت. بمبووره، كه‌سێكی زه‌حمه‌تكێشم، ئیشێكی ناسكم هه‌یه. خاوه‌نه‌كه‌ی ناچار بكه قه‌ره‌بووم بكاته‌وه ... ئاخر، له‌وانه‌یه یه‌ك حه‌فته نه‌توانم ئه‌م په‌نجه‌یه‌م بجووڵێنم. قوربان، خۆت ده‌زانیت یاسا رێگا نادات هه‌موو كه‌سێ ئاژه‌ڵه دڕنده‌كه‌ی به‌ر بداته گیانی خه‌ڵك. ئه‌گه‌ر بڕیار بێت هه‌موو كه‌سێك قه‌پی پیا بكرێت، ئیتر ژیان له‌م دنیایه‌دا نامێنێت... "
ئه‌چومیلۆف، ناوچه‌وانی داوه به‌یه‌كدا و ده‌كۆكێت، به ده‌نگێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌وه ده‌ڵێت: "ئه‌ها ... باشه، باشه... ئه‌م سه‌گه هی كێیه؟ " من رێگه به‌مه ناده‌م. ئه‌و كه‌سانه فێری ئه‌ده‌ب ده‌كه‌م كه بیانه‌وێت سه‌گه‌كانیان له كوچه و كۆڵان به‌ره‌ڵا بكه‌ن! كاتی ئه‌وه هاتووه بكێشین به‌ده‌می ئه‌و كه‌سانه‌دا كه نایانه‌وێت یاسا و رێساكان جێبه‌جێ بكه‌ن. ئه‌و سه‌گبابه غه‌رامه ده‌كه‌م ... فێری ده‌كه‌م به‌ره‌ڵاكردنی سه‌گ و هه‌ر جۆره ئاژه‌ڵێكی به‌ره‌ڵا له گیانی خه‌ڵكی مانای چییه! باوكه تۆپیوی له قه‌بر ده‌رده‌هێنم."
روو ده‌كاته ئه‌و پۆلیسه‌ی له‌گه‌ڵیدایه، ده‌ڵێت: "ییڵدیرین، خاوه‌نی ئه‌م سه‌گه بناسێنه، راپۆرتێكیش ئاماده بكه، پاشان یه‌كسه‌ر سه‌گه‌كه سه‌ره‌ونگوم بكه و له‌ناوی به‌ره. بێگومان ئه‌مه سه‌گی هاره ... لێتان ده‌پرسم خاوه‌نی ئه‌م سه‌گه كێیه؟"
ده‌نگێك له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌وه ده‌ڵێت: "وابزانم سه‌گه‌كه‌ی جه‌نه‌ڕاڵ جیگالوفه."
"جه‌نه‌ڕاڵ جیگالوف! ئه‌ها. ییڵدیرین، وه‌ره یارمه‌تیم بده پاڵتۆكه‌م داكه‌نم ... ئۆف، دنیا چه‌ند گه‌رمه! بێگومان باران ده‌بارێت." روو ده‌كاته خریوكین ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت بیزانم ئه‌وه‌یه چۆن بوو ئه‌م سه‌گه گازی لێ‌گرتی؟ چۆن بوو گازی له په‌نجه‌ت گرت؟ كێ باوه‌ڕ به‌وه ده‌كات سه‌گێك به‌م بچكۆله‌یی و خنجیله‌ییه گاز له په‌نجه‌ی تۆ بگرێت كه هێنده‌ی كه‌رته شاخێك ده‌بیت! دیاره په‌نجه‌ت به بزمار بریندار بووه، ئه‌وه‌ت به خه‌یاڵدا هاتووه به به‌لاش قه‌ره‌بوو بكرێیته‌وه... من ئێوه‌ی مرۆڤ ده‌ناسم! مشتێك پاتاڵ و گه‌ندوگوون!"
"قوربان، ئه‌م پیاوه به مه‌به‌ستی هێنانه‌پێكه‌نینی خه‌ڵك لووتی ئه‌م سه‌گه‌ی به جگه‌ره‌كه‌ی سووتاند، ئه‌ویش قه‌پی لێگرت، ئه‌م خریوكینه شه‌ڕانگێزه هه‌میشه به دوای شه‌ڕدا ده‌گه‌ڕێت، قوربان!"
"بێ چاو و روو، بۆچی له خۆته‌وه درۆ ده‌كه‌یت؟ ئه‌م درۆ ده‌له‌سانه چییه دروستیان ده‌كه‌یت؟ جه‌نابی پشكنه‌ر خۆی پیاوێكی زیره‌كه، خۆی ده‌زانێت كێ درۆ ده‌كات و كێ راست. ئه‌گه‌ر درۆم كردبێت ئاماده‌م له‌به‌رده‌می جه‌نابی حاكمدا دادگایی بكرێم! جه‌نابی بڕیار ده‌دات. ئه‌م رۆژانه دادگا به‌یه‌ك چاو سه‌یری هه‌موان ده‌كات. ئه‌سڵه‌ن ئه‌گه‌ر بته‌وێت بزانیت، براكه‌ی خۆم له هێزی پۆلیسه ... "
"چه‌له‌حانێ مه‌كه‌ن!"
پۆلیسه‌كه به ریتمێكی هێواش ده‌ڵێت: "نه‌خێر، ئه‌مه سه‌گه‌كه‌ی جه‌نابی جه‌نه‌ڕاڵ نییه. جه‌نه‌ڕاڵ سه‌گی وای نییه. سه‌گه‌كانی جه‌نابی هه‌موویان له ره‌گه‌زی تانجین."
"تۆ دڵنیایت؟"
"ته‌واو دڵنیام، قوربان."
"راست ده‌كه‌ی. سه‌گه‌كانی جه‌نه‌ڕاڵ گرانبه‌هان، ره‌سه‌نن. به‌ڵام ئه‌م سه‌گه، ته‌ماشای بكه، سه‌گێكی بڵح و پیسه! ئه‌سڵه‌ن كێ حه‌زی له‌وه‌یه سه‌گێكی ئاوای هه‌بێت؟ ئه‌گه‌ر هاوتای ئه‌م سه‌گه له مۆسكۆ یان پترسبورگ په‌یدا بێت، ده‌زانی چ به‌ڵایه‌كی به‌سه‌ر دێنن؟ خه‌ڵك، به‌بێ گوێدان به یاسا، له چاوتروكانێكدا له‌ناوی ده‌به‌ن. خریوكین، تۆ زیانت پێگه‌یشتووه، وازی لێ مه‌هێنه. ده‌بێت بڕۆیت خاوه‌نی سه‌گه‌كه هه‌ر كه‌سێك بێت فێری ئه‌ده‌ب بكه‌یت! هه‌ر ئێستا كاتی خۆیه‌تی ..."
پۆلیسه‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ده‌نگی به‌رز بیر بكاته‌وه، ده‌ڵێت: "نه‌كا هه‌ر به‌ڕاستی به‌ڕاستی سه‌گه‌كه‌ی جه‌نابی جه‌نه‌ڕاڵ بێت! سه‌روسه‌كوتیشی له‌و ناچێت. به‌ڵام ده‌ڵێی هه‌ر دوێنێ بوو سه‌گێكی وه‌ك ئه‌مه‌م له حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌یاندا بینی!"
یه‌كێك له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌وه ده‌ڵێت: "من دڵنیام ئه‌مه سه‌گه‌كه‌ی جه‌نه‌ڕاڵه."
"ییڵدرین، یارمه‌تیم بده پاڵتۆكه‌م له‌به‌ر بكه‌م، یه‌كسه‌ر بایه‌كی سارد لێیدام. خه‌ریكه ده‌له‌رزم. سه‌گه‌كه بكه باوه‌شت و بیبه بۆ ماڵی جه‌نه‌ڕاڵ و داوای لێبووردنی لێ بكه. بڵێ من دۆزیمه‌وه و ناردمه‌وه بۆ ماڵتان. پێی بڵێ ئه‌م به‌سته‌زمانه به‌ره‌ڵا مه‌كه‌ن له كوچه و كۆڵان و شه‌قامه‌كاندا. له‌وانه‌یه سه‌گێكی گرانبه‌ها بێت و پاتاڵێك حه‌ز بكات ئاگری جگه‌ره‌كه‌ی بنێت به لووتییه‌وه، به‌ڵایه‌كی به‌سه‌ر بێنێت. سه‌گ ئاژه‌ڵێكی ناسكه. تۆش، كه‌لله‌پووت، ده‌ستت بێنه خواره‌وه، پێویست ناكات ئه‌و په‌نجه سه‌گباب خێوه‌ت نیشانی خه‌ڵك بده‌یت! خه‌تای خۆت بووه ..."
"ئه‌وه سه‌رگه‌وره‌ی چێشتلێنه‌ره‌كانی جه‌نابی جه‌نه‌ڕاڵ هات، با لێی بپرسین ... هێی (پروخور)، وه‌ره بۆ ئێره، سه‌یرێكی ئه‌م سه‌گه بكه،ئه‌مه سه‌گی ئێوه‌یه؟"
"ده‌ته‌وێ بڵێی چی، ئێمه هه‌رگیز سه‌گی وامان نه‌بووه!"
ئه‌چومیلۆف ده‌ڵێت: "ئیتر پێویست ناكات هیچ بپرسیت، دیاره سه‌گێكی به‌ره‌ڵایه. سوودی ئه‌م پرسیار و وه‌ڵامانه چییه؟ كاتێ پێت ده‌ڵێم به‌ره‌ڵا، به‌ره‌ڵایه ئیتر. له‌ناوی به‌ره بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه كۆتایی بێت."
(پروخور) درێژه‌ی به قسه‌كه‌ی دا. "به‌ڵێ سه‌گی ئێمه نییه، هی براكه‌ی جه‌نه‌ڕاڵه. تازه ته‌شریفی هێناوه. جه‌نه‌ڕاڵ حه‌زی بە سه‌گی راوه، به‌ڵام براكه‌ی بۆنا، حه‌زی له‌م جۆره‌یه ..."
بزه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر روخساری ئه‌چومیلۆف داده‌پۆشێت و به‌ده‌نگێكی زل ده‌ڵێت: "چی براكه‌ی جه‌نه‌ڕاڵ ته‌شریفی هێناوه؟ فلادیمیر ئیڤانیچ ته‌شریفی هێناوه؟ بیر له‌مه بكه‌نه‌وه؟ من ئاگام له‌مه نه‌بووه. به‌سه‌ردان هاتۆته‌وه؟"
"به‌ڵێ، به‌سه‌ردان."
"ئای خوایه! ته‌شریفی هێناوه بیری براكه‌ی كردووه، له كاتێكدا من ئاگام لێ نییه. كه‌واته ئه‌مه سه‌گی جه‌نابیانه؟ زۆر خۆشحاڵ بووم! چه‌ند سه‌گێكی نازداره! بیبه‌ن ... گازت له په‌نجه‌ی ئه‌م به‌شه‌ره گرتووه، ها،ها، ها،ها. خنجیلانه، وه‌ره، پێویست ناكات بله‌رزی! خۆت هه‌ڵدا وه‌كو دایكێكی میهره‌بان گازت له په‌نجه‌ی ئه‌م مێشك پووته گرتووە ... چه‌ند سه‌گێكی شیرینی!"
پروخور بانگی سه‌گه‌كه ده‌كات و له‌گه‌ڵیدا له حه‌وشه‌ی دارفرۆشه‌كه ده‌چێته ده‌ره‌وه. خه‌ڵكه‌كه به خریوكین پێده‌كه‌نن.
ئه‌چومیلۆف پاڵتۆكه‌ی له خۆی ده‌ئاڵنێت و به ریتمێكی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز به خریوكین ده‌ڵێت: "په‌له‌مه‌كه، دوایی حسابت له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م!"
به‌ناوه‌ڕاستی بازاڕه‌كه‌دا درێژه به رێگاكه‌ی خۆی ده‌دات.
سه‌رچاوه:
انتون چخوف/ بهترین داستان های كوتاه.