سەعدی پیرە: حکومەتی تاک لایەنی تا دێگەڵە دەستی دەڕوات

10:21 - 2023-07-22
کوردستان
718 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام تانەی لەسەر شێوازی ئەنجامدانی پرۆسەکە هەیە، هاوکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نەگۆڕاوە و  لەسەر تەوەرەکانی پێشوو لە کۆبوونەوەکانی بەردەوام دەبێت، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش دەڵێت، "هەر لایەنێک بیەوێت لە هەرێمی کوردستان بەتەنها حکومەت بەڕێوەببات، حکومەتەکەی هەتا دێگەڵەیە".
یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی رێکخراوێکی جیهانی دەکات
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی گەلی کوردستاندا رایگەیاند، "وەک نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداربووم لە کۆبوونەوەی رێکخراوێکی جیهانی کە بۆ سەرجەم پارتە سۆسیالست و دیموکراتییەکانە و بەشێکە لە سۆشیالست ئینتەرناشیۆناڵ، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-یش بەهۆی سەرۆک مام جەلال کە پێشتر جێگری سەرۆک بوو، کە وەفاتی کرد بووە سەرۆکی فەخری رێکخراوەکە، ئەندامی رێکخراوەکەیە".
ژن لە یەکێتیدا پۆستی گرنگی هەیە
وتیشی، "لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەو حکومەتەم کرد کە تەشکیلمان کردووە حکومەتی کورد و شیعە  سوننە و پێکهاتەکانی ترە و لە ماوەیەکی کەمدا توانی بۆ یەکەم جار بۆ سێ ساڵ پڕۆژە یاسای بودجە جێگیربکات، هاوکات ئاماژەم بەوەکرد ژن لای ئێمە پۆستی گرنگی هەیە و لە پەرلەمانی عیراق و کوردستان لە یەک لەسەر سێ زیاتر ژنمان هەیە".
یەکێتی و پارتی دوو حزبی منافسن
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و شیوازی حکومڕانی پیرە وتی، "هەر لایەنێک بیەوێت لە هەرێمی کوردستان بەتەنها حکومەت بەڕێوەببات، حکومەتەکەی هەتا دێگەڵەیە، چونکە جوگرافیای وڵاتەکەم و نەخشە سیاسییەکەی و هەستیاری پرۆسەکەشم لە لایەنی یەکێتی و پارتییەوە لەبەرچاوە، بۆشم روون بووەتەوە کە لە کاتی بوونی دوو ئیدارە و یەک ئیدارە پێکەوە ئیشکردنی یەکێتی و پارتی ئەڵتەرنەتیڤی نییە، ئێمە و پارتی دوو حزبی منافسین، دوژمنی یەکتری نین".
ناکرێت پارتی پێی وابێت حزبی حاکمە
هەر لە بەرنامەکەدا سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، "ناکرێت پارتی پێی وابێت حزبی حاکمە، ئەم بارودۆخە پێویستە چارەسەربکرێت و هەوڵبدەین زەمینەیەک سازبکەین خەڵک بتوانێت لە زاخۆوە هەتا خانەقین مافی خۆکاندیدکردن و چالاکی هەبێت، دەبێت دەنگە ناسازەکان بکوژێنینەوە و بە گفتوگۆ چارەسەری کێشەکان بکەین، چونکە ئێمە هەرەشەمان لەسەرە و وڵاتانی دەوروبەر بە درۆن هێرشماندەکەنە سەر.

وتیشی، "لە کۆبوونەوەکەی نێوان یەکێتی و پارتی توڕەبوونەکەی سەرۆک بافڵ-م پێ لەجێی خۆی بوو، چونکە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرێک بابەتی خستەلاوە و رووبەروی رەخنەش بووەوە لەپێناوی گەیشتن بەدەرئەنجامێکی باش، هەروەها مەرکەزیەتی پارتی ئەوەندە لاواز نییە هەر کەسێک هەڵسێت قسە بکات، بەتایبەت لە بارودۆخێکی لەو جۆرە هەستیاردا، ئەوە کارێکی باش نەبوو دووبارە نەکردنەوەی و رێگرتن لەو جۆرە بۆچوونانە زۆر باشە".
هەرێم بەرەوە کەنارێکی ئارام ببەین
پیرە ئاماژەی بەوەشکرد، "مەسەلەی وەزارەتی ناوخۆ، پێشمەرگە، ئاوەدانکردنەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی بۆ ئێمە گرنگن، پێویستە بە ئەمانەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بەجۆرێک ئامانجیان پارێزگاری لە هەرێم و دژایەتیکردنی دەستێوەردانەکانی دەرەوە و بردنی هەرێم بەرەو کەنارێکی ئارام بێت".
سەعدی ئەحمەد پیرە سەبارەت بە بەردەوامی کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی وتی، "کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی بەردەوام دەبن و بابەتەکانی کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت ناگۆڕێت و یەکێتی وەک حزبێکی سیاسی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن بەڵام تانەی لەسەر شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە هەیە".
یەکێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن
هاوکات سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان پیرە وتی:" پارتی هەموو هەوڵێک دەدات کە لەهەڵبژاردندا ٪51 کورسییەکان بەدەستبهێنێت، پێیوایە یەکێتی هێشتا خۆی کۆنەکردووەتەوە، پێموایە یەکێتی ئامادەیە، هەر بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین بەشداری هەڵبژاردن بکەن لەسەر ئەساسی پڕۆگرامی لایەنە سیاسییەکان، دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە زۆرترین خزمەتیان دەکات".
PUKMEDIA

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #حکومەتی هەرێمی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان