چیلی، سەرەتای هەموو شتێک

11:31 - 2022-05-11
ڕاپۆرت
494 جار خوێندراوەتەوە

فرانک گۆدیشۆ*  

ئا: ئەرسەلان حەسەن

کاندیدەکانی باڵی چەپی گابریێل بۆریک بە مسۆگەرکردنی لە 55.87٪ی دەنگەکان، لە بەرامبەر خۆسێ ئەنتۆنیۆ کاست-ی، پۆستی سەرۆک کۆماری بردەوە، بۆریک تەمەنی 35 ساڵە و گەنجترین سەرۆک کۆمارە لە مێژووی ئەمریکای لاتیندا. 
شەوی19ی کانوونی یەکەمی2021، شەپۆلی شادی زۆربەی چیلی گرتەوە. تەزووی ئەم سەرکەوتنە، گروپی سەرکردایەتی چەپی راتەکاندو لە ماڵەوماڵەوە چوەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەدان هەزار هاووڵاتی چیلی، ژن و پیاو پێوەندییان پێکەوە کرد. 
خوسێ ئەنتۆنیۆ کاست-ی نیۆلیبراڵ راست توندڕەو لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، فۆبیای بەدەستنەهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەبوو، کە لە سوێی سەردەمی دیکتاتۆری ساڵەکانی 1973 – 1989ی ئۆگستۆ بینوشێ دەژیا، بەڵام هاوپەیمانی چەپی «من داکۆکیکار و شکۆیانم» پێکهاتوو لە حزبی کۆمۆنیست، بەرەی فراوان و ئیکۆلۆژیستە ناوچەگەراکان بە رابەری گابریێل بۆریک، چۆکی بەم بزووتنەوەیە دادا. ئاپۆرای خەڵک لە شەقامەکانی سانتیاگۆ و شارەکانی وڵات شادمان و مژولی هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ گێڕان بوون. ئاهەنگی جەماوەری بە وتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی. فیقەفیقی ئۆتۆمۆبێلەکان، تا نیوەشەو بەردەوام بوو. 

بەشدارینەکردنی خەڵک
پێشتر هەمیشە گریمانەی سەرکەوتن پێشبینی نەدەکرا، چونکە کەسانی دوودڵ لەشکرێک بوون. لە خولی یەکەم لە 53٪ی دەنگدەران، دەنگییان نەدا. ساڵی1990 لە کاتی گواستنەوەی دیموکراسی و بە تایبەت کۆتایی ساڵی2012، مەیلی کۆتاییهێنان بەزۆرەملێیی دەنگدان، بەشدارینەکردنی خەڵک و زۆر خەمساردی دیموکراسی بەرەنجامی سیاسەتی لیبراڵ و هەموو میراتەکانی ستەمکاری دەبینرا.

گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵکی
ناوەندەکانی بۆریک لە نێوان خولی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردن، چالاکییەکانیان لە چینی مام ناوەندی شارییەوە بۆ دوورترین شوێنی چیلی و وڵاتانی دوور لە باکوور تا باشوور، ناوچە گوندنشین و شوێنە هەژارنشینەکان فراوان کرد. بەهاندانی دەنگنەدەران بۆ دەنگدان، توانی لەو ناوچەیە پێشی بکەوێتەوە، کە کاست ئەنجامێکی باشی هەبوو. ئەم هاندانە  بووەهۆی بەشداریکردنی لە 56٪ لە خولی دووەم، لە کاتێکدا ژمارەی دەنگدەران بۆ جاری یەکەم نزیکەی 8 ملیۆن کەس تێپەڕی و بۆریک بە جیاوازی 10 شوێن، لە رکابەرەکەی بردەوە. ئامادەبوونی ئیزیکا سیچزی 35 ساڵە کە رۆڵێکی یەکلا کەرەوەی بینی، فاکتەرێکی سەرکەوتنی بوو. خەڵکی ناوچەی ئەریکای باکووری چیلی و لە سەردەمی کۆرۆنا، سەرۆکی کۆلێجی پزیشکی و دەربارەی پرسی تەندروستی نەیارێکی ناسراوی سەرۆک کۆماری ئەودەم، سپاستیان پینێرا بوو کە بەنۆرەی خۆی توانی ململانێی هەڵبژاردن بەجۆشوخرۆش بکات. یەکەم داتای هەڵبژاردنەکان پیشانیدا کە ژنان، چین و توێژەکانی خەڵک و لاوان، داینەمۆی سەرەکی سەرکەوتن بوون و بەشداریکردنی فراوانیان بوەتە جیاوازی ملیۆنێک دەنگی هەر دوو کاندیدەکە. لە گوندەکانی خۆرئاوای سانتیاگۆ لە 68٪ی ژنانی تەمەن خوار 30 ساڵ دەنگیان بە بۆریک دا، لە کاتێکدا کاست لای کەسانی تەمەن 70ساڵ پێگەی بەهێز بوو. 

چەپی نوێ
ئەم «چەپی نوێ» نەریتگەرایە بەناوی «Frenteamlista» ئامانجی گەورەی هەیە، خۆی بە نیۆلیبڕاڵ و لایەنگیری چاکسازیی دەزانێ و میدیا نێودەوڵەتییەکان و چیلی، تۆمەتی کۆمۆنیستی دەدەنەپاڵ، کە ئاسمان و رێسمانە. بۆریک لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی حزب توانی بە سەر سەرۆک شارەوانی کۆمۆنیست، رکۆڵتا دانێل جەدۆ، کەسایەتی جەماوەریدا سەربکەوێت، کە زیاتر ئاماڵ چەپ بوو. بۆریک و بەرەی فراوان کاریگەری ئەرێنی ئەم تاکتیکەیان بینی. لە توێشووی بەرنامەی هەڵبژاردنیان، سیاسەتی باج بەرمەبنای وەرگرتنی باج لە سامانی زۆر و کۆمپانیا گەورەکان بۆ چاکسازیی کۆمەڵایەتی دەبینرێت، کە بریتییە لە تەندروستی گشتی، وەبەرهێنان لە بەشی پەروەردە و خوێندن، پێدانی کاروباری خانەنشینی بە کەرتی حکومی (لە سەردەمی بینۆشێ لای کەرتی تایبەتی بووە)، بە یاساییکردنی لە باربردنی کۆرپەلە و یاساکانی پشتگیریکردن لە ژنان و کەمینە رەگەزییەکان. دەبێت هەوڵی بنەڕەتی بۆ دۆزینەوەی مۆدێلێکی ئابووری گونجاوتر بە ژینگەو دانوستان بۆ وەرگرتنی مافە نوێیەکانی کەمینەی ماپوچ، بۆ ئەم لیستە زیاد بکرێت. 
ژمارەیەک لە سەرووی پارێزەرانی دروشمی «من داکۆکیکار و نوێنەریانم» لە دەوری ئەم بەرنامەیە کۆبوونەوە، بەڵام زیادبوونی بەرچاوی بەشداریکردنی خەڵک لە خولی دووەمی هەڵبژاردن، بە تایبەت لە شار و ئەو ناوچانەی لە خولی یەکەم دژی چەپەکان بوون وەک ئۆتۆڤاگاستا بە تەواوی هاوڕای بۆریک نەبوون، بەڵکو کاردانەوە بوو بە گردبوونەوەی راست تووندڕەو کە سروودەکانی لایەنگری بینۆشێیان وتبوەوە و دژی «کاست» بوون. 

سەرۆک کۆماری تەواوی چیلییەکانە
بۆریک لە یەکەم وتەیدا، جەختیکردەوە سەرۆک کۆماری تەواوی چیلییەکانە بە ژن و پیاو و هاوکات چەند جارێک ئاماژەی بە سلڤادۆر ئالندەی سەرۆک کۆماری سۆشیالیستی چیلی کرد، کە لە کودەتای ساڵی1973 کوژرا. بۆریک داکۆکی لە پڕۆسەی رسکانی چیلی کرد و وتی: «ئەمە یەکەمجارە دەستورێکی دیموکراسییانە دەنووسین. با پشتگیری لەم پڕۆسەیە بکەین تا ئەم دەستورە بەرەنجامی لێکتێگەیشتن بێت، نەک سەپاندن». لە ڕاستیدا دوای ریفراندۆمی تشرینی یەکەمی2020 و هەڵبژاردنی دەستور، کە مانگی ئایار راپرسی بۆ کراو دەستوری ساڵی1980ی میراتی بینۆشێ هەڵوەشایەوە. 

مژدەی گۆڕانگاریی
بۆریک مژدەی گۆڕانگاریی ستراکچەریدا: «پێویستە ئێمە پەرەیەکی زۆر بە گەشەکردنی ئابووری بدەین، بێ ئەوەی کەس جێبێڵین و سامانی ئابووری بۆ مافە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕین، بێ ئەوەی فۆکەس بخەینەسەر داهاتی تاکەکان، کە بۆ ژمارەیەک کاڵای بەرخۆرە». بۆریک بەپێدانی مافی تایبەتی بە رکابەرەکانی دەریخست کەسێکی جدییە. لە نێوان خولی یەکەم و دووەم، بەرنامەی هەڵبژاردنەکانی بەرەو مەیلی میانڕەوی ئاڕاستەی گۆڕی کە بە زیانی حزبی کۆمۆنیست بوو. بەمشێوەیە ئەوەندە لە حزبەکانی هاوپەیمانی کۆن نزیک بوەوە تا چەند ئابووریزانێکی ناسراوی وەک سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی رۆبەرتۆ زاهلەر و کەسایەتی زۆر لیبڕاڵ ریکاردۆ فرەنچ داویس، بۆ دڵنیابوون سەرمایەدارەکانی بۆ تیمەکەی زیاد کرد. لەبەرئەوە هەندێک لە جوڵانەوە کۆمەڵاتییە چەپەکان رەخنەیان لە بۆریک گرت و مۆری (زەرد)یان لێدا، بەڵام ئەو هەوڵی کۆدەنگی دەدا. هەڵوێستەکانی دەربارەی کەمینەی نەتەوەیی ماپوچ ئاڵۆزە (بە تایبەت پرسی مافی دیاریکردنی چارەنووس و گەڕاندنەوەی زەوی پێشینان) یان مافی کارکردن. لایەنگری لێبووردنی گشتی نییە. لێبوردنی گشتی ئەوانە دەگرێتەوە کە جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان پێیانووتن «زیندانیە سیاسییەکانی شۆڕش» و لەدوو ساڵی رابردوو، بێ دادگاییکردن، هەندێک جار زیندانیکران و جاروبار لە ماڵەکەی خۆیان دەستبەسەر بوون. 

کاریگەرییەکانی سەرکەوتنی چەپ لە ناوچەکە
بوونی 12 نوێنەری کۆمۆنیست چەپی بەهێز کردووە و بەرەی «من لایەنگر و شکۆیانم» بەگشتی 37 کورسی لە 150 کورسی بەدەستهێناو هاوکات توانی پێگەی لە سەرۆکی شارەوانیەکان بە تایبەت لە ناوچە سەرەکیەکانی وەک سانتیاگۆ، ڤاڵپارزو، ڤینا دل مار، ڤاڵدیڤیا (لە باشوور) قایم بکا، بەڵام دەبێت دەسەڵاتی یاسادانان بۆ جێبەجێکردنی هەر چاکسازییەک دانوستان لەگەڵ راست و حزبەکانی هاوپەیمانی کۆن بکات. ئەو حزبانەی زیاتر رەخنەی لێگرتوون و ئەوانیش دژی هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بوون. 
پێویستە بڵێین دۆڕانی کاست لەم هەڵبژاردنە بۆ هەمیشە و دوورنییە بۆ دووبارە سەرکەوتن، هەنگاو بنێ و لە شەوی راگەیاندنی ئەنجامەکان، ئەمەی بیر لایەنگرەکانی هێنایەوە. «بۆلسونارۆی چیلی» سوورە لە سەر بەدەستهێنانی مافی تایبەتی. برای وەزیری پێشووی ئابووری سەردەمی دیکتاتۆری و کوڕی نازییەکی ئەڵمانی دەتوانێ دنیای قەدەری دەسەڵاتی کۆن و ساڵەکانی1980 بیربێنێتەوە. هەڵبەتە باسکردنی ئەو شرۆڤەیە، وادەکات گوێ بەو کارەساتە نەدەین لە ئەمریکای لاتین روو دەدات: هەڵتۆقینی راست تووندڕەو بە پێی گوتاری ئەخلاقگەرا، کڵێسای ئینجیلی، کاسۆلیکە دەمارگیرەکان، فۆبیای بێگانە، بەرکەوتەی دوژمنانە بە کۆچەران، فۆبیای سەرکەوتنی فێمێنیستەکان و جوڵانەوەی (هۆمۆسێکسواڵەکان، نێرەموکەکان...). کاست شانازی دەکات بە 15 نوێنەرو سیناتۆرێک لە پەرلەمان.
بێگومان خەڵکی چیلی سەرکەوتنێکی بەرچاوییان بەدەستهێناوە، کە کاردانەوەی ناوچەیی و جیهانی هەبووە. ئەمە تازە سەرەتای رێگەکەیە. 


* مامۆستای زانکۆی ژان ژۆرس لە تۆڵۆز.

سەرچاوە:
https://ir.mondediplo.com

بابەتە پەیوەندیدارەکان