تاهیر ئیبراهیم
دوێنێ، جۆرجیا مێلۆنی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا لە رۆما پێشوازی لە سەركردەكانی وڵاتانی دەریای ناوەڕاست كرد بە ئامانجی گرتنەبەری شێوازی نوێی هاوكاری لە نێوان وڵاتاندا، هاوشێوەی ئەو رێكەوتنە نمونەییەی كە لە نێوان یەكێتیی ئەوروپا و تونس ئیمزاكراوە بە ئامانجی سنوورداركردنی هاتنی كۆچەران.
مێلۆنی ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆچی نایاسایی كاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی دەریای ناوەڕاست هەیە، هاوكات هەوڵیدا هاوپەیمانییەكی فراوان پێكبهێنرێت كە چەند وڵاتێك لەخۆبگرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی ئیتالیا كراوە بووە بۆ وەرگرتنی خەڵكی زیاتر لەڕێگەی یاساییەوە، چونكە «ئەوروپا و ئیتالیا پێویستیان بە كۆچەر هەیە»، وتیشی: پێویستە هەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ رێگریكردن لەو كۆچەرانەی كە هەوڵی بەزاندنی دەریای ناوەڕاست دەدەن لەم گەشتە مەترسیدارەدا بە بەكارهێنانی رێگا نایاساییەكان.