بۆچی هیندۆسەکان گا دەپەرستن؟

11:55 - 2023-07-30
دووتوێ
679 جار خوێندراوەتەوە

هیندۆسەکان ژمارەیان  900ملیۆن کەس دەبێت و زۆربەیان لە هیندستان دەژین، ئەو نەتەوەیە لەپێش 3000 ساڵ لەمەوبەرەوە بەبڕوایەکی پتەوەوە گا دەپەستن و بە پیرۆز و پڕبەهای دادەنێن، سروتی تایبەتی ئاینیان هەیە، لەکۆندا گۆشتی ئەو ئاژەڵەیان خواردووە، بەڵام لە سەدەی چواردەمەوە حەرامیان کردووە و ئاینەکەیان وایان لێدەکات هەرگیز گا نەکوژن و گۆشتەکەی نەخۆن، هەرچەندە هیندۆسەکان سەربەژامرەیەکی زۆر لە مەزهەبی ئاینی جیاجیان، بەڵام هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە گا یەکێک بێت لە پیرۆزیەکانیان.

دیرۆکی مێژوویی 
هەندێک سەرچاوە پێیان وایە پیرۆزی گا مێژووەکەی بۆ 5000 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەو کات پیاوێکی ئاینیان هەبووە ناوی « کریشنا» بووە و کاری گاوانی کردووە، زۆر بەناوبانگ و خواپەرست بووە و لای خەڵک خۆشەویست بووە، بۆیە لەدوای ئەوەوە گا بە بەپیرۆز ناسراوە، چونکە ئەو پیاوە بەخێوی کردوون، سەرچاوەی تر دەڵێت ئەو دیندارە بە «جۆفیندا» ناسراوە واتە شوان و بەخێوکەری گاکان، هەر بۆیە پیرۆزیی گا لەو کەسایەتییەوە هەڵقوڵاوە.

کتێبی پیرۆز
هیندۆسەکان کتێبی پیرۆزیان هەیە و ناوی « فیدا» یە، ناوی گا پەرستن و حەرامکردنی گۆشتەکەی لەناو ئەو کتێبە باسکراوە، بۆیە سەرجەمیان نە گا دەکوژن و نە گۆشتەکەشی دەخۆن، لە مێژووی ئەو نەتەوەیەدا شەڕ و کوشتاری زۆر روویداوە لەگەڵ ئەو گەل و نەتەوە و ئاینانەی گۆشتی گایان خواردووە، بەروبووم و بەرهەمی مانگا وەک شیرو ماست و پەنیرو کەرە و هی تر لای ئەو نەتەوەیە بەهای تایبەتی خۆی هەیە جگەلەوەی بە سەرچاوەی خێرو بەرەکەت و رسقی دەزانن وەک داو و دەرمانیش بەکاریاندێنن، پاشەڕۆکەشی وەک سەرچاوە و بەرهەمهێنی وزە و کارەبا بەکاریدێنن و دڵخۆشن بەو رووناکییەی سەرچاوەکەی لەوەوە بەرهەمدێت، بۆ کشتوکاڵیش بە نایابترین پەین دادەنرێت.

وەزعی گا لەئێستادا
لەو وڵاتانەی زۆرینەیان سەر بەئاینی هیندۆسین وەک هیندستان و نیپاڵ، گا لایان پیرۆز و سەروەرە، بۆ هەر کوێ بچێت ئازادە و دەتوانێت لەناو شەقام و بازاڕەکانیشدا بسوڕێتەوە بەبێ ئەوەی کەسێک شتێک بڵێ، خەڵکی بە رێزێکی زۆرەوە تەماشایان دەکەن و خواردنیان دەدەنێ، بەپێی یاسا ئەگەر یەکێک ئازاری گایەک بدات یان بیکوژێت سزاکەی زیندانیە و دادوەر دیاری دەکات، ئەوان جەژنێکی تایبەتیان هەیە ناوی» دیوالی» یان جەژنی ئاگرە لەو بۆنەیەدا خەڵکی لەسەر ئەرز رادەکشێن و گا بەسەریاندا دەڕوات تا پشکێک لەو پیرۆزیەیان بەرکەوێ و دووربن لە بەڵا و نەخۆشی، لە ناوچەی تر لەو جەژنەدا گا و مانگا و گوێرەکە بەڕەنگی هەمەجۆر دەڕازێننەوە و زەنگۆڵەیان پێوە دەکەن و نمایشیان پێ دەکەن.

گاندی و کێشەی گا
لە سەدەی نۆزدەیەم گاندی سەرکردە و رابەری هیندییەکان هەڵمەتێکی دژی ئەو مەزهەب و نەتەوانە دەستپێکرد کە گۆشتی گایان دەخوارد و لێی حەرام کردن، بۆیە پشتیوانی موسڵمانەکانی لەدەستدا و سەرئەنجام وڵات بوو بە دوو جەمسەر و دوو بڕواو دوو رەوتی دژ بەیەک، وەک سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن هەر ئەو هۆکارە بووە هۆی شکست لە یەکهەڵوێستی گەلەکەی و لەساڵی 1947 دا وڵات دابەش بوو موسڵمانەکان کەوتنە بەری پاکستان و ئەوانی تریش کە زۆرینە بوون لای هیندستان مانەوە.

سەرچاوە: TV WDR

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان