کۆمەڵگە هاوکارە بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگی پووچ

11:59 - 2023-07-30
دووتوێ
484 جار خوێندراوەتەوە

هاوژین عەبدولواحید
سروشتی مرۆڤ هەر لە کۆنەوه تا ئەمڕۆ وایە ئارەزووی بۆ ناوبانگ یەکێک بووە لە ئارەزووە گرنگەکانی، هەروەها زۆرن ئەو کەسانەی بێ سنوور ئالوودە و شەیدای ناوبانگن و بۆ بەدەستهێنانیی چەندەها رێگەی جۆراوجۆر دەگرنەبەر و تەنانەت ئەگەر سەنگ و کەسایەتیشیان لەدەست بدەن، بەڵام دوو جۆر ناوبانگمان هەیە ئەرێنی و نەرێنی.
ناوبانگی ئەرێنی یاخود ئەو جۆره ناوبانگەی لەگەڵ تەمەن نییە و له پاش مەرگیش شانازی بۆ نەوەکانی دەمێنێتەوە یاخود بەپێی گرنگیەکەی بەدرێژایی مێژوو لەو ناوبانگە رووسوور دەبێت، ئەو جۆرە ناوبانگە بەئاسانی بەدەست نایەت، کەسانی بێ توانا و بێ بەهرە و بێ زانست و مەعریفەت ناتوانن بگەن بەو پێگەیه کە تەمەنێک قوربانی و شەونخونی دەوێ. توانای گەورەی دەوێ تا بتوانی ببی به جێگەی شانازی پێویستە کەسێکی داهێنەر و تەواو شارەزابیت لە بوارەکەی خۆتدا جا ئەو بوارە تەندروستی بێت یاخود هونەری یان فەلسەفی ...هتد ئەمجۆرە ناوبانگە زیاتر لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بەرچاو دەکەوێت که جۆرەها پاڵپشتی و هاندان و خەڵات پێشکەش بە خاوەن بیرۆکە جوانەکان و خاوەن داهێنانەرە راستەقینەکان دەکرێت.
بەڵام ناوبانگی نەرێنی و بێ سوود ئەو جۆرە ناوبانگەیە که زۆر ئاسانتر بەدەستدێت و پێویست بە لێهاتوویی و کارامەیی و ژیری و داهێنان ناکات هەندێکجار پێویست بە بوونی زانیاریش ناکات لە هیچ پیشەیەکدا ئەمەیان جۆرێکی ناشیرینی بەدەستهێنانی ناوبانگە و تەمەنێکی کەم بە شێوەیەکی ناشیرین دەکەونە بەرچاوی خەڵکی و دواتر نامێنن.
زۆربوونی ئەمجۆرە ناوبانگه زیانی زۆری هەیە بۆ کۆمەڵگە که بەرەو پووکانەوە و لاوازی و نا هۆشیاری و قەتیسبوونی دەبات. 
جێگەی داخە ئەمجۆره ململانێی بەدەسهێنانی ناوبانگی نەرێنییە له کۆمەڵگەی کوردی زۆر زەقە و بەسەدان کەس گەورە کراون لەلایەن خەڵکەوە بەتایبەت ئەوەی ئێستا لە دنیای سۆشیاڵ میدیادا دەکرێت لە سووکایەتی بەیەک و خۆ سووککردن و شکاندنی یەکتر و تا ئەوەی وەک بووکەڵەیەکی سێکسیش خۆیان دەردەخەن. 
ئەوەی جێی سەرنج و  تێڕامانە ئەوەیە ئەوانە هەواداری زۆریان هەیە و گرنگی بەوەش نادەن بەد ناوببن، چونکە رێگەی نوێ بۆ بەدەستهێنانی پارە ناوبانگیان وادەخوازێت  ـ بولد جیرالد ـ دەڵێت:(بێناوی زۆر باشترە لە بەدناوی) لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیادا بە دەستهێنانی ناوبانگ، ئاسان نییە، كەسانی بێتوانا و بێ بەهرە، رێگەیان پێنادرێـت لە رێگەی میدیاوە دەربكەون و بەناوبانگ بكرێن، بەڵام بەداخەوە، لە وڵاتەكەی ئێمەدا و لەناو میدیای كوردیدا، دۆخەكە تەواو پێچەوانەیە، ھەر ئەوەندە کەسەکە توانای دەرکەوتنی ھەبێت، ئیتر بەبێ بەھرە و لێهاتوویی لەلایەن میدیاکانەوە گەورەدەکرێن و بۆ کۆکردنەوەی بینەر بە چەندەھا شێوەی جیاواز بەکاردەھێنرێن.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان