چرۆ رەشید
رۆڵ و ئەرکی باخچەی منداڵان لەگەڵ خێزان و دایباب هاوشانە لە پەروەردەکردنی منداڵاندا، هاوئاهەنگی و تەواوکاریی لەنێوان پەروەردەی باخچە و خێزان کارێکی تەواو دروستە، چونکە قۆناغی باخچەی منداڵان بنچینەی بنیادنانی کەسایەتی منداڵە و پێویستە مامۆستای باخچە ئاشنابێت بە خەسڵەتە دیارەکانی گەشەی منداڵ لەم قۆناغەدا، بزانێت چی یارمەتی و رێنمایی و ئاراستەکردنێکی پێویستە، تەواوکاریی بە مانای دروستکردنی پەیوەندی نێوان دایباب و مامۆستایە بە بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە بەڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی زانیاری و وەرگرتنی شارەزایی دەبێت، چونکە هەردووکیان هەمان ئامانجیان هەیە و بە هەردوولا دەتوانن رووبەڕووی تەواوی کێشە و ئاستەنگەکان ببنەوە کە تووشی منداڵان دەبێت.
کێشە و گرفتەکانی منداڵان
زۆربەی ئەو کێشە و گرفتانەی منداڵ کە رووبەڕووی خێزان و ناوەندە پەروەدەییەکان بە گشتی دەبنەوە وەک ( گۆشەگیریی _ شەرم _ ترس _ شەڕانگێزیی _ فرە جووڵەیی _ بە ئاستەنگ قسەکردن _ مانگرتن لە خواردن _ تووڕە بوون _ هتد....)
ئەمجۆرە منداڵانە هۆکاری پاڵنەریان هەیە بۆ ئەم کێشە ئاکارییانە لەم قۆناغەدا، منداڵ هەوڵدەدات سەرنجی دەورووبەر بەدەست بهێنێت بە شێوەی نادروست کە لەگەڵ ئاراستەی کۆمەڵگە گونجاو نییە و لە رەفتاری منداڵدا تەنگەژەی دەروونی دەردەکەوێت یان هەندێک کات پەیوەندی بە ژینگەی دەوروبەری منداڵەوە هەیە، چونکە منداڵان لاساییکەرەوەی رەفتاری گەورەکانن بە تایبەتی لە خێزاندا، بۆیە پێویستە زۆر بە وریاییەوە لەبەرچاوی منداڵ هەڵسوکەوت بکەین، لەلایەکی ترەوە زۆربەی ئەو فیلم و دراما نا پەروەردەییانەی بوونەتە دیاردە و خێزانەکان منداڵەکانیان هاوبەشیی پێدەکەن لە تەماشاکردنیاندا لەبەرئەوەی هەندێ فیلم هەن هەڵگری چەندان بابەتن کە دەبنە هۆی دروستبوونی کرداری پێچەوانە و نادروست لە منداڵدا کاریگەریی نێگەتیڤیان دەبێت لەسەر هەڵسوکەوت و رەفتاری منداڵ، نەبەخشینی کات بە منداڵ و گفتوگۆ نەکردن و دەرفەت پێنەدان بۆ دەربڕینی راوبۆچوونەکانی دیارینەکردنی کاتی سنووردار بۆ بەکارهێنانی ئایپاد و یارییە ئەلیکترۆنییەکان ئەمانە و چەندان هۆکاری تر لەپێناو رێگریکردن لە کاریگەرییەکانیان و کەڵەکەبوونیان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی سەلامەتی و تەندروستی دەروونیی ئێستا و ئایندەیان، منداڵ پێویستی بە مامەڵەی تایبەت هەیە چونکە چارەسەرکردنی گرفتەکان لە قۆناغی سەرەتای تەمەنی منداڵدا ئاسانترە لەوەی لەگەڵ تەمەنیدا ئەم گرفتانە گەورە بن و کاریگەری نێگەتیڤیان زیاتر دەبێت لەسەر ئاکار و هەڵسوکەوتیان، هاوکات کارکردن لەسەر ناسینەوەی منداڵانی خاوەن گرفت ئەرکی هەموو دایک و باوک و مامۆستایەکە، چونکە ئەگەر هەوڵ نەدرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گیروگرفتە دەروونیانە ئەوا کێشەکان ئاڵۆزتر دەبن لە قۆناغەکانی داهاتوویاندا، کەواتە دایبابانی بەڕێز وەرن با بە هاوکاری و هاوبەشی هەردوولامان لە هەوڵی ئەوەدا بین منداڵ بەو شێوەیە پێشکەشی کۆمەڵگە نەکەین و یارمەتیان بدەین چارەسەری گرفتەکانیان بکەن بە مامەڵەی دروست و تایبەت، چونکە گرفتەکانی منداڵ سادە و ساکارن و پەیوەستن بە پرۆسەی گەشەکردنیانەوە جا ئەگەر ژینگەی خێزان و ناوەندە پەروەردەییەکانی گونجاو نەبێت ئەوا منداڵ رووبەڕووی زۆر کێشە و گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، بۆیە با تێکەڵی حەز و ئارەزووی منداڵەکانمان بین و زیاتر لێیان نزیک بینەوە کاتی زیاتر ببەخشین بە منداڵان و گفتوگۆ و قسەیان لەگەڵ بکەین گوێ لە راو بۆچوونەکانیان بگرین و هانیان بدەین بۆ رەفتاری شیاو و پاداشتیان بکەین ئەو هەستەیان لەلا دروست بکەین گرنگن و بە نەرموونیانی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەین خۆمان بە دوور بگرین لە سەرزەنشتکردن و کەمکردنەوەیان بۆ ئەمەش پێویستمان بە بەهێزکردن و یەکخستنی پەیوەندی باخچە و خێزانە هەر دژیەکییەک لەنێوان شێوازی پەروەردەیی خێزان و باخچەدا هەبێت دەبێتە گەورەترین بەربەست لە بەردەم پەروەردە و گەشەی کەسایەتی منداڵدا.
قۆناغی باخچەی منداڵان تەنها قۆناغی فێربوون و بە دەستهێنانی زانیاری نییە، بەڵکو قۆناغێکە منداڵ گەشەی گشتگیر دەکات پاڵپشت بەو شارەزاییانەی کە یارمەتی دەدەن بە ئاراستەی خوازراودا گەشە بکات.