داتا سووتەمەنی نوێی ئابوورییە

09:53 - 2023-07-31
ئابووری
482 جار خوێندراوەتەوە
بیگ داتا، بۆتە باسی گەرمی ناودارانی ئابووری و وەبەرهێنەران

فەیسەڵ عەلی

چوونە نێو سەردەمێکی نوێی دیجیتاڵییەوە، کە هاوکاتی گۆڕینی ئامرازە مەعریفییەکانمانە، بەرەو شۆڕشێکی مەعریفیمان دەبات کە سیستمێکی پەرەسەندووی ئابووری پێکدێنێت، چیتر نەوت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گشتگیری ئەم شۆڕشە دیجیتاڵییەدا، پێوەری سامانی گەلان و ئابوورییەکانیان نییە، داتا جێی نەوت دەگرێتەوە، ئەم نەوتە نوێیە دەبێتە مەیدانی کێبڕکێی ئابووریی نێوان دەوڵەتان. 
ئێستا داتا گەورەکان 
(Big Data)، بۆتە باسی گەرمی ناودارانی ئابووری و وەبەرهێنەران، بەوەی بایەخێکی زۆر گرنگیی لەم قۆناغە نوێیەی ئابووریدا هەیە، داتا و زانیاری بۆتە ئەو سوتەمەنییەی کۆی سیستمی ئابووری بە هەموو کەرتە ئابوورییەکانییەوە، بە پیشەسازی و تەندروستی و سەربازییشەوە بەگەڕ دەخات.

کەرتی پێشەسازی
داتا بە ناوەرۆکە گشتییەکەی، گوزارشت لەو زانیارییانە دەکات کە لەسەرچاوە هەمەجۆرەکانەوە هەڵدەهێنجرێن، داتای تایبەت بە کەرتی پیشەسازی هەیە، لەوانە داتای بەگەڕخستنی ئامێرەکان و پەککەوتنیان کە دەشێ چاودێریی و تۆمار و کۆگا بکرێن، تا دواتر بە شێوەیەکی باشتر بۆ بەگەڕخستن و چاککردنەوەی ئامێرەکان سوودیان لێوەربگیرێت. هەروەها داتاکانی کەرتی تەندروستی، کە شێوازی هەمەجۆر دێت، لەوانە داتای نەخۆش و جۆری نەخۆشی و چارەسەرییەکان و کارلێکردنیان لەگەڵ شێوازی چارەسەر و دەرمان و تیشک و شیکاریی پزیشکیدا، ئەگەر ئەمانە بەوردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، بەشدارییەکی کارا لە باشترکردنی سیستمی تەندروستی دەبێت و ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیشی بەرزتر دەکاتەوە. 
داتای گشتی هەیە، کە دەشێ لە شەقام کۆبکرێنەوە، داتای بزاوتی هاتوچۆ و سەرپێچی و رووداوەکان، کە ئەگەر راڤە بکرێن رۆڵی لە دیاریکردنی کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم بزاوتی هاتوچۆ، واتە قەرەباڵغی و سەرپێچییەکان دەبێت، دەرفەتەکانی بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکانی هاتوچۆ ئاسانتر دەکات. هەروەها داتای کەسیی بەکاربەران، چ لە بازاڕی راستەقینە، یان بازاڕی ئەلیکترۆنی کە دەشێ بە رێگەی جیاواز کۆبکرێنەوە، بۆ ئەوەی بەهۆیەوە پێباشبوونەکانی بەکاربەر و رێگەکانی راکێشانی ئەو بەرهەمانەی لەگەڵ بژاردەکانیاندا دەگونجێت. ئەمانە تەنها نموونەی سادەن بۆ هەندێک لەو داتایانەی ئێستا لە ژیانی رۆژانەماندا هەن.

بۆتە زانستێکی سەربەخۆ
بایەخی داتا لەوەدایە کە رەنگدانەوەی واقیعی راستەقینەی جیهانی گۆڕاومانە، دەشێ بەهۆی داتاوە پێوانەی ئاستی ئێستا و ئاراستەکانی ئایندە بە باشی دیاری بکەین، داتاکان یان سووتەمەنیی نوێی ئابووری، بۆتە زانستێکی سەربەخۆ و بەبێ بواردن لەگەڵ هەموو زانستەکانی تر بە سروشتی و مرۆییەوە کار دەکات، ئەمە ژیریی دەستکردیش دەگرێتەوە کە بەبێ داتا ئەم بوونەوەرە دیجیتاڵییەوە ئێستا لە ژیانماندا بوونی نەدەبوو، داتا بە سووتەمەنی و نهێنی سەرکەوتنی دادەنرێت و بەرەو ئاستە هەرە پێشکەوتووەکانی پەرەسەندنی دەبات، چەند داتاکان لە رووی بڕ و جۆرەوە زیاد بکەن، بەوەی پێی دەگوترێ داتای گەورە دەگەین، تواناکانی ژیریی دەستکرد و خێرا پەرەسەندنی زیاد دەکات، بەوەی داتاکان چەند زیاد بکات و سەرچاوەکانیشی هەمەڕەنگتر بن، سوودی زیاترمان پێدەگەیەنێت و بەرەو زانیاریی نوێی سوودبەخشمان دەبات، کە راڤەکردنێکی وردتری ئایندەی ئابووریمان پێشکەش دەکات، بێگومان ئەمە لەسەر بنچینەی مومارەسەر ئابووری و داراییەکانی رابردوو ئێستا بنیات دەنرێت. راڤەکردنی ئەم داتایانە لە رێی بەکارهێنانی ژیریی دەستکردەوە، دەبێتە یارمەتیدەری چارەسەرکردنی ئەو ماوە درێژەی بۆ پرۆسەی راڤەکردن و ئاڵۆزی داتاکان تەرخان دەکران، بەمەش بە دیقەتی پێویست دەگەین.

توخمە سەرەکییەکان
سێ توخمی سەرەکی هەن، کە دەکرێ لێیانەوە ئاستی داتاکان بپێورێن، ئەوانیش: بڕ (Volume) کە گوزارشت لە قەبارەی داتاکان دەکات، خێرایی (Velocity) کە گوزارشت لە خێرایی بە لێشاویی داتاکان و خێرایی مامەڵەکردن لەگەڵ داتاکان و راڤەکردنیان دەکات. هەمەڕەنگی (Variety) کە ئاماژە بۆ هەمەجۆری ئەو داتایانە و فرە داڕشتە و سەرچاوەکانی دەکات. داتاکان لە رووی جۆرەکانییەوە و بەپێی سوود و بەکارهێنانەکانی، لە سێ لقەوە دێن، ئەوانیش: داتای رێکخراو (Structured Data) کە بە شێوەیەکی گونجاو بە پێی جۆری ئەو داتایانەی پێویستن ریزبەندیی و رێکخراون، بەمەش بەکارهێنانیان ئاسان دەبێت، دەتوانرێ بە ئامرازە باوەکانیش مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێن. 
جۆری دووەم، داتای نیمچە رێکخراوە 
(Semi-Structured Data) کە لە رووی رێکخستن و هەماهەنگیی داتاوە لە خوار جۆری یەکەمەوەیە، لەبەرئەوەی مامەڵەکردنیان پێویستیی بە شێوازی پیشەییانەی زیاترە.

جۆری سێیەم، داتای ناڕێکخراوە 
(Unstructured data)، کە هەڕەمەکیین و بەپێی جۆر و سەرچاوە رێک نەخراون، لەبەرئەوە باشترین شێواز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە داتایانە، ژیریی دەستکردە، نزیکترین نمونەش، ئەو داتایانەیە کە بوونەتە سەرچاوەی خۆراکدانی ژیریی دەستکرد، وەک (Chat GPT)، بە گشتی داتای گەورە دەخرێنە نێو میمۆری کۆمپیوتەرە هارد گەورەکانەوە وەک زێتابایت (Zettabyte)، واتە توانای لەخۆگرتنی میمۆرییەکەی یەکجار فراوانە، لەبەرئەوە توانای کۆگاکردنی داتای تێچوونی بەرزە، پێویستیی بە مامەڵە و پاککردنەوەی وردە، تا بە بەرزترین ئاستی سوودوەرگرتن لەو داتا هەڕەمەکییە بگات. لەبەرئەوە ئەمە یەکێکە لەو ئاڵنگارییانەی کە رێگرە لە بەردەم توانای دەوڵەتان و دامەزراوەکانی لە بەدەستهێنانی داتا گەورەکان ئەوەی کە ناومان نا نەوتی نوێ، ئەویش توانا یەکجار فراوانەکەی کۆگاکردن و فەراهەمکردنی بەرزترین ئاستی ئاسایشی سایبرانییە، تا رێگری لە هەوڵی دزین و دزەکردنە ناو ئەو داتایانە و خراپ بەکارهێنانیان بکرێت.

رێگاکانی کۆکردنەوەی داتا
چەندین رێگەی زۆر و هەمەجۆر بۆ کۆکردنەوەی داتا هەیە، لەوانە دەزگا هەواڵگرییەکان و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان، کە زۆربەیان بە سیستمی ئینتەرنێتی شتەکانەوە گرێدراون، بەجۆرێک ئەو سیستمە ئەلیکترۆنی و هەستەوەرانە لە رێی ئینتەرنێتەوە بەیەکەوە گرێدراون، تا خێرایی گواستنەوە و کوالیتی داتاکان زیاتر و بەرزتر بکات.  شێوەکانی ئەم هەستەوەرانە و بەکارهێنانەکانی هەمەجۆرن، کە لە کەرتە هەمەجۆرەکان و شەقامدان. هەروەها دەشێ کۆکردنەوەی داتاکان لە رێی ئەو زانیارییانەی بەکاربەر لەناو سۆشیال میدیا و پۆستی ئەلیکترۆنی و سەردانی پێگە ئەلکترۆنییەکان دەیانخەنەڕوو. دەشێ ئەم داتایانە لە رووی دەق و وێنە و بینراو و بیستراو بینینی پێگە و سایتە ئەلیکترۆنییەکان بگرێتەوە، بە جۆرێک کۆمپانیا گەورەکانی تەکنۆلۆجیا کە خاوەن و کارپێکەری ئەو سەکۆ دیجیتاڵییە توانا بەرز و گەورانەن، دەتوانن بچنە نێو داتا کەسییەکان و مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاریان بهێنن. لێرەدا چەندین پرس و پرسیاری ئەمنی و ئەخلاقی دێتەپێش.
هەرچەندە وردەکاریی زۆر سەبارەت بە زانستی داتا هەیە، بەڵام بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەر و ئەوانەی بایەخ بە پرسی دیجیتاڵی و داتا و زانیاری دەدەن، بە پێویستمان زانی کورتەیەک سەبارەت بە بیرۆکەی داتا و گرنگیی لە ژیانماندا بخەینەڕوو،  بەتایبەتیش دیوە ئابوورییەکەی، پێشتر لە چەندین نووسینی تردا لەمەڕ ژیریی دەستکرد، کە بۆتە پرسی ئەمڕۆی ناوەندە ئەکادیمی و سەنتەرەکانی توێژینەوە، قسە لەسەر سووتەمەنیی ژیریی دەستکرد، واتە داتا کراوە، بە حوکمی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوانیان، هەروەها بۆ خستنەڕووی گرنگیی بایەخدان بە داتا، چ لە رووی کۆکردنەوە و کۆگاکردنی و باشتر بەکارهێنانی تا بەشداریی کارا لە بنیاتنانی ئابوورییەکی گەورە و خێرای دیجیتاڵی بکات. 

دامەزراوەکان و بایەخی داتا
داتاکان لە رووی ئەولەویەتی دیجیتاڵییەوە پێش پراکتیزەکردنی ژیریی دەستکرد کەوتوون. لەم رۆژگارەدا، دەبێ هەموو دامەزراوە حکومی و تایبەتییەکانیش، بایەخی زیاتر بە داتا بدەن، هەوڵی دامەزراندنی ئەوەی پێی دەوترێ (بانکی داتا) بدەن، بۆ ئەوەی لەسەر بنچینەی داتا مامەڵە لەگەڵ پێشهات و رووداوەکاندا بکەن و بۆ ئایندەش بەرچاویان روون بێت، لە هەموو ئەمانیش گرنگتر ئەوەیە، ناوەندێک هەبێت هەموو ئەو داتایانە کۆبکاتەوە، بە پێی جۆر و سەرچاوەکانی پۆلێنیان بکات و رێکیان بخاتەوە، تا ببێتە سەرچاوەیەکی دیجیتاڵی بۆ توێژەران و دامەزراوەکان بە حکومی و تایبەتەوە و ببێتە یارمەتیدەری پرۆسەکانی راڤەکردن و ئامار و راهێنان، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو لایەنە ئەمنی و یاسایی و ئەخلاقییەکان، ئەویش بە زامنکردنی بوونی ئیدارەیەکی روونی ئەو داتایانە، کە کەمتر نەبێت لەو ئیدارەیەی کە بۆ ژیریی دەستکرد پێویستە.

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان