راگەیەنراوی مەڵبەندی 3ی هەولێر لەیادی کۆمەڵکوژیی بارزانییەکاندا

01:45 - 2023-07-31
کوردستان
679 جار خوێندراوەتەوە


40 ساڵ لەمەوبەر  رژێمی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی لە 1983/7/31 تاوانێکی دڕندانەی بەرامبەر بە گەلەکەمان کرد و لە یەك کاتدا 8000 هاووڵاتی کوردی بارزانی راپێچی مەرگێکی نادیار و بێ سەرو شوێن و زیندەبەچاڵ کرد.
ئەو تاوانەش لە درێژەی ئەو تاوانانەدا بوو کە رژێمی لەناوچووی بەعس لە چوارچێوەی سیاسەتی لەناوبردنی گەلی کورد دەیکرد، ئەم تاوانە دوابەدوای قوناغی یەکەمی ئەو بەرنامە ترسناکانە هات کە بە راگواستنی بارزانییەکان لە زێدی باو و باپیرانیان دەستیپێکرد و لە کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانی بەحرکە و قوشتەپە و حەریردا جێگیریکردن.
پێشتریش رژێمی بەعس بە سێ قوناغ، خەڵکی مەدەنی ناوچە سنووریەکانی راگواستبوو.
لە رۆژی 1983/7/31 رژێمی بەعس گەمارۆی کۆمەڵگاکانی قوشتەپە و بەحرکە و حەریری لە سنووری پارێزگای هەولێر دا کە پێشتر لە چوارچێوەی بەرنامەڕێژیدا بۆ تاوانێکی وا دڕندانە داڕشتبوو، کە سەرجەم گەنج و لاو و پیاوانی بارزانییەکانی راپێچی چارەنووسێکی نادیاری کرد.

هەر دوای ماوەیەکی کەم لە بیابانەکانی سەماوە زیندەبەچاڵی کردن و بەداخەوە تا ئێستا چارەنوسی زۆربەیان نادیارە، تەنانەت روفاتی زۆرینەشیان نەدۆزراونەتەوە.

لە بیرەوەری ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا، سەری رێز لە بەردەم  شەهیدانی ئەنفالی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستاندا دادەنەوێنین و هاوخەمی خۆمان بە کەسوکار و خانەوادەی قوربانیانییەکان رادەگەیەنین. هیواخوازین ئەم یادە هاندەرمان بێت بۆ تەبایی و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی گەلەکەمان.

هەر لەم یادەوەرییە خەمگینەدا. دووبارە سوپاسی هەڵوێستی نەتەوەییانە و جوامێرانەی کۆمەڵانی خەڵکی شاری هەولێری خۆشەویست دەکەین، کە لەم سەردەمەدا هاوخەم و هاوکاری خانەوادەی ئەنفالکراوانی کوردانی بارزانی بوون.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
مەڵبەندی 3ی هەولێر 
2023/7/31

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان