دوێنێ، د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیكرد لە دەیڤد هەنت كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و تاوتوێی چەقبەستوویی دۆخی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، ئاڵنگارییەكانی بەردەم رێكەوتنی لایەنەكان لەسەر پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمان، یاسای هەڵبژاردن، كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیان كرد.
لە دیدارێكدا، سەرۆكی پەرلەمان، دووپاتیكردەوە كە هەموو ئەو پرسانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە، دەبێت بە لێكتێگەیشتن و سازانی نێوان سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بێت، «ئەزموونەكانی رابردوو سەلماندوویانە كە كاركردن بە پرەنسیپی سازان لێكەوتەی ئەرێنی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی دەبێت، مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستانیشە كە لەبەر رۆشنایی یاسا بەركارەكان و لەچوارچێوەی لێكتێگەیشتنی نیشتمانی نوێنەرایەتییان لە پەرلەمانی كوردستان مسۆگەربێت، بۆیە ئەركی پەرلەمانی كوردستانە كە چەتری كۆكەرەوەی سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكان بێت».
كونسوڵی بەریتانیاش، جەختیكردەوە كە یەكگرتوویی ناوماڵی كورد بۆ ئەوان گرنگە و رەنگدانەوەی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی لە عیراقدا دەبێت، دواجاریش دەبێتەمایەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ هەمووان.