بە ژمارە، نایەكسانی لە دابەشكردنی داهاتدا پارتی بەمجۆرە سلێمانی سزا دەدات

08:02 - 2022-05-12
ڕاپۆرت
868 جار خوێندراوەتەوە

ئا: تەها عەبدوڵڵا، هەولێر

بەگوێرەی خشتەیەك كە تایبەتە بە داهاتی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، داهاتەكانی مانگی (3)ی ئەمساڵ بە شێوەیەكی نایەكسان ‌و ناهاوسەنگ لە نێوان پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك لەلایەك‌ و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین لەلایەكی ترەوە دابەشكراوە، بە جۆرێك بڕی ئەو داهاتەی لە فرۆشی نەوتدا بەشێوەیەكی سەربەخۆ بەدەستهاتووە بۆ ئەو مانگە، بڕی 800 ملیار دینار بووە و لە كۆی ئەو داهاتەش تەنیا 279 ملیار دینار بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین تەرخانكراوە، كەچی بڕی 521 ملیار دینار بە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك دراوە.
هەر بەپێی خشتەكە، كۆی داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ هەمان مانگ، بریتی بووە لە 300 ملیار دینار و تەنیا 100 ملیار دینار بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین تەرخانكراوە، بەڵام دوو هێندەی ئەو داهاتە كە دەكاتە 200 ملیار دینار، بە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك دراون. هاوكات، بڕی 22 ملیۆن دۆلار هاوكاری هاوپەیمانان و ئەمریكا پێشكەش بە هێزی پێشمەرگە كراوە كە دەكاتە 32 ملیار دینار، لەو داهاتەش تەنیا نۆ ملیار دینار دراوە بە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین، لە بەرامبەردا 23 ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك خەرجكراوە.
ئەوەش روونكراوەتەوە، بە گشتی داهاتی مانگی سێی هەرێم بە نەوتی و نا نەوتی و هاوپەیمانانەوە، بریتی بووە لە تریلیۆنێك و 132 ملیار دینار، لەو بڕەش تەنیا 388 ملیار دیناری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین نێردراوە، كە دەكاتە رێژەی (34 %)ی كۆی داهاتی گشتیی مانگی سێ، لە بەرامبەردا بڕی 744 ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك بووە كە دەكاتە رێژەی (66 %).

«بە ئەنقەست داهاتی سلێمانی كەم دەكرێتەوە»
لەو بارەیەوە، زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە، ئێستا بارودۆخی ئابووریی حكومەت زۆرباشە و داهاتەكان زیادبوون، بەڵام داهاتی نەوت ناشەفافە و تەنیا (41 %)ی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە و (59 %)ی ئەو داهاتە بۆ كرێی كۆمپانیا و گواستنەوەی نەوت دەڕوات، بۆیە پێویستی بە چاكسازیكردن لەو رێژەیەدا هەیە.
وتیشی: «ئێستا حكومەت دەتوانێت بە ئاسانی پارەی مووچە دابین بكات، بەڵام جیاوازی لە نێوان پارێزگاكاندا دەكات و بەشێك لەو كێشانەی لە سلێمانیش هەیە، بۆ ئەو فشارە سیاسی و ئابووری و میدیاییە دەگەڕێتەوە كە دەخرێنە سەر سنووری پارێزگای سلێمانی».
ئاشكراشیكرد: هۆكاری نەبوونی بودجە لە هەرێم رێكنەكەوتنە لەسەر دەسەڵاتە دارایی و ئابوورییەكان و ماوەی چەند ساڵێكیشە بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە، تاكڕەوی لە بواری ئابووریدا دروستبووە و تەنانەت لە پەرلەمانی كوردستانیش نازانین داهاتی نەوت چەندە و چۆن دابەش دەكرێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستۆتەڕوو: بە تەنیا ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییەی لە رێگەی دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل و فیشخاپورەوە لەگەڵ توركیا و رۆژئاوای كوردستان دەكرێت، زۆر زیاترە لە داهاتی ئەو 18 دەروازەیەی كوردستان و عیراق كە لەگەڵ ئێراندا هەیانە، ئەمە جگە لەوەی ئامانج هەیە لە كەمكردنەوەی داهاتی سلێمانی، بۆ ئەوەی بازرگانان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بازرگانی بكەن و بەم رێگەیەش داهاتی سلێمانی كەمبكرێتەوە.

نە یەكێتی و نە خەڵك قبووڵی ناكەن
لای خۆیەوە، سەركۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: حكومەتی هەرێم بە فەرمانی مەسرور بارزانی، زۆر بە روونی و بە ئاشكرا دەستیكردووە بە سزادانی خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان، كاتێك لە داهاتی مانگی ئازاری ئەمساڵ تەنیا (34 %) بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین ناردووە، لە بەرامبەردا (66 %)ی داهاتی ئەو مانگە بۆ پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك خەرج دەكات.
وتیشی: «نە یەكێتی و نەخەڵكی سلێمانی و هەڵەبجە ئەو سزادانە قبووڵ ناكەن و پێویستە ئەو نادادپەروەرییەی لە خەرجكردنی داهاتدا هەیە، راستبكرێتەوە و تەواوی داهات بخرێتەوە خزمەت خەڵكی كوردستانەوە، چونكە داهات موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانە و پێویستە بە یەكسانی دابەشبكرێت».
ئەوەشی خستەڕوو: ئێستا حكومەتی هەرێم وایلێهاتووە تا سنووری دێگەڵە خۆی بە حكومەت دەزانێت و لە دوای دێگەڵەوە لە هەوڵی سزادانی خەڵكی كوردستانە و ئەوەشی بە كردار سەلماندووە.

«چەند دۆسێیەك لە بیر خەڵك دەباتەوە»
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكێتی رایدەگەیەنێت: ماوەیەكی زۆرە ئاماژە بەوەدەكەین كە پارتی لە رێگەی حكومەتەوە سزای خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین دەدات، ئەوەتا بە بەڵگەوە روونبۆوە كە حكومەتی هەرێم لە داهاتی مانگی ئازار چ جیاوازییەكی لە دابەشكردنی داهاتدا كردووە.
ئاماژە بەوەشدەكات: لە نۆ كابینەی رابردووی حكومەتدا، هەرێم حكومەتی خراپی لەو شێوەیەی ئێستای بەخۆیەوە نەبینیووە و لە بری یەكگرتوویی هەرێمی كوردستان و وەرگرتنەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان، هەرێمی كوردستانیشی كردووە بە دوو بەشەوە، هەر بەوەشەوە نەوەستاوە لە رووی داراییەوە هەوڵی سزادانی خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان دەدات.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەو سیاسەتانەی، سەرۆكی حكومەت هەوڵ دەدات چەند دۆسێیەكی گەورە لە بیر خەڵك بباتەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە بڕیاری دادگای فیدراڵ و پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە هەیە، بەڵام ئەو جۆرە مامەڵەكردنە ناتوانرێ بەردەوام بێت و لەلایەن خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانەوە جێگای قبووڵكردن نییە، هەر ئەمەش وادەكات پێشبینی بكەین كە ئەم حكومەتە نەتوانێ ماوەی خۆی تەواو بكات و شكست بهێنێت.

كاردانەوەكانی ئەو سیاسەتانە
هاوكات، محەمەد فارس مامۆستای زانكۆ و شارەزای بواری ئابووری، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەگەر تەنیا لە رووی ئابوورییەوە سەیری بابەتەكە بكەین، دەبینین جیاوازی لە دابەشكردنی داهات لەیەك وڵاتدا، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بژێویی هاووڵاتیان و دروستكردنی چینایەتیی دەبێت، چونكە ئەو شوێنەی بە جۆرێك لە جۆرەكان لە داهاتی حكومەت بێبەش دەكرێت، راستەوخۆ ئاستی بژێوی هاووڵاتیان تیایدا نزم دەبێتەوە، لە بەرامبەردا لە شوێنەكانی تر بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت.
وتیشی: «لە رووی خزمەتگوزاریشەوە، بە هەمان شێوە ئەو سنوورەی فەرامۆشكراوە رووبەڕووی چەندین گرفتی ئیداری و ژینگەیی و هۆكارەكانی هاتوچۆ دەبێتەوە، كە دواجار هاووڵاتی زەرەرمەندی یەكەم دەبێت، هەموو ئەو كەموكورتیانەش حكومەت لێی بەرپرسیارە، چونكە حكومەت هی هەموو كوردستانە نەوەك چەند پارێزگایەك».

#داهاتی هەرێم

بابەتە پەیوەندیدارەکان