پیشەسازیی داتا و کۆنترۆڵکردنی کێبڵە گەیەنەرەکان

09:56 - 2023-08-06
ئابووری
353 جار خوێندراوەتەوە
#راکێشانی کێبڵێکی ئینتەرنێت بە ژێر دەریادا

فەیسەڵ عەلی


لە ساڵی 1858دا ڤیکتۆریای پادشای بەریتانیا نامەیەکی پیرۆزبایی بۆ جەیمس بۆکانانی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا نارد، دەستخۆشی ئەو کارە گەورە نێودەوڵەتییەی لێکرد، کە هەردوو دەوڵەت ئەنجامیان دابوو، ئەویش دوای ئەوەی دوو کەشتی کە بە هەڵم ئیش دەکەن لە ناوەڕاستی زەریای ئەتڵەسی بە یەک گەیشتن بۆ ئەوەی دوو سەری کێبڵێکی دەریایی لەیەک بدەن، کە درێژییەکەی چوار هەزار کیلۆمەتر بوو، ئەوە یەکەمین جار بوو لە مێژوودا هەردوو کێشوەری ئەمریکای باکوور و ئەوروپا بە تێلگراف بە یەکەوە ببەستنەوە.

هەنگاوێکی مەزن
ئەو نامەیەی پاشا زیاتر لە 17 سەعاتی پێچوو تا بەدەستی سەرۆکی ئەمریکا گەیشت، واتە هەر پیتێکی ئەو نامەیە دوو دەقە و پێنج چرکەی گەرەک بوو، لەگەڵ ئەو پیرۆزباییە، ئەو کێبڵە مانگێکی نەبرد بەهۆی گرفتی هونەرییەوە پەکی کەوت، بەڵام ئەو ئەزموونە و ئەو نامەیە لە مێژووی پەیوەندیی جیهانییدا هەنگاوێکی مەزن بوو. وایکرد پەیوەندیی لە دوورەوە مومکن بێت. دوای یەک سەدە و نیوی ئەو ئەزموونە، ئەمڕۆ زیاتر لە 486 کێبڵ لە ژێر دەریادا هەیە، کە درێژاییەکەی زیاتر لە 900 هەزار میلە، زیاتر لە %95ی هەموو ئەو داتایانەی لە رێی ئینتەرنێتەوە لەسەر ئاستی جیهان دەگوێزنەوە، ئەو تۆڕە رۆژانە بە بەهای 10 تریلیۆن دۆلار لە رێی سیستمی سوێفتەوە ئاڵووێری دارایی دەکات، نهێنی سەربازی و زانیاری سەبارەت دوایین داهێنانەکان و مامەڵە بازرگانییەکان لە رێی تەوژمی داتاکانەوە ئەنجام دەدرێن، لەبەرئەوە کاتێک گوێبسیتی داتای هەوری دەبین، لە راستییدا لە زەریاکانە نەک لەناو هەور یان لە رێی مانگە دەستکردەکان بێت.
کێبڵی دەریایی، بە یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی بواری گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی داتا و پێدانی دیجیتاڵی دادەنرێت، %80ی کۆی پەیوەندیی و گواستنەوەی داتای جیهانی لە رێی ئەم کێبڵانەوە  ئەنجام دەدرێن، بە حوکمی خێرایی ناردنی داتاکان پیایاندا، ئاستێکی بەرزی ئەمان و نهێنی، دیقەتێکی بەرزی گواستنەوەی ئاماژەکانیشی هەیە، بەراورد بە مانگە دەستکردەکان و ئامرازەکانی تری گواستنەوە تێچوونی کەمە.

زریانی ساندی
لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە یەکجار گەورەیەی جیهانی گواستنەوەی داتا لە ژێر دەریا، هێشتا ئەو پیشەسازییە رووبەڕووی ئاستەنگ و کێشە دەبێتەوە. هەر لە رۆژانی یەکەمی دانانی کێبڵ لە ناو زەریاکان لەگەڵ کەشتییەکان دووچاری ئاڵنگاریی گەورە بۆتەوە. کاتێک شەپۆلەکان یاری بەو کەشتییانە دەکات کە کێبڵەکانی ناو دەریا لێیان ئاڵاوە، رووبەڕووی مەترسییان دەکاتەوە، ئەوکات کاپتنی کەشتییەکان بڕیاری پچڕاندنی کێبڵەکان دەدەن، پاشان کێبڵەکان نغرۆی ئاوی زەریاکان دەبن، هەروەها بەهۆی زریانەوە دووچاری تێکچوون دەبنەوە، بۆ نموونە، لە ساڵی 2012دا زریانی ساندی لە خۆرهەڵاتی کەناراوەکانی ئەمریکای، زیانی نزیکەی 71 ملیار دۆلاری لێکەوتەوە و کێبڵەکانی ناو دەریای نێوان ئەمریکای باکوور و ئەوروپای وێران کرد، بۆ چەند سەعاتێک بە تەواوی تۆڕی نێوان ئەمریکای باکوور و ئەوروپای بچڕاند. لە ساڵی 2006دا بومەلەرزەیەک بە گوڕی حەوت پلە لە کەناری  باشووری خۆرئاوای تایوانی دا، هەشت کێبڵی ژێر دەریای بچڕاند و ئینتەرنێتی لە تایوان و هۆنگ کۆنگ و چین و ژاپۆن و کۆریا و فلیپین بڕی و پەکی خست. 

مەترسی توندبوونی کێبڕکێی
تەنها سروشت هەڕەشە لە کێبڵ و پەیوەندییەکان ناکات، دوو لەسەر سێی پەککەوتنی کێبڵەکان دەرئەنجامی چالاکیی مرۆیی و راوەماسی و لەنگەر گرتنی کەشتییەکانە، لەگەڵ ئەو هەڕەشانەدا، هێشتا کۆمپانیا جیهانییەکانی ئینتەرنێت لە توانایاندایە لە ماوەی چەند سەعاتێکدا پەیوەندییەکان بگێڕنەوە، لەبەرئەوە ئەو هەڕەشانەی لە ئەنجامی کێشەی هونەری روودەدەن بە خێرایی چارەسەر دەکرێن. بەڵام ئەو کێشە سەرەکییانەی لە دەرکەوتندان، ترس لە توندبوونی کێبڕکێی جیهانییە بۆ راکێشانی کێبڵ لەناو زەریا و دەریاکان، بۆ جەنگێکی ئابووری یان سیاسی و تەنانەت سەربازی بگۆڕێت. تواناکانی ئەمڕۆی جیهان لەسەر مانەوە و بەردەوامیدان بەندە بە بوونی پەیوەندییەکی تەواو ئەمین. دەگوترێ، ئەگەر دەوڵەتێک کۆنترۆڵی هەمان کێبڵ بکات، ئەوا پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات، بەڵام ئەگەر بە دەست نەیار و کێبڕکێکارانییەوە بێت، ئەوا ئەو دەوڵەتە لە مەترسیدا دەبێت.

هواوی هاتە مەیدانەکەوە
ترس و دڵەڕاوکێ ئاراستەیەکی جیاوازیی وەرگرت، کاتێک کۆمپانیای هواوی چینی بۆ پەیوەندیی هاتە نێو بازاڕی کێبڵی دەریاییەوە، لە کاتێکدا بەشی زۆری ئەو بازاڕە لەلایەن ژمارەیەکی کەمی کۆمپانیا تەکنەلۆجییە گەورەکانی ئەمریکاوە کۆنترۆڵ کرابوون، دیارترین کۆمپانیا (ئەلفابێت)ە، کە دایکی کۆمپانیای گۆگڵە، کۆمپانیای (میتا) کە پێشتر فەیسبوک بوو، هەروەها کۆمپانیای ئەمازۆن و کۆمپانیای مایکرۆسۆفت. ئەمریکا دەستێکی باڵای لە کۆنترۆڵکردنی کێبڵەکانی ئەنتەرنێت لە ژێر زەریا و دەریاکان هەبوو، بەڵام ئێستا پرسەکە بەرەبەرە دەگۆڕێت. ناوچەی دەریای باشووری چین بۆتە مەیدانێکی ململانێی توندی نێوان ئەمریکا و چین لەسەر کێبڵی دەریایی بۆ ئینتەرنێت، رۆژ لە دوای رۆژ ململانێکە توندتر دەبێت، بە تایبەتی لەگەڵ دەرکەوتنی تۆڕەکانی نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت کە بڕێكی یەکجار زۆری داتا لە رێی ئەو کێبڵانەوە دەگوێزنەوە بۆ ئەوەی کاراتر کاربکەن.

ئەمریکا گومانی هەیە
شارەزایان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەوەی دەریای باشووری چین کۆنترۆڵ بکات، دەتوانێ بە کردار پێنج یەکی بازرگانیی جیهان کۆنترۆڵ بکات. بەڵام لەوەش گرنگتر، دیارترین بنەچە رەخساوەکانی ئەم ناوچەیە داتا گەورەکانە، بە جۆرێک ئایندەی ئینتەرنێت بۆ ئەو دەوڵەتانەیە کە بەسەر دەریای باشووری چیندا زاڵ دەبن، وێڕای ئەوەش، تا ساڵی 2030 ئابووریی ئینتەرنیتی ناوچەی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا دەگاتە یەک تریلیۆن دۆلار. ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ئەوروپا و ئوسترالیا هەوڵی پەکخستنی چین دەدەن، لەبەرئەوەی گومان لە پاراستنی داتاکان و نهێنییەکان دەکەن ئەگەر هاتوو کۆمپانیاکانی چین ئەو کێبڵە دەریاییانە بەڕێوەی ببەن. لەو ساڵانەی رابردوودا حکومەتی ئەمریکا زیاتر لە شەش جار دەستوەردانی کرد  تا کۆمپانیای (ئێچ ئێم ئێن)ی چینی بخاتە دەرەوەی کاری کێبڵە دەریاییەکانی ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن، لەگەڵ ئەوەشدا چین لە رێی ئەو کۆمپانیایەوە لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ راکێشانی کێبڵێکی دەریایی بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار تا ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بەیەکەوە گرێ بدات. لەم پرۆژەیەدا، پرۆژەیەکی ئەمریکا بە بڕی 600 ملیۆن دۆلار کێبڕکێی دەکات، بۆ گواستنەوەی داتا لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا کە بە ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەراستدا تێپەڕ دەبێت، کێبڵەکان بە درێژیی 12 هەزار میل بە ژێر زەریا و دەریاکاندا تێپەڕ دەبن، بڕیارە لە ساڵی 2025دا تەواو بێت.

ئەگەری ململانێی سەربازی
بێگومان لە کۆتاییدا ئەم کێبڕکێ و ململانێیە لە بەرژەوەندیی بەکاربەرانە، لەبەرئەوەی ئینتەرنێتی خێراتری بە هەرزانتر دەست دەکەوێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا، ترس و دڵەڕاوکێی کێبڕکێ و ململانێکە لەوەدایە، ئەم پرسە لە دەست دەربچێت و ئاراستەی ململانێیەکە ئاقاری سەربازی وەربگرێت. ئایا دەوڵەتان وەک هەموو پرسەکانیتر، دەکرێ رێککەوتنێکی نوێی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی داتا ئیمزا بکەن، وەک رێککەوتنی پاراستنی ژیانی سڤیل لە ململانێ سەربازییەکان، بە تایبەتی کە داتا و پەیوەندیی بوونەتە شادەماری ژیانی ئەم سەردەمە، چونکە چیتر ناتوانرێ گواستنەوەی پارە و ئەو کەسایەتیانەی ئەم ئەرکانە دەگرنە ئەستۆ زامن بکرێ، ئەگەر تۆڕێکی پەیوەندیی تۆکمە و بەهێز و پارێزراو پشتیوانی نەکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان