کڕینی کەرەستەی ئاسایی بە پارەی خەیاڵیی ئالوودەبوونە؟

10:40 - 2023-08-06
دووتوێ
260 جار خوێندراوەتەوە
کۆپی یەکەمی کتێبی هاری پۆتەر بە 200 هەزار جونەیهی ئیستەرلینی فرۆشرا

رۆزا دڵشاد مەریوانی

حەز و خولیای کڕین و بازاڕکردن هەندێکجار دەچێتە خانەی ئالوودەبوون و نەخۆشی دەروونی و حاڵەتی ناسروشتییەوە، کاتێک کەسێک ئیرادەی لاواز دەبێت و بێ ویستی خۆی بەردەوام حەزی بەکڕین و بازاڕکردنە و گرنگ نییە بەلایەوە کڕینی ئەو بابەتانە پێویستن بۆ ئەو یان پێویستی پێیان نییە و تەنیا دەیانکڕێت و کەڵەکەیان دەکات، ئەم حاڵەتە لە دنیادا دەمێکە وەک نەخۆشی دەروونی ناسێنراوە پێی دەوترێت «وەسواسی کڕین یان بازاڕکردنی زۆرەملێ» بەجۆرێک لای ئەو کەسە ئەو پڕۆسەی کڕین و بازاڕکردنە هەست و جۆشوخرۆشی کەسێکی ئالوودەبوو بە مادە هۆشبەرەکانەوەی دەداتێ و ئالوودەی ئەو چێژ و خۆشییە کاتییە دەبێت کە کڕینی شمەکێک جا هەرچییەک بێت دەیداتێ.

ئەوانەی دووچاری ئەو حاڵەتە دەبن
ئەو کەسانەی دووچاری ئەو حاڵەتە دەروونییە دەبن زیاتر ئەو کەسانەن لە ژیانیاندا تووشی گرێی دەروونی و نەبوونیی و خەمۆکی بوون و بەوشێوەیە ناخی خۆیان بۆ ماوەیەکی کاتیی هێوردەکەنەوە، بەڵام ئەی ئەگەر کاتێک دەبینین کەرەستەیەکی ئاسایی کە هیچ بەهایەکی مێژوویی نییە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە پارەی خەیاڵیی دەکڕدرێت و دەوڵەمەندەکان دەچنە کێبڕکێوە بۆ کڕینی تا دواجار یەکێکیان دەبنە خاوەنی، بەمەرجێک کڕینی ئەو شمەکە هیچ سوود و قازانجێکی ماددی نییە و لە هیچ پڕۆژەیەکی بازرگانیدا ئەو کەسە ناتوانێت سوودی لێ وەرگرێت، رەنگە تەنیا لەسەر رەفەیەکی ماڵەکەی خۆی نمایشی بکات و لەبەردەم هاوڕێ و میوانەکانیدا خۆی پێوە بنوێنێت، بێگومان ئەو حاڵەتە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە ئەویش ئەوەیە زۆرجار دەوڵەمەندەکان وەک کێشەیەکەی دەروونی ئالوودەی کڕینی شمەکی کەموێنە و گرانبەها دەبن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بەتاڵیی و بۆشاییەی لە ناخیاندا هەیە وەک ئەوەی بڵێت هەموو شتێکم هەیە و دەتوانم هەموو شتێک بکڕم، بەڵام هێشتا هەست بە بەتاڵیی دەکات، جگەلەوەی زۆرجار دەوڵەمەندەکانی دنیا و دەستڕۆیشتووەکان کڕینی ئەو جۆرە بابەتانە وەک رێگەیەک بۆ سپیکردنەوەی پارەکانیان بەکاردێنن کە لەوێدا دەتوانن بێ هیچ سانسۆرێک بیکەن دەنا بۆ نموونە کڕینی کۆپییەکی یەکەمی کتێبی هاری پۆتەر یان جۆرێکی ئایفۆن لە نەوەی یەکەم بە پارەیەکی خەیاڵیی یان هەر بابەتێکی دیکە دەبێت هۆکارەکەی چی بێت کە ئەوە لای کەسانی ئاسایی ناسروشتی و گوماناوییە.

هۆکارەکانی ئالوودەبوون بەکڕینەوە
*پزیشکانی دەروونی هەندێکجار هۆکاری ئەو ئالوودەبوونە دەگێڕنەوە بۆ هەستی نەبوونیی و هەندێ گرێی دەروونی و رووداو لە منداڵی ئەو کەسەدا روویداوە بەوشێوەیە دەروونی هێوردەکاتەوە.
*ئەگەر لە منداڵیدا کەسەکە لەسەر ئەوە گەورە کرابێت لەژیانیدا تەنیا مادە گرنگە و پێویستە زۆرترین بابەتی مادیی بەدەستبێنێت بۆ گەیشتن بە بەختەوەریی ئەو کاتە دووچاری ئەو کێشەیە دەبێت.
*هەندێکجار ئەو کەسانە کێشەی دەمارییان لە مێشکدا هەیە، لەڕووی گەیاندنی هەندێ هۆرمۆنی هەستکردن بەدڵخۆشیی وەک سیرۆتۆنین بە مێشک تووشی ئەو کێشەیە دەبن.
*خەمۆکیی هۆکارێکی گرنگە بۆ ئالوودەبوون بە کڕین و بازاڕکردنەوە و توێژینەوەکان دەریانخستووە 30%  ئەوانەی خەمۆکییان هەیە بەدەست ئەو کێشەیەوە دەناڵێنن.    

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان