ئا: فەرید دڵشاد
ساڵانە هەزاران كۆچەر بە مەبەستی گەیشتن بە ژیانێكی باشتر لە ئەوروپا، لە كیشوەری ئەفریقاوە یاری بە ژیانی خۆیان دەكەن و خۆیان دەدەنە دەم شەپۆلە بێڕەحمەكانی دەریا، بەشێكیان دەگەن بە ئامانج و بەشێكیشیان لە دەریادا گیان لەدەستدەدەن.
یەكێك لەو وڵاتانەی زۆرترین كۆچەر لێوەی دەچن بۆ ئەوروپا، (تونس)ە كە دەكەوێتە باكووری ئەفریقا، بۆتە خاڵی دەرچوونی كۆچەران لە رێگەی دەریای ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا، بەتایبەتیش گەیشتن بە ئیتالیا كە نزیكترین دووگە لێیەوە (سیسیلی)ە.
ئەمساڵ ساڵێكی نەهات بوو بۆ ئەو كۆچەرانەی لە تونسەوە هەوڵیانداوە بچن بۆ ئەوروپا، رۆژانە تەرمی كۆچبەران لەو كەناراوە دەدۆزرێتەوە، كەمال فەقی وەزیری ناوخۆی تونس، ئەمساڵ تەرمی زیاتر لە 900 كۆچەریان لە كەناراوەكانی وڵاتەكەیان دۆزیوەتەوە.
ئەو كۆچەرانی خنكاون تەنها تونسی نەبوون، بەڵكو وڵاتانی دیكەی ئەفریقایان تێدایە و لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی زۆر مانەوە لە ئاودا تەرمی هەندێك لە كۆچەرەكان ناناسرێتەوە و ناتوانرێت ناسنامەیان دیاری بكرێت. تونس لەمساڵدا رووبەڕووی شەپۆلێكی فراوانی كۆچەران بووەتەوە زۆربەی بەلەمەكان لە شاری(سەفاقس)ەوە كۆچەران هەڵدەگرن، هاوكات كارەساتی نوقمبوونی بەلەمی كۆچەرانی ئەفریقی لەكاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە كەناراوەكانی ئیتالیا بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.
بەپێی ئامارەكان ئەمساڵ زیاتر لە 75 هەزار كۆچەر گەیشتوونەتە ئیتالیا، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا زیاتر لە 35 هەزار كۆچەر گەیشتونەتە ئیتالیا كە زیاتر لە نیوەیان لە تونسەوە كۆچیانكردووە، ئێستاش یەكێتی ئەوروپا و تونس رێكەوتنێكیان ئیمزاكردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچییەكان و توندكردنەوەی سنوورە ئاوییەكان.
سەرچاوە: العربي الجدید