لەبەرکردنی جلوبەرگ و هەڵبژاردنی رەنگەکانی یەکێکە لە هۆیەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ناسینیەوەی کەسایەتی و گوزارشتە لە دڵ و دەروونی ئەو کەسە، هەرچەندە لە کوردەواری و لای خۆمان پۆشینی جلوبەرگی رەش بەمانای خەمباری و دڵتەنگی و بۆ پرسە لەبەردەکرێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەوانەی وەک ئارەزوو ئەمە دەکەن وەک گەنجەکان ئەوانە کەسانی بەهێزو کامڵ و باوەڕبەخۆن، لە بڕیار و هەڵوێستەکاندا متمانەیان بەخۆیان هەیەو لە پراکتیکدا خەڵکی جدین، شارەزایانی مۆدێل دەڵێن رەشپۆشەکان کەسانی ئازا و توندوتۆڵن، لە ژیانی رۆژانەیاندا چالاکن و دەیانەوێت بەو رەنگە تواناکانی خۆیان بۆ بەرامبەرەکانیان نمایش بکەن و هەیبەت بنوێنن.
دەروونناسی و مۆدە
لە دونیای مۆدەی جیهانیدا ئەو رەنگە شوێنێکی تایبەتی دراوەتێ و کەشخەیی و جوانی دەگەیەنێت، بەپێی زانستی دەروونناسی کۆمەڵایەتی ئەوانەی حەزیان بە پۆشینی ئەو رەنگەیە کەسانی دەست رۆیشتوو خاوەن بڕیار و بە دەسەڵاتن، زیاتر لە کەسانی ئاسایی باوەڕیان بەخۆیان هەیە، توێژینەوەیەک دەربارەی زانستی رەنگەکان کە لە پێگەی Heart Itelligence بڵاوکراوەتەوە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە ئەوانەی بە بەردەوامی رەشپۆشن خەڵکانی بەهێزو چالاک و لێهاتوون، توێژینەوەکە دەڵێت: ئەگەر بمانەوێت لە دیدارێکدا کاریگەریمان بەسەر بەرامبەرەکەماندا هەبێت دەبێت جلوبەرگی رەش بپۆشین، بۆئەوەی لەو چاوپێکەوتنەدا سەرکەوتوو بین بۆ دامەزراندن دەیکەین باشتر وایە هیچ نەبێت بەشی سەرەوەی جلەکانمان رەش بێت وەک لەوەی رەنگاوڕەنگ بێت، چونکە رەنگە جۆراجۆرەکان سادەیی نیشاندەدات و زوو دەتوانرێت بەسەریدا زاڵ بیت.
لە هونەری نواندندا
لە هونەری سینەما و شانۆدا دەرهێنەران ئەو رەنگە دەبەخشنە کاراکتەرە بەهێزەکان، ئەوەش ئەو راستیە دەسەلمێنێت ئەو رەنگە سیفاتی تایبەتی بە مرۆڤ دەبەخشێت.
هەرزەکاران
لەقۆناغی تەمەنی تازەپێگەیشتن و گۆڕانی لە منداڵییەوە بۆ هەرزەکاری زۆر کەس حەزدەکەن ئەو رەنگە بپۆشن، بە دەلالەتی باوەڕبەخۆبوون و گۆڕان لە رەوشت و گەورەبوون و توانا پەیداکردن دێت، ئەو کەسانە دەیانەوێت لە قۆناغی نوێدا سەرکەوتوو بن و ئارام و هێمن بن، بۆیە بێ ئەوەی درک بەخۆیان بکەن حەزیان دەچێتە ئەوەی جلوبەرگی رەش بپۆشن، کە لەبەریشی دەکەن هەست بە گرنگی و هێز دەکەن.
سەرچاوە: هەردوو گۆڤاری In Style، Brigitte