لە هاویندا مرۆڤ جەستەی خاودەبێتەوەو کەمتر توانای چالاکی دەبێت، هەندێک خواردن و خواردنەوە هەن دەبێت وریا بین نەبادا تەندروستیمان بشێوینێت، پسپۆڕانی خۆراکی ئەوروپی ئامۆژگاریمان دەکەن لەم وەرزەدا خۆمان لەمانە بەدوور بگرین.
چەوری
هەموو ئەو خواردنانەی چەوریان تێدایە یان سورەوەکراوەن نابێت بخورێن، چونکە وادەکەن پلەی گەرمی لەش زیاتر بەرزبێتەوە و بەرگری لەش لاوازدەکەن، بەو پێیە کێشەی تەندروستی دروست دەکەن، لە هەمووشیان خراپتر گۆشتی سوورە.
خواردنەخێراکان
فاست فوود وەک هامبەرگەر و پیتزا و گەسی گۆشت بەو پێیەی چەوری و خوێی زۆریان پێوەیە نابێت بەم گەرمایە بیانخۆین.
بەرهەمەکانی شیر
هەموو جۆرەکانی شیرو پەنیرو کەرە..هتد بەهۆی گەرمییەوە لەناو گەدەی مرۆڤ دەترشێن و هەرس نابن، جگەلەوەش لەدوای خواردنیان مرۆڤ هەست بە ترشەڵۆكی گەدە و بێزاریی دەکات.
گازو سۆدا
ئەو خواردنەوانەی سۆداو گازیان تێدایە وەک کۆلاو فانتاو سپرایت و ئەوانی دی هەرچەندە خواردنەوەیان خۆش بەلەزەتە و تێنوێتیمان دەشکێنیت، بەڵام بەهۆی بوونی رێژەیەکی زۆر لە شەکر لەنێویاندا بۆ تەندروستی خراپن.
میوەی وشک و بەهارات
میوەی وشککراو وەک هەنجیر و مێوژ و خۆخ و کشمیش هەرچەندە بۆ تەندروستی باشن، بەڵام لە وەرزی هاویندا پلەی گەرمی جەستە زیاد دەکەن و خەڵک پێیان بێتاقەت دەبێت، هەروەها جۆرەکانی بەهاراتی وردکراو نابێت زۆر بخرێتە نێو خواردن و چێشتەوە، چونکە پلەی گەرمی لەش بەرزدەکەنەوە.
دۆندرمە
هەرچەندە لەکاتی خواردنی ئایسکرێم و دۆندرمەدا فێنکمان دەبێتەوە، بەڵام لەڕاستیدا دوای ئەوە پلەی گەرمی لەش بەرزدەبێتەوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی شەکر و هۆکاریشن بۆ قەڵەوی.
خواردنەوەی گەرم
زۆر خواردنەوەی قاوەو چا وادەکات پلەی گەرمی لەش بەرزتر بێتەوە و مرۆڤ بێزار بێت، بۆیە لەم وەرزەدا هەرچەندە کەمتر بخورێنەوە تەندروستی باشتر دەبێت.
سەرچاوە: گۆڤاری Stern