له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
1-2
بیاتریس براشیر (Beatriz Bracher) فیلمنامه‌نووس و نووسه‌ری دیاری كورته‌چیرۆكه، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك له‌به‌ر چوار رۆمانی ناسراوه، كه ژماره‌یه‌ك له باشترین خه‌ڵاته ئه‌ده‌بییه‌كانی به‌رازیلیان وه‌رگرتووه. به‌رهه‌مه‌كانی براشیر له‌به‌ر ته‌ركیزی وردیان له‌سه‌ر ده‌نگی گێڕه‌ره‌وه و ئه‌و هێزه شاراوه‌یه‌ی هه‌ر له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌مه‌وه له خۆیاندا كۆی ده‌كه‌نه‌وه، په‌سه‌ند كراون. ساڵی (2004) رۆمانێكی به ناوی (قسه‌م نه‌كردووه- Didnt Talk) له‌لایه‌ن (ئاده‌م موریس) له چاپه‌مه‌نی (نیو دایریكشینز)ه‌وه ته‌رجه‌مه‌كراوه بۆ ئینگلیزی. (نونو راموس) په‌یكه‌رتاش و شێوه‌كار و ئارتێستی (ئینستالیشن)ه فره میدیاییه‌كانه. چه‌ندین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیشی هه‌یه. نونو راموس و پیاتریس براشیر، له سێپته‌مبه‌ری (2018)دا، هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا كه بووه هۆی سه‌ركه‌وتنی كاندیدانی راستی توندڕه‌و، سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی به‌رازیلی هاوچه‌رخدا قسه و باسیان كرد. ئه‌مه‌ی خواره‌وه قسه و باسه‌كه‌ی نێوانیانه.
وشه‌كان له ناوجه‌رگه‌ی چاوپێكه‌تنه‌كانه‌وه په‌یدا ده‌كه‌م
نونو راموس: تۆ زۆربه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كان به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر چیرۆك و رۆمانه‌كانت ده‌زانیت. ئه‌و چاوپێكه‌وتنانه چ كاریگه‌رییه‌كیان هه‌یه له‌سه‌ر ئیشه‌كانت؟
بیاتریس براشیر: چاوپێكه‌وتنه‌كان یارمه‌تیم ده‌ده‌ن وشه و رێزمان شێوازی نووسین بدۆزمه‌وه. من له بێخه‌وه وشه‌كان له ناوجه‌رگه‌ی چاوپێكه‌تنه‌كانه‌وه په‌یدا ده‌كه‌م، پاشان ژینگه‌یان بۆ دروست ده‌كه‌م. بۆ نموونه، قوربانییه‌ك چۆن باسی ئه‌شكه‌نجه‌دان ده‌كات؟ من له رۆمانی (قسه‌م نه‌كردووه)دا به‌دوای ورده‌كاریی كرداریی ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌وه نه‌بووم. ئه‌و شته‌ی كه ده‌مه‌ویست بیزانم ئه‌وه‌بوو ئه‌و هاوڕێیه‌ی كه ده‌مه‌ویست چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ بكه‌م ئه‌شكه‌نجه درابوو، به چ شێوه‌یه‌ك له‌باره‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌وه قسه‌م بۆ ده‌كات. مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا ئه‌و وشانه نه‌بوو كه ده‌یگوت، به‌ڵكو ئه‌وه بوو به چ شێوه‌یه‌ك ده‌یگوتن. له‌و لایه‌نه‌وه بوو كه به‌ڕاستی به‌سه‌رهاته‌كان به‌لامه‌وه سه‌رنجڕاكێش بوون. یه‌كێك له كاریگه‌رترین ئه‌و شتانه‌ی ئه‌و هاوڕێیه وتی، شتێكی له‌م بابه‌ته بوو: « پاشان دووباره ئێمه‌یان گه‌ڕانده‌وه بۆ ژێرزه‌مینه‌كه، له یه‌كێك له‌و ئینفرادیانه‌دا، كاتێ گوێم له ده‌نگی ده‌رگا ده‌بوو كه ده‌كرایه‌وه، ئازارێكی زۆر له گه‌ده‌مدا دروست ده‌بوو، چونكه ده‌مزانی خه‌ریكه دێن و ده‌مبه‌نه‌وه بۆ نهۆمی سه‌ره‌وه.» به‌ڕای من ئه‌مه هه‌ژێنه‌رترین شێوازی ده‌ربڕینی ئه‌شكه‌نجه بوو: جیڕه‌ی ده‌رگا و ئازاری گه‌ده.
له كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا سه‌باره‌ت به كاره‌كته‌رێكی رۆمانه‌كه‌م (ئه‌نتۆنیۆ- ساڵی چاپی،2007) به ناوی (ئیزابێل)، چاوپێكه‌تنم له‌گه‌ڵ دایكم كرد، كاتێ ویستی ئاماژه بۆ هه‌ندێ له هاوپۆله‌كانی بكات كه وه‌كو ئه‌و گوێیان به ده‌رسه‌كان نه‌ده‌دا، وشه‌یه‌كی به‌كارهێنا سه‌رنجی راكێشام، دایكم ئه‌وانی به «مناڵ و تاڵ» ناوبرد، مه‌به‌ستی له‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك هه‌رچی و په‌رچی بوو، دیاره وه‌كو سووكایه‌تی وشه‌كه‌ی به‌كارهێنا. ئه‌مه رێك شێوازی قسه‌كردنی ئه‌و بوو سه‌باره‌ت به كه‌سانێك كه گه‌رم و گوڕ بوون له‌گه‌ڵی، به‌ڵام هاوڕێی نه‌بوون. نازانم هه‌تا ئێستا ئه‌و جۆره هه‌سته‌ت هه‌بووه یان نا، چونكه له كاتی ئیشكردندا مه‌سه‌له‌كه ده‌گۆڕێت. به‌ڵام شته واقیعییه‌كانی وه‌ك ئه‌مه هه‌میشه ده‌وڵه‌مه‌ندتر و به‌قوه‌تتره له‌وه‌ی كه خۆم ده‌توانم وێنای بكه‌م. به‌قوه‌تترین وشه ئه‌و وشانه‌ن كه مرۆڤ له كاتی خۆیدا به‌كاریده‌هێنێت.
ن، ر: باشه لێگه‌ڕێ با باسی كاره‌كته‌ره‌كان بكه‌ین. پێت وایه بووی به نووسه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی به‌و شێوه‌یه كاره‌كته‌ره‌كان بدۆزیته‌وه؟
ب، ب: نازانم. تۆ ده‌زانیت بۆچی بوویت به نووسه‌ر؟
له ناخی كاره‌كته‌ره‌كه‌دا هه‌ست به خۆم بكه‌م
ن، ر: نه‌خێر، به‌ڵام ده‌زانم كه كێشه‌ی من شێوازی دۆزینه‌وه‌ی كه‌سانی تره كه كاره‌كته‌رانێكن له ده‌ره‌وه‌ی من. ده‌نگی من «وه‌كو گێڕه‌ره‌وه« هه‌میشه ریتمی خۆی هه‌یه: «خود»ێكه كه قسه ده‌كات، له ئه‌نجامدا هه‌ر كاتێك كه ده‌مه‌وێت له ناخی كاره‌كته‌ره‌كه‌دا هه‌ست به خۆم بكه‌م، ده‌ڵێی ته‌نیا فێری ئه‌وه بووم له‌سه‌ر ته‌خته‌ی سه‌رشه‌پۆل بوه‌ستم و سواری شه‌پۆله‌كه ببم. به‌لای منه‌وه كاره‌كته‌ر ئه‌و شه‌پۆله‌یه. كه هیچ كاتێك ئه‌وه‌نده به‌رده‌وام نابێت، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامیش بێت جێگه‌ی باوه‌ڕ نییه. وه‌ك ئه‌وه وایه كه من خۆم نه‌بم و كه‌سێكی دیكه بم. به‌ڵام سه‌باره‌ت به تۆ مه‌سه‌له‌كه به‌و شێوه‌یه نییه. تۆ هه‌میشه رووبه‌رێكی فراوان ده‌گریته‌به‌ر، راسته؟ «گه‌یشتن به كاره‌كته‌ر» تۆ له‌م خاڵه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌یت. گه‌یشتن به كاره‌كته‌ر خاڵێكه كه رۆمانه‌كانی تۆ ئارام ئارام له ده‌وری و له رێگه‌یه‌وه فۆرمه‌ڵه ده‌بن.
ب، ب: راسته، منیش ده‌بێت چه‌ند كاره‌كته‌رێكم هه‌بێت. هه‌ڵبه‌ته هه‌میشه حه‌زم كردووه رۆمانێك بنووسم كه پشت به شوێن یان فه‌زایه‌كی تایبه‌ت نه‌به‌ستێت. كتێبه‌كانی تۆ بۆ نموونه كتێبی (بیكێت) یان (كافكا)ی تۆ، به‌ڕای من له‌و كتێبانه‌ن پشتیان به هیچ كات و شوێنێك، یان ته‌نانه‌ت كاره‌كته‌رێكیش نه‌به‌ستووه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا ئه‌وه نییه: به‌ڕای من مه‌سه‌له‌كه به شێوه‌یه‌كی تره: هه‌میشه ئه‌وه كاره‌كته‌ره كه رێگه به من نیشان ده‌دات. دڵنیا نیم ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه بووم به نووسه‌ر كه بتوانم دۆڵی گه‌ڕان به‌دوای كاره‌كته‌ردا بدۆزمه‌وه. به‌ڵام بۆ نووسین ده‌بێت ئه‌م دۆڵه ته‌ی بكه‌م. ئه‌گه‌ر نه‌توانم كاره‌كته‌ر بدۆزمه‌وه، نه رۆمانێك له ئارادا ده‌بێت و نه چیرۆكی رۆمانێك. له هه‌مانكاتدا ده‌بێت فه‌زایه‌كی ئاسانم له‌به‌رده‌ستدا بێت كه بتوانم په‌ره‌ی پێبده‌م. ده‌بێت بزانم ئه‌و شوێنه (سایوپایۆلۆ-یه یان ریۆ) ئه‌گه‌ر سایوپایۆلۆ بێت ده‌بێت واقیعی بێت و ئه‌گه‌ر ریۆ بێت ده‌بێت واقیعی بێت.
ن، ر: تۆ روانینێكی تۆێكاری (ئه‌ناتۆمی)یت هه‌یه بۆ كۆمه‌ڵگا، ئاراسته و شێوازی رێگا دۆزینه‌وه‌ت بۆ ئه‌مه و رێكخستنی وه‌كو گشتێك. سه‌باره‌ت به به‌ریه‌ككه‌وتنی نێوان گروپه خاوه‌ن مۆراڵه‌كان و ئاراسته‌ی سێكسی و پێگه كۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌كان چ هه‌ستێكت هه‌یه؟ ئه‌م شێوازی دابه‌شكردنه‌ی ژیان به‌گشتی بۆ ئاستی جیاواز، كه تیایدا راده‌ی ره‌سه‌نایه‌تی هه‌ر گوته‌یه‌كی دیاریكراو ده‌كرێت زۆر جێگای مشت‌ومڕ بێت، نه‌ك له‌به‌ر خودی ئه‌و گوتاره، به‌ڵكو له‌به‌ر پێگه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه قسه ده‌كات.
ب، ب: هه‌ستم پێم ده‌ڵێت «هه‌موو ئه‌مانه له چیرۆك یان له رۆمانه‌كه‌دا بخه‌ره لاوه« یان «تا ئه‌و راده‌یه شت له چیرۆك یان له رۆمانه‌كه بار مه‌كه«. پێم وایه ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ش زۆرترین ئیشێك كه ده‌بێت بیكه‌م بیستنه. پێشان هه‌ستم وابوو كه ده‌بێت توێژینه‌وه بكه‌م یان وه‌ڵام بده‌مه‌وه. پێم وایه به‌نیسبه‌ت پێشتره‌وه زۆر گۆڕاوم. ئێستا پێم وایه ته‌نیا ده‌بێت ببیستم. ده‌بێت بیر له كۆمه‌ڵێ شت بكه‌مه‌وه، پێویست ناكات كاردانه‌وه‌م هه‌بێت، پێشان زۆر به‌كاردانه‌وه ده‌جووڵام. به‌ره به‌ره تێگه‌یشتم كه‌مو زۆر له هیچ تێناگه‌م، ته‌نانه‌ت له گوتاری فیمینستیش، كه ده‌بێت شۆفێری بم. گوێگرتن ده‌رفه‌تێكم ده‌داتێ بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێ شت بناسم كه ته‌نیا شتێكی گشتیم له‌باره‌یانه‌وه ده‌زانی، له ژیانیشدا هه‌میشه ئاماده‌گییان هه‌بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه بیرۆكه‌یه‌كی ئاوا زۆر كه‌م باسكراوه یان مشتومڕی له‌سه‌ركراوه. من بیر له ده‌ربڕینێكی له‌م شێوه‌یه‌ش ده‌كه‌مه‌وه كه ده‌ڵێ «هه‌موو سپی پێسته‌كان فاشستن»، پێم وایه ته‌نانه‌ت ده‌ربڕینی له‌م شێوه‌یه‌ش له‌و شتانه‌یه كه مرۆڤ پێویسته له‌سه‌ری بوه‌ستێ و گوێی لێبگرێت. جاری وایه ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌م قسانه ده‌كه‌ن خۆشیان نازانن چی ده‌ڵێن، به‌ڵام هێشتا شتێكی به‌قوه‌ت له‌و وشانه‌دا هه‌یه، شتێك له حه‌قیقه‌ت.
ن، ر: خودی ئه‌و واقیعه كه شتێكی وای لێده‌ركه‌وێت خاڵێكی پۆزه‌تیڤه.
ن، ن: رێك وایه. به‌ڕای من پێویست ناكات هاوڕای بین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه ده‌گوترێت، به‌ڵام ده‌بێت گوێی لێبگرین. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌باره‌ت به به‌رهه‌می چیرۆك و رۆمان، كاتێ خه‌ڵك ده‌ستپێده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: «تۆ ناتوانی ئه‌م فیلمه دروست بكه‌یت چونكه سپی پێستیت، تۆ ناتوانی سه‌باره‌ت به كۆیلایه‌تی قسه بكه‌یت» یان «له‌م رۆژگاره‌دا ئیتر ناتوانی فیلمی عاشقانه دروست بكه‌یت.» وه‌كو لاوه خوێنگه‌رمه‌كان تووڕه ده‌بم، به‌ڕاستی ئه‌مه عه‌زێتم ده‌دات. هه‌ڵبه‌ته عه‌زێت وشه‌یه‌كی گونجاو نییه. وێناكردنێكی ئاوا وێرانكه‌ره كه پێت وا بێت نووسه‌رێك یان فیلمسازێك ده‌بێت وه‌كو قه‌ده‌غه سه‌یری هه‌ندێ بابه‌تی دیاریكراو بكات، ئه‌ویش له‌به‌ر هۆكارێك كه هیچ كه‌سێك ناتوانێت پێشان خه‌یاڵی بۆی بچێت. ئه‌مه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌ك ترسناكه كه توانای هونه‌ری به‌و شێوه‌یه بخه‌سێنێت. توانا هونه‌رییه‌كان ئه‌وه‌نده ده‌گمه‌نن كه ده‌بێت پارێزگاری‌یان لێبكرێت. بێگومان مه‌به‌ستم له‌وه نییه كه هه‌موو ئیشێكی هونه‌ری ره‌وایه. به‌ڵام هیچ كه‌سێك ئه‌و مافه‌ی نییه زۆر به‌ئاسانی وێرانی بكات. حاڵی حازر خه‌ڵك ئیشه هونه‌رییه‌كان له چوارچێوه‌ی هه‌ڵه و راستدا سه‌یر ده‌كه‌ن. خه‌ڵكی ته‌نیا حه‌زیان له‌وه‌یه حوكم بده‌ن، له‌بری ئه‌وه‌ی تێبگه‌ن، كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌یه. به‌ڕای من تۆ ده‌توانیت هه‌ر كتێبێكت حه‌ز لێیه بینووسیت و هه‌ر فیلمێكت حه‌ز لێیه دروستی بكه‌یت. هونه‌رمه‌ند ده‌توانێت به هه‌موو دۆڵێكدا گوزه‌ر بكات. ناچاره له‌و دۆڵه‌دا رێگا بدۆزێته‌وه. ئه‌و سه‌رلێشێوانه جدیه‌ش هه‌یه كه ئایا له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆمانێك كاره‌كته‌رێكی لایه‌نگری سێكسه (sexist) ده‌بێت رۆمانه‌كه به لایه‌نگری سێكس حسابی بۆ بكرێت. به‌ڵام ئیشكردنی ره‌خنه له‌سه‌ر به‌رهه‌مێكی هونه‌ری به‌و شێوه‌یه نییه. به‌ڕای من ئێمه وه‌كو هونه‌رمه‌ند پێویسته پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین كه مافی خۆمانه له‌ناو فه‌زادا رێگه‌ی تر بدۆزینه‌وه. ئیلتیزامی سیاسی له‌به‌رهه‌مێكی هونه‌ریدا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی بێ پره‌نسیپ بیت و ورد نه‌بیت. به‌ڵام ئیلتیزامی سیاسی له مه‌یدانی كۆمه‌ڵگادا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی خاوه‌نی پره‌نسیپ بیت و ورد بیت. ئیلتیزامی راسته‌قینه له هه‌ر یه‌ك له‌م دوانه‌دا شتێكی جیاوازه.
سه‌رچاوه: cafecatharsis.ir