ئا: ئازاد ئیبراهیم
چین لەنێو ئەو وڵاتانەدایە كە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە بەهۆی زریانی دۆكسوری كە ناوچە بەرفراوانەكانی خۆرهەڵاتی ئاسیای گرتۆتەوە.
تەنها لە پەكینی پایتەخت، بڕی بارانبارین لە هەفتەی رابردوودا رێژەیەكی پێوانەیی شكاند كە ماوەی 140 ساڵە ئەو بارانە نەباریوە.
بەهۆی ئەم زریانەوە، لانیكەم دەیان كەس گیانیان لەدەستداوە و 18 كەسیش بێسەروشوێنن، بەرپرسانیش ملیۆنان كەسیان لە شوێنەكانی خۆیان رزگاركردووە.
دەزگا راگەیاندنەكانی ئەو وڵاتەش رایانگەیاندووە، بەهۆی زریانەكەوە لافاو زیانی بە رێگاوبان و پردەكان گەیاندووە و ئۆتۆمبێلەكانی ژێرئاوخستوون و ژمارەیەک لە شوێنەكانی بیناسازی وێرانكردووە.
زریانی دوكسۆری كۆتایی هەفتەی رابردوو وڵاتی چینی گرتەوە و بەمەش بەشی باكووری خۆرهەڵاتی وڵاتەكە ژێرئاو كەوت، هاوكات هەفتەیەك پێشتر ناوچەكە روبەڕوی زریانی تالیم بۆوە، بەپێی زانیارییەكانیش تا ئێستا 100 كەس گیانیانلەدەستداوە.