ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەردەوامە.
دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاریدا ماوەی ناو تۆماركردن بۆ ئەو هاوپەیمانییە سیاسییانەی كە دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقدا بكەن، بۆ ئەمڕۆ دووشەممە درێژبكرێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە، بەڕێوەبەری رێكارەكان و راهێنان لە كۆمسیۆن لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، ئاماژەی بەوە داوە «ژمارەی ئەو لایەنانەی تائێستا تۆماركراون 303 لایەنە، هەروەها 37 هاوپەیمانی، لەنێویاندا 24 هاوپەیمانی نوێ و 13 هاوپەیمانی كۆن».
شایانی باسە، رۆژی 5/8/2023، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان، وەك لایەنە كوردستانییەكان، یەكەم هاوپەیمانێتییان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە كەركوك پێكهێنا.