رۆڵی میوانخانەکانی کوردستان لە پێشخستنی گەشتیاریدا

10:09 - 2023-08-08
ئابووری
412 جار خوێندراوەتەوە
هۆتێلێکی گەشتیاری لە نیوزلەندا

ھیوا فەرەیدون عەبدوڵڵا*

‎کەرتی میوانداری و میوانخانەکان لە جیهاندا سات بەسات لە پێشکەوتن و گەشەکردندایە، براندە بەناوبانگەکان و کۆمپانیا گەورە و بەهێزەکانی ئەم بوارە لە پێشبڕکێیەکی بەردەوامدان لەگەڵ یەکتر، لە رووی پێشکەشکردنی خزمەتگوازیی و زیادبوونی رەزامەندی و ئاسوودەیی میوانەکان لەناو میوانخانەکەداو لەسەر ناو و نازناوی گەورە، ململانێی توندی بازرگانی دەکەن ئەمەش لەپێناو سەرنجڕاکێشان و قازانجی مادی زیاتر، لەبەر گرنگی ئەم کەرتە وڵاتان ناوەندی ئەکادیمی و پسپۆڕیی تایبەت لەم بوارەدا ئامادە دەکەن تا وڵاتەکەیان پێشوازییەکی شایستە لە میوانان و گەشتیارانیان بکەن.
‎کورد هەمیشە بە میواندۆستی و ‎مرۆڤدۆستی ناسراوە، بۆیە پێشوازیکردن و رێزگرتنی میوان جگە لە (ئێتیکێت) نەریت و کلتووری کوردی خۆماڵییە، گرنگە زیاتر فێربین چۆن بە شێوازێکی سەردەمیانە هەڵسوکەوت بکەین و رێز لە دەوربەرمان بگرین، ئەمەش خۆی ئامانجی سەرەکی ‎سێکتەری (Hospitality)  میواندارییە کە ئێمە پێویستە لە هەرێمی کوردستان زۆر پەرە بەم کەرتە بدەین.

میواندۆستی 
ئێمە دەبێت هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ خۆمان و دواتر لەگەڵ کەسەکاندا بکەین، هەر تاکێک لە هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە وێنەی کەسێتی کورد پێناسە دەکات، بۆیە دەبێت هەڵسوکەوتی رێزدارانە بنوێنین بە تایبەتی لەگەڵ (گەشتیار)دا، چونکە بە مامەڵەیەکی جوان و بە ئێتیکێت و بە رووخۆشییەوە پێشوازی و گفتۆگۆکردن راستەوخۆ کاریگەریی گەورەی ئەرێنی لە هزری گەشتیاردا بەرامبەر بە نەتەوە و وڵاتەکەمان دروست دەبێت. ئەو کاتە گەشتیار، میواندۆستی هەموو کورد لە هەڵسوکەتی تاکێکدا دەبینێتەوە، بۆیە پێویستە هەمووان هەمیشە رێزدار مامەڵە بکەین لەگەڵ گەشتیاراندا کە شارەزای شارەکەو وڵاتەکەت نین و هەستێکی نامۆیان هەیە. بۆیە دەشێت هەر یەک لە ئێمە ببینە رێبەرێکی گەشتیاری بۆیان رێنوێنییان بکەین و هاوکاریان بین لە پێدانی زانیاری لەسەر ناوچە گەشتیارییەکان و بە وڵاتەکەمانیان ئاشنا بکەین، ئەمەیە مانای میوانداری لە شێوازە سادەکەیدا کە زیاتر دەبێت ئەم هەڵسوکەوتانە و شێوازی مامەڵانە میوانخانەکان و شوێنەکانی مانەوە پیادەی بکەن.

گەشتیاریی لە پەرەسەندندایە

‎ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی ئەم کەرتەو زۆربوونی گەشتیار لە سەرانسەری جیهاندا بە بەردەوامی و رۆژ بە رۆژ ژمارەی میوانخانەکان زیاد دەکەن، کە بە پێی دوایین ئامار لە ساڵی 2022دا، لە سەرانسەری جیهاندا 742 هەزار و 728 هۆتێلی گەشتیاری هەیە، کە بە هەموویان نزیکەی ١٧.٥ ملیۆن ژووری مانەوەیان تێدایە. داهاتی میوانداریی لەسەر ئاستی جیهان زیاتر لە چوار تریلیۆن و 548 ملیار دۆلارە.
لاس ڤێگاس پلەی یەکەمی هەیە بۆ زۆرترین ژووری هۆتێل بە زیاتر لە 150 هەزار ژوور و نیویۆرک لە پلەی دووەمدایە بە زیاتر لە 115 هەزار ژوور، هەروەها نیویۆرک زۆرترین ژووری خاوێنی هۆتێلی هەیە لە ئەمریکا، ئەم ژمارانە ئەو ئاماژەیەمان پێدەدەن کە بوونی میوانخانەکان جگە لەشوێنێکی مانەوە دەکرێت ببێتە شوێنێکی بازرگانی و سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتدا کە ئەمەش بووژانەوەی ناوخۆیی دروست دەکات و هەلی کاری زۆر ‎دەڕەخسێنێت، كە ئێستا بە پێی ئامارەکان ‎ژمارەی ئەوە کەسانەی لە کەرتی میوانداری هۆتێلدا کاردەکەن نزیکەی 10.5 ملیۆن کەسە لەسەر ئاستی جیهان، ئێستا چەندین کۆمپانیای گەورە لەم بوارەدا وەربەرهێنان دەکەن، یەکێک لەوانە ‎کۆمپانیای ماریۆت (marriott)ی نێودەوڵەتییە کە گەورەترین بەش و پشک و لقی لە بازاڕی پیشەسازی هۆتێلدا تۆمار کردووە و سەرمایەی 58.7 ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکردووە.

گەشتیاری پلە ناوەند
‎دووەم کۆمپانیای پێشەنگ لە پیشەسازی هۆتێلدا 42.8 ملیار دۆلاری ئەمریکی لە پشکی بازاڕدا هەیە، ئەویش کۆمپانیای هێڵتۆن (Hilton)ە. ئەم کۆمپانیایانە زۆرترین لق و پشکیان هەیە لەخاوەندارێتی زۆرترین هۆتێلەکان لەجیهاندا.
‎لە هەرێمی کوردستان بە پێی دوایین ئامارەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، ژمارەی میوانخانەکان 432 دانە و ئاپارتمانی راخراویش ‎723 دانەن، کە بەسەرجەم شوێنەکانی مانەوەوە خاوەنی 47 هەزار و 870 بێد و قەرەوێڵەی مانەوەین، ئەم ژمارانەش بەردەوام روو لەزیادبوون دەکەن و گەشتوگوزار و ژمارەی گەشتیاریش لەبەرزبوونەوەدان، لێرەدا ئەوەی جێی سەرنجە نەبوونی شوێنی مانەوەو میوانخانەکان نییە، بەڵکو شێوازی پێشوازیکردن و خزمەتگوازی گەیاندن و بەدەمەوەچوون و مامەڵەی گەرموگوڕی پڕ لەڕێز و ئەتەکێتە ‎بەرامبەر گەشتیارانە، کە کارمەندانی ناو هۆتێل و خودی دامەزراوەی هۆتێل پێوستە رەچاوی بکە، پێویستە ئێمە چاومان لەسەر هۆتێلەکانی سێ ئەستێرە بەرەو سەرەوە بێت، ئەوانەی میوان و گەشتیاری پلە ناوەند لەخۆدەگرن، کە زۆرترین کاریگەریی دروست دەکەن. 

پێویستە چی بکرێت؟

یەکەمین کار کە پێویستە میوانخانەکان بیکەن ئەوەیە: کارمەندەکانیان هەموو ئەو کەسانە بن کە دەرچووی بەشە گەشتیارییەکانن،چونکە بەشێوەیەکی ئەکادیمی ‎خوێندویانە و دەزانن چۆن ‎مامەڵە بکەن، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی هۆتێلە باڵاکان و پێنج ئەستێرەکانیش ئەم هەنگاوەیان نەناوە، نەک هەر ئەوەش زۆرینەی کارمەندەکانیان بیانین، بەداخەوە کەئەم کارمەندانە ناتوانن بە شێوازێکی دڵسۆزانە و گونجاو پێشوازی لە گەشتیاران بکەن، دواتر دانانی رێبەری گەشتیارییە لە هۆتێلەکان بەتایبەتی لە چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەی دیلۆکسدا، کە ئەمە یەکێکە لە کەموکووڕییەکان لە هۆتێلەکانی کوردستاندا، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی حکومەت ‎و نەزانینی خاوەن و بەڕێوبەرانی کارگێری هۆتێلەکان. 
لە راستیدا نابێت گەشتیارێک تەنها وەک کیسە پارەیەک ببینین، دەبێت لە دوای پێشکەشکردنی خزمەتگوازییەکانی هۆتێلەکە، لە رێگای کەسێکەوە کە پیشەكەی رێبەری گەشتیارییەو شارەزایی تەواوی هەیە لەسەرجەم ناوچەکانی کوردستان و ئەو شارەدا کە تێیدایە، ناوچە گەشتیارییەکانی پێ بناسێنرێت، دەبێت هۆتێل هۆکارێک بێت بۆ ناساندن و ئاشناکردنی کوردستان و شارەکەی لە ێگەی رێبەری گەشتیاریەوە نەک تەنها خزمەتگوازییەکانی هۆتێلەکەی پێ بفرۆشێت، ئەمەش بۆ ئەوەی رێژەی گەشتیارانمان زیاتربکەین شوێنە گەشتیاریی و سروشتییەکانی کوردستان ببینن. 

لە ناوەکەیەوە دەستپێبکە

یەکێکی تر لە خاڵە گرنگ و زێڕینەکان، پێگەی کلتووری و رۆشنبیری ناو هۆتێلەکە و رۆشنبیری کارمەندانییەتی، سەرەتا دەبێت خاوەن هۆتێل و بەڕێوبەر لەگەڵ دروستکردنی بینای هۆتێلەکەدا هەر لە هەڵبژاردنی ناوی هۆتێلەکەوە تا دەگات بەوەی سوچێکی تایبەت لەهۆتێلەکەدا ئامادەبکات بۆ پیشاندانی کلتووری کوردی لە کەرەستەی بیاناسازیشدا شێوازێکی کۆن و رەسەنی کوردەواری ببەخشێت، هەروەها کۆمەڵێک کەلوپەل و جلوبەرگی رەسەنی کوردی نمایش بکات و لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانی میوزیک و گۆرانی کوردی و پڕکردنەوەی دیوارەکان بە تابلۆی کوردی کە گوزارشت بێت لە کەلتووری رەسەنی کوردەواری نەک تابلۆیەکی بیانی نامۆ بە ناوچەکە، چونکە بیرمان بێت ‎گەشتیاران هەمیشە دەیانەوێت شتێکی جیاواز لەوەی لای خۆیان هەیە تاقیبکەنەوە و ببینن، نەک هەر لاساییکردنەوەیەک و کۆپیەکی بەرهەمی وڵاتەکەی خۆیان بێت و هیچ سەرنجێک رانەکێشێت، بۆیە دەبێت زیاتر پەرەبدەین بەم بوارە لە هۆتێلدا چونکە راپرسییەکی (Booking.com) دەریخستووە، %60ی بەشداربووان دەیانەوێت ئەزموونی راستەقینەیان لەگەڵ کلتووری ناوخۆیی ئەو وڵاتە هەبێت کە گەشتی بۆ دەکەن. ئەمە دەکرێت بە دیزاینی هۆتێلەکە دەست پێبکات و ناسنامەیەکی جیاواز دروست بکات و هەستێکی جیاواز بە تێکەڵکردنی توخمەکان کە رەنگدانەوەی کۆمەڵگەی ناوخۆییە دروست لای گەشتیار دروست بکات. 
هیوادارین چیتر هۆتێل و مۆتێلەکان تەنها بیر لە قازانجی خۆیان نەکەنەوە، بەڵکو هاندەرێك بن بۆ زیادکردنی گەشتیار بۆ تەواوی وڵات و شارەکە ئەویش لە رێگەی ئەو هۆکارانەوە کە وادەکەن، گەشتیار حەز بکات دووبارە گەشتێك بکاتەوە بۆ هەمان وڵات و شار.

*بەرپرسی کۆمەڵەی گەشتوگوزارناسانی کوردستان / لقی سلێمانی


بابەتە پەیوەندیدارەکان