ساڵیادی شەهیدێكی جوامێر، نەریمان فوئاد مەستی

09:18 - 2022-05-12
ڕاپۆرت
519 جار خوێندراوەتەوە

پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

گەر بمانەوێت زەمەنی رابردوو لەهەموو روویەكەوە هەڵسەنگێنین و بیكەین بە سەرچاوەیەكی بەنرخی رەفتار و هەڵسووكەوتەكانمان، ئەوا پێویستە بەویژدانەوە رێز لەم زەمەنە بگیرێت و وەك كارە درامییەكان جەخت لەسەر گرتە و وێنە و هاوێنەیەك نەكەین كە خواستی دەرهێنەر لەسەروو گشت خواستەكانەوە بێت بەبێ گوێدانە دەسەڵاتی بەرامبەری خوێنەر یان وەرگر، بەو پێیەی دەسەڵاتەكان دابەش دەبن بەسەر سەرجەم ئامرازەكاندا بەبێ جیاوازی، وەك دەسەڵاتی دەق وخاوەن دەق وگێرانەوە و كەس وتاكەكان.
 زەمەنی سیاسی رابردووشمان، لەلایەكەوە، ئەوەندە بەرفراوان نییە تا تێیدا ونببین و لەیادی بكەین، لەلایەكی تریشەوە مێژوونووسان و رۆژنامەنووسان كە ئەركی گێڕانەوە و هەڵسەنگاندنیان لەسەرە، پێویستە، وەك كارو پیشە، لەهەوڵی بیرخستنەوەی یادەوەرییەكانی ئەم زەمەنەدا بن، بەپێچەوانەوە گەورەترین ئەركەكانیان لاسەنگ دەبێت، ئەمەش لەبەرژەوەندی گوتاری كوردیدا نییە.
خوێندكارانی كورد، هەر لەسەرەتای درووستبوونی شۆڕشی نوێی كوردەوە، رۆڵێكی بەرچاویان لە پێشخستن و دامەزراندنی ئەم شۆڕشەدا بینیوە، كارەكانیشیان لەپێناوی بەرژەوەندییە تەسكەكانی خۆیاندا نەبووە، بەڵكو بەگیانێكی كوردایەتی و نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری کاریان کردووە، یەكێك لەو كەڵە جومێرانەی زەمەنی رابردوو كە بەداخەوە وەك سەربازێكی ونی لەیادچوو دێتە بەرچاو، شەهیدی نەمر نەریمان فوئاد مەستییە.
ئەم جوانەمەرگە چاو نەترسە لە دایك بووی ساڵی 1952  ی گەرەكی كانێسكانی شاری سلێمانییە، خەبات و تێكۆشان و زانست وهەڵوێستی ئەم پاڵەوانە و خێزانەكەی لە نێو پڕۆفایلی سەرجەم زەمەنەكان، بەبێ دابران، هەمیشە جێگەی شانازییە بۆ هەموان. ئەم قارەمانە، لەگۆشەیەكەوە، لەبنەماڵەی بابان و مەستی یە فەنی وتۆفیق وەهبی بەگە كە مامی شەهید خۆیەتی، لەگۆشەیەكی  تریشەوە لە نێو ئەدەبیات و سیاسەت و فەرهەنگی شاری سلێمانیدا سەریهەڵدا.
هەر لەسەرەتای منداڵییەوە خولیای دوو شتی سەرەكی بوو، یەكەمیان نیشتمان، دووهەمیان زانست، لەپێناوی بەرجەستەكردنی زانیارییە مێژوویی و ئەدەبی و رۆشنبیرییەكاندا رووی لەبەشی زمانی كوردی زانكۆی بەغدا كرد تا لەڕێگەی ئەم بەشەوە زیاتر بەناخی نەتەوەكەیدا رۆبچێت كە بێگومان دەیتوانی بەشێكی جیاوازتر هەڵبژێرێت.
لە خوێندندا خوێندكارێكی سروشتی نەبوو، زۆربەی كاتی بە خوێندنەوە لۆكاڵی ودەرەكییەكان بەسەر دەبرد، هەر لەو تەمەنەدا چەندین وتاری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا بڵاودەكردەوە، هەندێكی تریشیان وەك دەستنووس ماونەتەوە، كە ئەمە لایەنێكی رۆشنبیری ئەم قارەمانە نیشاندەدات، لە هۆڵی خوێندندا وەك تاكێكی بزێو بەشداری بابەت و ئارگیومێنتەكانی دەكرد، گەرچی هەمیشە لەهۆڵی خوێندندا خۆی لەنێو ململانێكاندا دەبینییەوە، بەڵام  رێزی لەبەرامبەرەكان زۆر دەگرت بەتایبەتی مامۆستایان و خوێندكارانی هاوڕێی، هەر لەبەر ئەمەش بوو لەنێو تێكڕای خەڵكیدا تاكێكی زۆر قورس و خۆشەویست بوو.
ئەم پاڵەوانە نەمرە، وەك كارو پیشە وهەڵوێست، خوازیار بوو رۆژیك لە رۆژان لە پێناوی خاك و نیشتماندا گیانی خۆی بەخت بكات، ئەوە بوو دوای هەڵوەشاندنەوەی بەیننامەی 11 ی ئاداری 1974 خەباتی شاری هەڵبژارد، ئەمە دوای ئەوەی بەشێك لەخوێندكارە بەهەڵوێستەكانی هاوڕێی روویان لەشاخ كرد. 
رۆژی 29/4/1974كە دوا قۆناغی خوێندنی بوو لە زانكۆ، لەگەڵ هاوڕێیانی هاوبیر وبەهەڵوێست : لەیلا قاسم و جەواد و ئازاد و حەسەن لە كاتی بەجێهێنانی ئەركێكی پیرۆزی رێگای رزگاری نەتەوەكەیاندا بەدیل گیران و لەماوەیەكی كورتی بێوێنە و لەڕێگەی دادگایەكی بەوێنەكراو، ڕۆژی 12/5/1974 لە بەندیخانەی ئەبو غرێب لە سێدارە دران.
لێرەدا جێی بیرخستنەوەیە كە هەتا ئێستا وەك وەفایەك بۆ ئەم پاڵەوانە و بەشێك لە هاوڕێكانی وەك پێویست ئاوڕێكیان لێنەدراونەتەوە، ئەم گلەییەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە دەسەڵات هەمیشە جەخت لەسەر سەروەرییەكانی زەمەنی رابردوو دەكاتەوە، بەڵام گەر سەیرێكی زەمەنی ئێستا بكەین بە تایبەتی دوای ئەوەی خەونی ئازادییەكانمان بوو بە واقیعێكی ئاركیۆڵۆژی سەربەخۆ، ئەوا بە ئاشكرا هەست بەكەمتەرخەمییەكان بەرامبەر بەشێك لە دڵسۆزانی گەلەكەمان دەكرێت، رێزگرتنیش لەخەباتی زەمەنی رابردوو، قەوارەی گوتاری نەتەوەیی و فیكری و سیاسی بەهێز دەكات، نەك پێچەوانەكەی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان