حەسەن دەرزی: تا ئێستا نزیكەی 70 گۆرانیم تۆماركردووە

10:14 - 2023-08-10
هەمەرەنگ
659 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی دەنگخۆشی كورد حەسەن دەرزی كوڕی سەلیم ساڵی 1957 لە شاری بۆكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە. بنەماڵەكەیان سەر بە هۆزی فەیزوڵڵابەگییە كە یەكێكە لە هۆزە ناودار و خۆشناوەكانی ناوچەی موكریان. 
هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هۆگری گۆرانی وتن و موزیك دەبێت و دەڵێت: 
محەمەدی برای دەنگی زۆر خۆش بووە و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر داناوە و لە راستیدا یەكەم مامۆستای بووە لە بواری هونەردا و هەر ئەویش هاندەری بووە بۆ ئەوەی بێتە ناو جیهانی موزیك و گۆرانییە، هەرچەند محەمەدی برای نەیتوانیوە بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە درێژە بە هونەرەكەی بدات. 
لە لێدوانێكی تایبەتدا، هونەرمەند حەسەن دەرزی بە دوالاپەڕەی راگەیاند:  هەر لە منداڵییەوە گوێم بە دەنگی مامۆستا حەسەن زیرەك كراوەتەوە و زۆر هۆگری دەنگی زیرەكی نەمرم.  
حەسەن دەرزی وتیشی: وێڕای ئەوەی كە گۆرانی چڕیوە، كەمانیشی ژەنیوە و ئەو هونەرەش لەلای مامۆستایان ئەمیری مینایی و رەشیدی فەیزی نەژاد فێر بووە. 
هونەرمەند حەسەن دەرزی ئاماژەی بەوەشكرد كە تا ئێستا نزیكەی 70 گۆرانی تۆمار كردووە و خاوەنی پێنج ئەلبومی گۆرانییە و شەشەمین ئەلبومیشی بەڕێوەیە و هەنووكەش نزیكەی 15 گۆرانی ئامادەیە و چاوەڕێی هیممەت و هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان  دەكات بۆ ئەوەی بتوانێت تۆماریان بكات و پێشكەشی هەوادارانی بكات.
هونەرمەند بۆ ماوەی 26 ساڵ وەك مامۆستا لە ناوەندەكانی خوێندن لە شاری بۆكان وانەی وتۆتەوە  و بە هۆی دۆخی سیاسییەوە رێگەی هەندەرانی گرتۆتەبەر و لە ساڵانی نەوەدەكانەوە لە بەریتانیا دەژی و ئاواتەخوازە بێتەوە هەرێم و كۆنسێرتێك بۆ شەیدایانی گۆرانی رەسەنی كورد بەڕێوەببات. 

جەواد حەیدەری 

بابەتە پەیوەندیدارەکان