لە یادی رۆژی جیهانیی باڵندە کۆچەرییەکاندا

کارکردن بۆ هاوسەنگیی ژینگەی هەرێم و عیراق

08:56 - 2022-05-14
جیهان
956 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 14ی ئایاری هەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیهانی باڵندە کۆچەرییەکان دەستنیشان کردووە.
دۆخی نالەباری سیاسی و جەنگ و کوشتار چەندە زاڵبێت بەسەر کۆی شانۆی نێودەوڵەتیدا، هێشتا ناکاتە ئەوەی کە ژینگە و سروشت و کەشوهەوا بەهەند وەرنەگیرێت، چونکە گومانی تێدا نییە کە جەنگ و کوشتارەکان بۆ پراکتیزەکردنی سیاسەتێکە و دوای بەدیهاتنی بەشێک لە ئامانجە سیاسی و ئابووریی و ئەمنییەکان، جەنگەکان کۆتاییان دێت و دیالۆگ و دانوستان لەنێوان لایەنە بەشەڕهاتووەکاندا خاڵ و بەشێکی ئەو بڕگانەش دەهێننەدی کە جەنگ توانای بەدیهێنانیانی نییە. 
دیارە جەنگەکان بەگشتی چەند لێکەوتەیەکی وەک کاولکاریی ژێرخان و سەرخانی وڵاتە بەشەڕهاتووەکانی بەدوادا دێت، بەڵام ئەوەی چارەسەر نابێت کوژران و بێسەروشوێن بوونی مرۆڤەکان و  ئاساییبوونەوەی رەوشی ژینگە و کەشوهەوا و سروشتە.
لەم یادەدا ئەگەرچی ئێمەی خەڵکی کوردستان و عیراق رۆژگارێکی زۆرمان لە جەنگ و کوشتار و کاولکاریی تێپەڕاندووە، بەڵام پێدەچێت تازە بەتازە بەشێک لە شوێنەوارەکانی ئەو جەنگ و کاولکارییانە لەسەر خەڵک و خاک و سروشتی عیراق و کوردستان رەنگ بدەنەوە.
نموونەیەکی زیندوو ئەوەیە هەنووکە ئێمەی خەڵکی باشووری کوردستان لە ناوەڕاستی یادکردنەوەی رۆژە رەشەکانی ئەنفالداین، بەهۆی ئەو وێرانکاریی و کاولکارییانەوە کە 34 ساڵ لەمەوبەر بەرۆکی ئەم ناوچەیەیان گرتووە، هێشتا ئەو ناوچانەی قۆناغەکانی کارەساتەکەی بەسەردا جێبەجێکراوە، نەک باڵندە کۆچەرە وەرزییەکانی خۆیان بۆ نەگەڕاوەتەوە، بەڵکو سروشت و ژینگەکەیان بەجۆرێک شێوێنراوە بەشێکی زۆری مرۆڤەکانیشی بوونە کۆچەر و مین و پاشماوەی تەقەمەنی و کوێرکردنەوەی کانی و کانیاوەکانیان کارێکیان کردووە، درەخت و گوڵ و رەزو باخەکانیش چیتر وەک جارانیان لێ نەهاتۆتەوە و بوونەتە کۆچەر.
لەسەر ئاستی عیراقیش باخە خورماکانی قوڕنە و هۆڕەکانی حەوێزە، سینیە، حەممار و سەعدیە کە گەورەترین ئەو رووبەرە ئاویی و سەوزاییانەی باشووری عیراق بوون و تا رادەیەک هاوسەنگیی ژینگەییان راگرتبوو، بەڵام ئەوەش هەر لەسایەی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی رژێمی پێشووەوە جگە لەوەی زۆربەی بە گڵ پڕکرانەوە و درەختەکانیش بڕدرانەوە، هەموو ماسی و باڵندە جێگیر و کۆچەرییەکانیشی بۆ تاهەتایە کۆتایی بە ژیانیان هات و خاکێکی بەبیابانبوو لە شوێنی بەجێماوە. 
ئێستا لەم یادەدا ئەرکی هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمە بە هاوکاریی ئاژانسە تایبەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لانیکەمی ئەو ناهاوسەنگییە ژینگەییە بگێڕنەوە بۆ عیراق و کوردستان بەتایبەتی کە پێشبینییە نێودەوڵەتییەکانی ژینگە و کەش و هەوا بەردەوام مەترسیی ئەگەری زیادبوونی پانتایی و رووبەری بە بیابانبوونی عیراق دەدەن بە گوێماندا. 

#جیهان

بابەتە پەیوەندیدارەکان