نەوزاد ساڵح: یەکێتی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردی دەوێ

09:27 - 2022-05-14
دیدار
1172 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی – جەمال ئارێز

لە ماوەی رابردوودا بابەتی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە وادەکەی و یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم و تۆماری دەنگدەران و یاسای هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی پێکهاتەکان  قسەوباسی زۆر و ناکۆکیی قووڵی خستۆتە نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەلایەک و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتەنها لەلایەکی دیکەوە، لە دوای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکەش لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ناکۆکییەکان توندتر دەردەکەون لەوبارەیەوە. بەمەبەستی زانینی ئەوخاڵانەی ناکۆکییان لەسەرە و ئاخۆ تاچەند لایەنەکان دەتوانن ئەو ناکۆکی و جیاوازییانە تێپەڕێنن، پێمان باش بوو ئەم دیدارە لەگەڵ هەڤاڵ نەوزاد ساڵح سازبدەین کە راوێژکارە لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی ی.ن.ک بۆ کاروباری هەڵبژاردن.

 

 *تێڕوانینی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵبژاردن چییە و تاچەند بڕوای بەو پڕۆسە دیموکراتییە هەیە؟

-یەکێتیی هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە بڕوای تەواوی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن بووە و بە پراکتیکی کاری لەسەر کردووە و لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا یەکێتی کارئاسانیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گوندەکان کردووە وەک یەکەم ئەزموونی هەڵبژاردن بۆ نوێنەرایەتی خەڵکی گوندەکان لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشدا کە ئەوە بۆخۆی یەکەم هەنگاوی دیموکراسییانە بوو کە لە سۆنگەی  بڕوابوونی یەکێتییەوە بووە بە چەمکی دیموکراسی، هەروەک هەڵبژاردنی یەکەمین پەرلەمانی کوردستانیش بە پێداگریی یەکێتییەکەی مام جەلال لە دروشمەوە بووە واقیع چونکە یەکێتی بڕوای تەواوی پێی هەبووە، کەواتە یەکێتی لە رابردو و ئێستاشدا دوای بەستنی چوارهەمین کۆنگرە، لە پەیڕەوی پەسەندکراوی خۆیدا و لە مادەی 29 بڕگەی (ب) بڕیاری دروستکردنی (کۆمسیونی هەڵبژاردنەکان)ی جێگیر کردووە بۆناو حزبیش کە ئەو ئۆرگانە سەربە ئەنجومەنی سەرکردایەتییە و ئێستاش کاری تێدا دەکەین بۆ زیاتر پەیوەستبوون بەم پڕەنسیپە گرنگە. چونکە یەکێتی پێیوایە هەڵبژاردن پێویستییەکی سەردەمیانەیە بۆ گۆڕانکاری، بەجۆرێک کە لەگەڵ خواست و پێشهاتەکانی سەردەمدا بگونجێت، 
هەروەها وەک بیروڕای شەخسیی خۆم پێموایە «کارێکی زۆر نالۆژیکییە ئێمە و پارتی لەسەر گرفتی بازنەکانی هەڵبژاردن خەریکە ئەوەی بە 30 ساڵ دروستمان کردووە لەناوی دەبەین»، چونکە  لەڕووی یاساییەوە رۆژی 30/9/2022 خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێدێت، تائێستا ناکۆکی هەیە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە سیستمی پێشوو کە یەک بازنەیی نیمچەکراوە بوو، وێڕای بوونی هەر بەربەست و رێگرییەکی یاسایی و هونەریی لەڕێی پرۆسەی هەڵبژاردندا، بەڵام یەکێتی بڕوای تەواوی بە چارەسەری ئەو گرفتانە هەیە لە رێگەی وتووێژ و لێکتێگەیشتنەوە، چونکە پێموایە هێندەی هێڵ و خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ یەکتریدا هەیە کە پەیوەستمان دەکات بە بەردەوامی کاری هاوبەشەوە بۆ چارەنووسی گەلەکەمان، رەنگە نیو هێندە بەریەککەوتن و ناکۆکیمان نەبێت، کەواتە هەڵبژاردنی زمانی گفتوگۆ چارەسەرە دروستەکەیە نەک بیرکردنەوەی تر کە بمانگەیەنێتە دووڕیانی لێکترازان و پەرتبوون و بەبنبەست گەیشتن.

*یەکێتی دەیەوێت هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام وەک دەبینین یەکێتی و زۆرێک لەلایەنەکانی دیکە کۆمەڵێک سەرنج و تێبینییان هەیە و ئەوەش بووە بە خاڵی ناکۆکی لەنێوان یەکێتی و ئەو حزبانەی تر لەلایەک و پارتی لەلایەکی دیکەوە، رای ئێوە لەوبارەیەوە چییە؟ 
یەکێتی  سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە کات و وادەی خۆیدا کە بەتەواوی گوزارشت لە بیروڕای نوێنەرایەتی سەرجەم  شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان بکات، یەکێتی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە بەشێک و بەردی بناغەی پڕۆسەی دیموکراسی دەزانێت کە کورد نزیکەی سێ چارەکە سەدە بۆ نیو سەدەیە قوربانیی بۆ دەدات، وێڕای ئەوەی کە هێشتا بەشێک لە هاووڵاتیانی کوردستان لە ناوچە دابڕاوەکاندا تینوێتییان لە ئازادی نەشکاوە. پێ بەپێ و هەنگاو بە هەنگاو یەکێتی بە خوێندنەوە و خۆئامادەکردن بۆ قۆناغەکە کار لەسەر پیادەکردنی ئەم چەمکە دەکات و پێیوایە ئەوە هەڵبژاردنە کە دەتوانێت وەک ئامرازێکی گٶڕانکاریی و میتۆدێک بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، رۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕێت لە ژیانی سیاسی و کٶمەڵایەتی و ئابووریی کۆمەڵگەدا.
 بۆیە پێموایە دوو گرفتی سەرەکی هەیە لەبەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردندا:
یەکەمیان ئەوەیە کە کۆمسیونی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019ەوە ماوەی یاسایی بەسەرچووە و کاربەڕێکەرە، دەبێت یان ماوەی کارکردنی لە پەرلەمانەوە بە یاسا بۆ درێژبکرێتەوە، یاخود دەبێت هەڵبوەشێتەوە و کۆمسیۆنێکی نوێ بە سازانی لایەنەکان دابمەزرێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە.
دووەمیشیان یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە ئەو یاسایە واتە یاسای ژمارە(1)ی ساڵی 1992 ەو لە8/4/1992ەوە دەرچووە و لە 19/5/1992دا یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان- عیراق-ی پێ بەڕێوەبراوە و پێنج خول هەڵبژاردن هەر بەو یاسایە کراوە، ئەم یاسایە لە61 مادە و 7 دەروازە پێکهاتووە و  7 جار تائێستا هەموارکراوەتەوە و بەبەریەوە نەماوە، پێویستە هەمواری هەشتەم بکرێتەوە یان هەر لە بنەڕەتەوە یاسایەکی نوێ لە پەرلەمان دەربکرێت.
هەنووکە هەریەک لە فراکسیونەکانی یەکێتی  و بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ و هەندێک لە سەربەخۆکانیش رەشنووسی هەمواری هەشتەمی ئەم یاسایەیان داوە بە لیژنەی یاسایی  پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەم بابەتە هاوڕا نییە.
 
*ئەوە تەنها ئاستەنگە یاخود ئاستەنگی دیکەش لەئارادایە کە رێگرە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن؟ 
-لە ئەزموون و پیادەکردنی پرۆسەی هەڵبژاردندا بازنەکانی هەڵبژاردن بەشێکی دانەبڕاو و بنچینەیین  لەو پڕۆسەیەدا، مەبەست لە بازنەکانی هەڵبژاردن ئەوەیە کە رووبەری جوگرافی وڵات یان هەرێم کە پڕۆسەی هەڵبژاردنی تێدا بەڕێوەدەچێت بەسەر یەک یان چەند بازنەیەکی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت، ئەوەش بەپێی رێژەی دانیشتوان کە پێی دەوترێت فرەبازنەیی و هەتا ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن زۆرتربێت، ئەوا قەبارەی بازنەکان بچووکتر دەبێتەوە، بۆ نموونە لە  هەڵبژاردنی 10/10/2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا جوگرافیای وڵات دابەشکرا بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردندا، بۆیە هەر پارێزگایەک 3 بۆ 5 بازنەی هەڵبژاردنی بەرکەوت. ئەگەر بە دیدێکی زانستییانە و دیموکراتییانە بڕوانینە ئەم بابەتە، ئەوا هەست دەکەین کە پێویستە هەموو رووبەرێکی جوگرافی مافی پرۆسەی هەڵبژاردنی خۆی هەبێت، واتە هەر سنوورێک بەپێی رێژەی دانیشتووانی خۆی نوێنەری هەبێت بۆ ئەم پڕۆسەیە، کە ئەوەش دەکاتە ئەوەی دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر بازنەکاندا بەپێی ژمارەی دانیشتوان دادپەروەرانە ترە هەتا دەستنیشانکردنی نوێنەران لەسەر ئاستێکی تر.
 کەواتە هەر ئەم کارە دەمانگەیەنێتە ئەو راستییەی کە فرەبازنەیی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و دەنگدەرانە و هەموو سنوورێک نوێنەری هەڵبژێردراوی خۆی دەبێت لە رێگەی هەڵبژاردنەوە. بە پێچەوانەی یەک بازنەییەوە کە زیاتر نوێنەری سەنتەری شارە گەورەکان براوە دەبن و نادادی تێدا بەدی دەکرێت، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر دەرنەچوونی نوێنەری قەزا و ناحییەکان دروست دەکات.
هەروەک خاڵە بەهێزەکانی فرەبازنەیی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا  بریتین لەوەی کە دادپەروەریی جوگرافی دەستەبەر دەکات، چونکە کار بە سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی دەکرێت و قەزا و ناحیەکان دەخوێنرێنەوە و نوێنەرەکانیان بەشدار دەبن. جگەلەوەش قۆرغکاری دروست ناکات و دیموکراسییانە ترە. هەروەها دەنگدەریش باشتر نوێنەری خۆی دەناسێت و زووتر دەستی پێی دەگات.

*دەوترێت گرفتێکی دیکە تۆماری دەنگدەرانە، مەبەستی ئەو لایەنە سیاسییانە لەوە چییە و تۆماری دەنگدەران بۆچی گرفت دروست دەکات؟ 
-تۆماری دەنگدەران یەکێکە لە رەگەزە بنچینەییەکانی هەر هەڵبژاردنێک، هەر دەنگدەرێک ناوی لە تۆماری دەنگدەراندا نەبێت ناتوانێت بەشداربێت لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، وەک لە مادەی (21) ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤدا هاتووە، هەروەها لە مادەی (25) ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکان و لە  بڕگەی یەکەم و دووەمی جاڕنامەی نێودەوڵەتی بە پێوەرەکانی هەڵبژاردنی ئازاد و پاک دوور لە هەرجۆرە دەستێوەردانێک، لە زنجیرەی پێنجەمی مادەی چوارەمی یاسای ژمارە (4) ی ساڵی 2014 دا هاتووە (بەڕێوەبردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی دەنگدەران و رێکخستن و نوێکردنەوەی تۆمارەکانیان بۆ مسۆگەرکردنی مافی هەڵبژاردنیان)ە.
 جگە لەوەش کۆمسیۆنی هەرێم کە بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ناسراوە، ناتوانێت تۆماری بایۆمەتری ئامادە بکات بۆ ئەم پڕۆسەیە، بەڵکو چارەسەر ئەوەیە داوای هاوکاری لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بکات، لەبەرئەوەی ئەم تۆمارە لە هەڵبژاردنی 10/10/2021دا کاری پێ کراوە، هەرچەندە ئەویش بەدەر نییە لە کەموکورتی، بەڵام کەمتر خەوشی تێدایە و کەمتر جێگەی گومانە.

*باس لە کێشەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکرێت کە گوایە دەنگی پێکهاتەکان بۆ نوێنەرانی راستەقینەی خۆیان ناچێت، بەڵکو لایەنێکی سیاسی وەک کارتی گوشار بۆ باڵانسی هێزی پەرلەمانیی خۆی بەکاریان دەهێنێت، لەوبارەیەوە ئێوە چ روونکردنەوەیەکتان هەیە؟
-بۆ چارەسەری کورسیی کۆتاکان کە ژمارەیان (11) کورسیە باشتر وایە تۆمارێکی دەنگدەرانی تایبەت بە پێکهاتەکان هەبێت بۆ جیاکردنەوەیان، بۆئەوەی دەنگدەرانی پێکهاتەکان دەنگ بە نوێنەری راستەقینەی خۆیان بدەن و مافیان پارێزراو بێت، یان دەکرێت کۆتاکان دابەشی سەر سنووری جوگرافیی پارێزگاکان بکرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان