عەشق بەرتیلی مانەوەیە

09:51 - 2022-05-14
ڕاپۆرت
616 جار خوێندراوەتەوە
ئانا میچین

برایان گالاگەر

لە فارسییەوە: 
كوردەوان محەمەد سەعید

ئانا میچین پسپۆڕی مرۆڤناسی جێنەتیك و كۆئەندامی دەمارە لە زانكۆی ئۆكسفۆرد، لە چاوپێكەوتنێكدا كە گۆڤاری ناتیلۆس لەگەڵیدا كردوویەتی بە وردی باس لە رووە زانستییەكەی عەشق و ئەوینداریی دەكات و دەڵێ: پسپۆڕانی دەمارناسی و دەروونناسی هەر یەكەیان وەڵامی خۆیان هەیە بۆ بابەتی عەشق، بەڵام من بە گوێرەی پسپۆڕییەكەی خۆم كە مرۆڤناسییە، هەردوو تێڕوانینەكە وەردەگرم راڤەیان دەكەم.

ئانا میچین عەشق بە بەرتیل دەزانێت، كاتێكیش لێی دەپرسن بۆچی؟

لە وەڵامدا دەڵێ: هەستی ئەوینداریی كاتێك دەگاتە لوتكە هانمان دەدات بۆ دروست كردنی پەیوەندییەكی گرنگ لە پێناو مانەوەی خۆماندا، مرۆڤ پێویستی بە هاوكاری یەكدییە بۆ ئەوەی بژی، سروشت بۆ ئەوەی دڵنیا بێت كە ئێمەی مرۆڤ هاوكاری یەكدی دەكەین، جۆرێك بەرتیلی كیمیایی بەكار دەهێنێت، لە راستیدا بنەمای عەشق چوار ماددەی كیمیاییە، كە هەریەكەیان رۆڵی خۆی دەگێڕێت، بەڵام تێكەڵەیەك لەو ماددانە مرۆڤ هان دەدات پەیوەندی لەگەڵ كەسانی دیكە دروست بكات، لە كۆتاییشدا بەو ماددانە ئالودە دەبین و كاتێك پەیوەندییەكە دروست دەكەین ئاسودەو خۆشحاڵ دەبین، چێژێك و هەستێكی تایبەتمان پێ دەبەخشێ كە پێی دەوتری عەشق، وەك ئەوە وایە منداڵەكەت كارێكی باشی دابێت و تۆش شیرینی بدەیتێ، لە راستیدا ئەوە شێوازێكی پەروەردەیی گونجاو نییە، بەڵام هەرچۆنێك بێت كارەكە تەواو دەكات.
عەشق كۆنترۆڵت دەكات
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە توانای عەشق لە كۆنترۆڵ كردنی مرۆڤدا ئانا دەڵێ: لەبەر ئەوەی دوا ئامانج مانەوەی مرۆڤە، ئامانجی ئەم بەرتیل پێدانەش تەنیا وەچە خستنەوەیە، لەبەر ئەوە عەشق جۆرێكە لە كۆنترۆڵ كردنی مرۆڤ، بەڵام كۆنترۆڵ كردنێكی ناخۆش نییە، بگرە زۆربەی ئەوانەی عاشق دەبن، چێژ لە پەیوەندییەكی گەرم و گوڕو دەبینن و هەست بە سەلامەتی دەكەن، بەڵام خاڵێكی خراپ كە لە ئەوین و ئەویندارییدا هەیە، ئەوەیە ئەگەر هەیە ئەو هەستە لەلایەن كەسی بەرامبەرەوە خراپ بەكار بهێنرێت، رەنگە كەسی بەرامبەر بۆ مەرامێكی خۆی كارێك، یان كردەوەیەك بە عاشقەكە بكات و تیایدا عاشق ببێتە قوربانی، ئەم تایبەتمەندییە تەنیا لە مرۆڤدا هەیەو هیچ ئاژەڵێك عەشق بەكار ناهێنێت بۆ فریودانی بەرامبەرەكەی.
كاتێك لەبارەی هۆرمۆنی ئۆكسیتۆسین و كاریگەریی مەترسیداری لەسەر پەیوەندی ژن و مێردایەتی لێیان پرسی، ئانا وتی: لە پەیوەندیدا چەند هۆكارێك هەن كاریگەرییان هەیە، وەكو جێنەتیك، شێوازی گەشەی مرۆڤەكە، كەسێتی، پەروەردەی خێزانیی، بەڵام بە گشتی ئەو كەسانەی رێژەی هۆرمۆنی ئۆكسیتۆسینیان بەرزە، زیاتر ئامادەن بۆ دروست كردنی پەیوەندی و زیاتریش ئامادەن درێژە بە پەیوەندییەكەیان بدەن.
ئایا عەشق كوێرە؟
وتەیەكی بەناوبانگ هەیە كە دەڵێ عەشق كوێرە، ئانا میچین لەو بارەیەوە دەڵێ: بەڵێ، كاتێك عاشق دەبیت هەندێك بەشی مێشكت كارا دەبن و هەندێك بەشی دیكەشی ناكارا دەبن، ناكارابوونەكەش زیاتر لەوە بەشانەدا روو دەدات كە پەیوەندییان بە خوێندنەوەی كەسی بەرامبەرەوە هەیە، واتە خوێندنەوەی بیری بەرامبەر بۆ ناسینی كەسانی دی و جیا كردنەوەی كەسی راستگۆ لەگەڵ درۆزن لێك جیا بكەیتەوە، بەڵام كاتێك عاشق دەبیت ئەو بەشە كار ناكات، لەبەر ئەوە رەنگە ئەو كەسەی تۆ عاشقی بوویت درۆت لەگەڵ بكات و فێڵت لێ بكات، بەڵام تۆ نایبینیت و هەستی پێ ناكەیت.
رەنگە هۆكارەكەی هۆرمۆنی ئۆكسیتۆسین بێت كە وا لە مرۆڤ دەكات متمانە بە بەرامبەرەكەی بكات و كوێرانە باوەڕی پێ بكات، چونكە ئەگەر وا نەبێت و مرۆڤ لە هەموو كەس بە گومان بوایە، ئەو كاتە لە وەچە خستنەوەدا سەركەوتوو نەدەبوو، ئەم دۆخە تەنیا بۆ ئەوین و ئەوینداریی نییە، بەڵكو هەمان دۆخ لای باوەڕدارەكانیش هەیە، مرۆڤی مەزهەبی كوێرانە پەیڕەوی لە رابەرەكەی دەكات.
چۆنێتی هەڵبژاردنی دڵدار
ئانا دەڵێ: كاتێك كەسێك دەبینیت و ئەو هەستە سەر هەڵدەدات، هەموو هەستەوەرەكانت دەكەونە كار بۆ هەڵسەنگاندنی لەشولاری كەسەكەو دەنگ و ئاوازی قسەكردنی و تەنانەت شێوازی رەفتارو قسەكردنیشی، سەرەتا مێشك لە نائاگادا هەموو ئەو زانیارییانە وەردەگرێت و پاشان بڕیار دەدات، ئایا ئەم كەسە گونجاوە بۆ تۆ یان نا، هەڵبەت مێشكت بە شێوەیەكی سروشتی بیر لە وەچەخستنەوە دەكاتەوە، ئەگەر مێشك كەسەكەی بە دڵ بوو، ئەو كاتە هۆرمۆنەكانی ئۆكسیتۆسین و دۆپامین وات لێ دەكەن بكەویتە جووڵە، دوای ئەمە كاری نائاگا تەواو دەبێت و بەشی ئاگای مێشك دەكەوێتە خۆ، بۆ نزیكبوونەوە لەو كەسە.
لەبارەی شێوازی پەروەردەی منداڵ و كاریگەری لەسەر عاشقبوون لە گەورەییدا ئانا دەڵێ: كاتێك مرۆڤ لە منداڵیدا دایك و باوكی گرنگی پێ دەدەن و لەگەڵ كەسانی نزیكدا هەست بە ئارامی دەكات و ئاڵۆزیی دەروونی نییە، دایك و باوك جیا نەبوونەتەوەو منداڵەكەیان جێ نەهێشتووە، ئەو منداڵە مێشكی تەژییە لە هۆرمۆنەكانی ئۆكسیتۆسین و دۆپامین و بێتائەندرۆفین، ئەو كاتە هۆرمۆنی كۆرتیزۆل كە دەبێتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لە مرۆڤدا، زۆر كەم دەبێت و ئەو كاتەش مێشك زۆر بەباشی كار دەكات، تۆ ئەگەر ئەو منداڵە بیت، لە گەورەبووندا پێویستییە بایەلۆژی و دەروونییەكانی تایبەت بە دروست كردنی پەیوەندییەكی باش و سەركەوتووت هەیە.
كاریگەری پەروەردە لەسەر عەشق
بەڵام بە داخەوە ئەو دۆخ و ژینگە لەبارە بۆ هەموو منداڵێك ناڕەخسێت، بەشێكی زۆر لە منداڵان مێشكیان سیخناخە بە هۆرمۆنی كۆرتیزۆل و ئەو شوێنانەی مێشك كە پەیوەستن بە دروست كردنی پەیوەندی كۆمەڵایەتییەوە زیانیان پێ گەیشتووەو هەندێك لە دەمارە شانەكانی لەدەست داوەو ماددە خۆڵەمێشی و سپییەكەی كەم بۆتەوە، ئەم جۆرە منداڵانە كاتێك كە گەورە دەبن، ناتوانن پەیوەندییەكی باش دروست بكەن، ناتوانن متمانە بە بەرامبەرەكەیان بكەن، لەبەر ئەوەی پێشتر رەفتاری خراپیان بەرامبەر كراوە، ئەوانیش رەفتاری خراپ بەرهەم دەهێننەوە.
ئانا لەبارەی هاوڕێیەتییەوە دەڵێ: راستە پەیوەندی ئەوینداری و پەیوەندی نێوان منداڵ و دایك و باوك زۆر گرنگە، بەڵام پەیوەندییەكی دیكەش هەیە گرنگییەكەی لەوانی دی كەمتر نییە، ئەویش پەیوەندی هاوڕێیەتییە، رەنگە زۆر جار ئەم پەیوەندییەمان بەهەند وەرنەگرتبێت، لە كاتێكدا بۆ ژیانی مرۆڤ زۆر گرنگە، ئەگەر سەرنج بدەیت، لە پەیوەندی لەگەڵ خێزان یان بنەماڵەدا تۆ خێزانت هەڵنەبژاردووە، تۆ لەو خێزانەدا لەدایك بوویت و بەدەست خۆت نەبووە، بەڵام هاوڕێكانت خۆت هەڵتبژاردوون، باسی شێوازی دروستبوونی پەیوەندی عاشقانەشمان كرد كە هۆرمۆنەكان كۆنترۆڵت دەكەن، كەواتە هەر لەبەر ئەوەیە كە دەبینین پەیوەندی هاوڕێیەتی لە پەیوەندی عاشقانە زیاتر دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبێت، لە راستیدا پەیوەندی هاوڕێیەتی كۆڵەكەی ژیانە و مرۆڤ بۆ سەلامەتی دەروونی و جەستەیی و تەمەندرێژی و خۆشگوزەرانی پێویستی پێیەتی.

عەشقی پیرۆزو رۆمانتیكیانە
لەبارەی عەشق و رۆمانتیكەوە ئانا میچین لەگەڵ ئالن دۆ باتن-ی بیریاری ئینگلیز هاوڕایەو دەڵێ: لە راستیدا رۆمانتیكیبوونی عەشق تێڕوانینێكی كۆنەو لێكدانەوەیەكی باش نییە، ئەو بیرەی كە پێی وایە دوو كەس كە عاشقی یەك دەبن، هەر بۆ یەك دروستكراون، وەكو لە چیرۆكە رۆمانتیكە مێژووییەكاندا هەیە، ئەوە زۆر دوورە لە واقیعەوە، ئەگەر منداڵێك وا پەروەردە بكەیت كە عەشق پیرۆزەو شتێكە لە ئاسمانەوە دێت و سەرتاپا داگیرت دەكات و ئیدی تۆ ژیانت لە دەست خۆتدا نامێنێت، ئەمە خراپە، چونكە ئەگەر كەسی بەرامبەر خراپیش بەكارت بهێنێت، تۆ توانای بڕیاردانت نامێنێت تا خۆتی لێ بپارێزێت، رەنگە زۆر كەس منی پێ رەشبین بێت، بەڵام ئەگەر راستت دەوێت عەشقی رۆمانتیك شتێكی باش نییە.

سەرچاوە: nebesht.com


بابەتە پەیوەندیدارەکان