دیوانی چاودێری دارایی عیراق راپۆرتی وردبینی خەرجی و داھاتی ھەرێمی تەواوکرد

02:32 - 2023-08-13
عیراق
426 جار خوێندراوەتەوە

دیوانی چاودێری دارایی عیراق راپۆرتی خۆی لەبارەی وردبینی لە خەرجی و داھاتی ھەرێم تەواوکرد و ئاڕاستەی سەرۆک وەزیران و وەزارەتی دارایی دەکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ھەرێم دەڵێت ئەوەی لەسەر ئەوان بووە جێبەجێیان کردووە و چاوەڕوانی بەغدا دەکەن بۆ دیاریکردنی ئەو بڕە پارەیەی رەوانەی ھەرێم دەکرێت.
وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی عیراق بۆ ماوەی 10 رۆژ لە ھەرێمی کوردستان مانەوە و ھەفتەی رابردوو گەڕانەوە بەغدا، ئەوەش دوای ئامادەکردنی راپۆرتێکی تایبەت بە وردبینی خەرجی و داھاتەکانی ھەرێم و داھاتە نانەوتییەکان، کە دەبێتە بنەما بۆ دیاریکردنی ئەو بڕە پارەیەی مانگانە رەوانەی ھەرێم دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لیژنەکەی دیوانی چاودێری دارایی عیراق کارەکانی بە کۆتا ھێناوە و راپۆرتی خۆی لەبارەی داھات و خەرجییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە تەواوکرد و گەڕاوەتەوە بەغدا، لەم ھەفتەیەشدا راپۆرتەکەی ئاراستەی وەزارەتی دارایی  عیراق و سەرۆک وەزیران دەکات.
وتیشی، ئەوەی  لەسەر ئەوانە وەزارەتی دارایی ھەموویان وەکو خۆی جێبەجێ کردووە چاوەرێی بەغداد دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ھیچ گرفتێک و کێشەیەکی نوێ نەکەوێتە نێوان ھەرێم و بەغدا  ئەوا لە 18 تاوەکو 25 ئەم مانگە حکومەتی عیراق بەشەبووجەی ھەرێم رەوانە دەکات و لە کۆتایی ئەم مانگەدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 7ی فەرمانبەران دەکات.
حکومەتی عیراق بۆ موچەی مانگی حوزەیرانی ھەرێمی کوردستان بڕی 598 ملیار دینار رەوانەی ھەرێمی کوردستان کرد، لە کاتێکدا حکومەتی ھەرێم داوای 906 ملیار دیناری کردبوو، بۆ ئەم مانگەش ھێشتا دیارنییە چی بڕێک رەوانەی ھەرێم دەکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان