محەمەد سامان صولی

كاریكاتێرستێك لە رۆژهەڵاتەوە بۆ جیهانیبوون

11:34 - 2022-05-14
کەلتور
622 جار خوێندراوەتەوە

به‌ختیار سه‌عید

لەو دەمەی هونەرمەندێكی كاریكاتێرست بەتەنها كاریكاتێرست نابێت، بەڵکو لەبەر لێوەشاوەیی دەكرێتە لیژنەی تەحكیم لەسەر ئاستی شارو وڵاتەكەی و دواتریش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەكرێتە لیژنەی فێستیڤاڵەکان، ئەو کاریکاتێرستەی خاوەنی چەندین كتێبی چاپكراوە ئەویش (محەمەد سامان صولی)یە کە خەڵکی شاری سنەیە، ئەم هونەرمەندە لە بوارێك زیاتردا سەلماندوێتی كارامەو سەركەوتووە، هەروەها سەرپەرشتی بەشی خانەی كاریكاتێرانی سنە دەكات و یەكێك لە هەوڵە گرنگ و بەرچاوەكانی بریتییە لە هاوكاریكردنی لاوان و ژنان بۆ ئەوەی ببنە كاریكاتێرستی سەركەوتوو و نوێنەری شارەكەیان بکەن و لەهەموو پێشبڕكێ ناوخۆو نێودەوڵەتییەكاندا بەشداربن.
لە کارەکانیدا گرنگی تەواوی بە بابەتە سیاسییەكان داوە و لە شێوازێكی كۆمیدی تەواودا نیشانیان دەدات، ئەو تەكنیكی كاركردنەشی بۆتە هۆكاری ئەوەی لە زۆربەی كێبڕكێ و پیشانگە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانەوە كارتی بانگهێشتی بۆ بنێرن، چ وەكو بەشدارییەك، چ وەكو ئەندامێكی لیژنەی تەحكیم و بۆچوونەكانی بە بایەخەوە وەردەگیرێن و گرنگی پێ دەدەن.

(محەمەد سامان صولی) لە رێگەی دیداری نێودەوڵەتی كارتۆنی كوردی كە ساڵانە ناوەندی 7 رەنگە سازی دەكات، هەروەها پیشانگە هەمیشەییەكانی بۆ كاریكاتێر ئاشنایەتی لەگەڵ ژمارەیەك لە كاریكاتێرستەكانی باشوری كوردستان و بەشەكانی تری كوردستان پەیداکردووە، هەر ئەوەش بۆتە هۆكاری دروستكردنی كاری هاوبەشی نێوانیان و بڕیارە لە باشورەوە پیشانگەی گروپی كاریكاتێری ببرێتە شاری سنە و دواتریش شاری تاران كە بەرهەمەكەی ئەو دروستكردنی پردی پەیوەندییە.
یەكێك لەو تایبەتمەندیانەی تری كاری هونەری لای  (محەمەد سامان صولی) كاریكاتێری پۆرترێتە كە بەشێكی تری دنیای كاریكاتێرە و لەو رووەشەوە خاوەنی دەیانی پۆرترێتی كەسایەتییە سیاسیی و هونەرییەكانە و بە هێڵێكی بەهێزەوە رەنگڕێژیان دەكات و وەكو كاریكاتێرێكی ئەكادیمی دەیانخاتە روو، هەر ئەوانەش جارێكی تر بوونەتەوە بە بابەتی ئەو وۆرك شۆپانەی بەردەوام لە خانەی كاریكاتێرانی سنە دەیانكاتەوە بەهاوكاری هاوپیشەكانی سەركەوتنێكی باڵای بەدەستهێناوە.

بایۆگرافی محەمەد سامان صولی

-1966 لە شاری سنە لەدایكبووە.
- خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمی كۆمپیوتەرە.
- سەرەتاكانی كاری هونەری لە ساڵی 1983 وە دەگەڕێتەوە.
- كاریكاتێرەكانی لە رۆژنامەو گۆڤارەكانی وەكو (هەمشەری، جاجم، شیف، یۆنگ) بڵاوكراوەتەوە.
- 1984 یەكەمین پیشانگەی تایبەتی لەشاری سنە كردۆتەوە.
- 1994 دووەمین پیشانگەی تایبەتی لە شاری سنە کردۆتەوە.
 - لە چەندین پیشانگەی هاوبەشدا بەشداریكردووە لە (تەبرێز، ئەسفەهان، رشت، ئورمیە، كرماشان، تاران، ئیتاڵیا، رۆمانیا، چین، هەرێمی كوردستان).
- سەرپەرشتیاری كارتۆنی ساڵانەی كوردستانە.
- خاوەنی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە لەوانە (خەڵاتی ئاڵتونی فێستیڤاڵی ویب كارتۆن – چین 2012، خەڵاتی سێیەم لە فێستیڤاڵی ئابوری جیهانی بۆ وێنەی جوڵاو- تەبرێز 2011، خەڵاتی یەكەمینی فێستیڤاڵی كارتۆنی رۆژنامەگەری- تەبرێز-1994، خەڵاتی سێیەم  لە فێستیڤاڵی بەهار).
- چەندینجار وەكو لیژنەی تەحكیم لە فێستیڤاڵەكانی ناوەوە و دەرەوەی ئێران بەشدار بووە.
- 2016 گۆڤاری Tunes Magazine وەكو باشترین كاریكاتێرستی ساڵ هەڵیبژاردووە.
 - 15 كتێبی چاپكراوی هەیە. 


بابەتە پەیوەندیدارەکان