تویتەر و سریدز بەرەو کوێ؟

10:13 - 2023-08-14
ئابووری
145 جار خوێندراوەتەوە
تویتەر، ئەو سەکۆیەی رۆژگارێک لەوپەڕی گەشەدا بوو

فەیسەڵ عەلی

 شەڕی نێوان هەردوو جەمسەرەکەی سۆشیاڵ میدیا، واتە تویتەر (Twitter) کە خاوەنەکەی (ئایلۆن ماسک)ە و مێتا (‎Meta) کە خاوەنەکەی (مارک زوکەربێرگ)ە، سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، شەڕی نێوان ئەم دووانە لە سەرەتای ئەم مانگەوە(ئابی ٢٠٢٣) دەستی پێکرد، دوای ئەوەی کۆمپانیای (مێتا) سەکۆی سریدز (Threads)ی خستەگەڕ، کە بە میکانیزمێکی هاوشێوەی تویتەر کار دەکات، ئەمەش کۆمپانیای تویتەر و ئایلۆن ماسکی هێنایە سەرخەت و بەم هەنگاوە ناڕەحەت بوون.
سەکۆی نوێی سۆشیاڵ میدیا(سریدز)ی سەربە کۆمپانیای(مێتا)، کار لەسەر بڵاوکردنەوەی دەقی کورت بە نێوەنجی ٥٠٠ وشە، دەکات، هەروەها بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆ و چەند تایبەتمەندییەکی تر کە هەندێکیان بە ئاستێکی کەمتر لای تویتەر هەیە، یان دەکرێ بوترێ لانیکەم لەم قۆناغی سەرەتاییەی سەکۆ نوێیەکەدا هەیە.

قەیرانە داراییەکەی تویتەر و دەستپێکردنی سەکۆی سریدز، کە هەمان خەسڵەتەکانی تویتەری هەیە، بەو ئاراستەیە دەڕوات کە رەنگە کۆتایی بە تویتەر بهێنێت

هەڵکشانی خێرا
ئەو ترس و دڵەراوکێیەی (تویتەر) رووی لە زیادبوون کرد، کاتێک لە رووی هاوبەشیکردنەوە(سریدز) بووە خێراترین سەکۆ، تەنها لە حەوت سەعاتی یەکەمی راگەیاندنیدا بەشداربووانی ئەم سەکۆیە گەیشتە 10 ملیۆن کەس، دوای دوو رۆژ ئەو ژمارەیە گەیشتە70 ملیۆن کەس، لە کاتێکدا سامپڵەکەی ژیریی دەستکرد(ChatGPT) دوای پێنج رۆژ لە دەستپێکردنی ژمارەی بەکارهێنەرانی گەیشتە یەک ملیۆن کەس، کە ئەوکات ئەو ژمارە بەشداربووە لەو ماوە کورتەدا بەرزترین نێوەنجی بەکارهێنەرانی سەکۆ دیجیتاڵییەکان بوو، لە بەرامبەریشدا، (تویتەر) دوای چواری ساڵی کارکردنی توانی بگاتە 70 ملیۆن بەشدار بوو، لێرەدا بە زمانی ژمارە، تێبینی هێزی ئەو کێبڕکێکارەی رووبەڕووی (تویتەر) بۆتەوە دەکەین.

پەیوەستە بە ئینستاگرامەوە
دەخوازێت بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی هێزی سەکۆی (سریدز) و نهێنی ئەو هەڵكشانە گەورەیەی بکرێت، یەکەمیان، سەکۆیەکە سەر بە گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیایە (مێتا). دووەمیان، بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە گەورەترین سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیای سەر بە (مێتا) کە(ئینستیگرام)ە پەیوەستە، کە ژمارەی بەشداربووانی ئینستا بە پێی هەندێک لە راپۆرتەکان لە ملیارێک کەس نزیک بۆتەوە، لە کاتێکدا ژمارەی بەشداربووانی تویتەر هێشتا لە 400 ملیۆن کەس کەمترە، ئەم پەیوەستبوونەی نێوان ئەم سەکۆ نوێیە و سەکۆی (ئینستاگرام)، دەرفەت بە هەموو بەشداربووانی (ئینستاگرام) دەدات بە هەمان ناو و پاسۆردەوە ببنە بەشداری (سریدز)، سەرباری ئەو هۆکارانە، بەکارهێنەرانی (تویتەر) لەو سیاسەتانەی (ئایلۆن ماسک) و بڕیارە نوێیەکانی سەبارەت بە سیاسەتی بەکارهێنانی سەکۆی (تویتەر) ناڕازین، ئەم سیاسەتە تازانەی (تویتەر)، سیاسەتی پێدانی پارەیە بەرامبەر بە بەڵگەنامەکردنی ئەژماری تویتەر، کە پێدانی هەندێک ئیمتیازاتی زیاترت بەراورد بە هاوبەشە بەلاشەکان پێدەدات، ئەمەش ناڕەزایی لای زۆربەی ئەوانەی تویتەر بەکاردەهێنن لێکەوتەوە، بە تایبەتی نوخبەی بواری سیاسەت و هونەر و ئابووری، بە جۆرێک بە ئیستغلاکردن و سەپاندن دەزانن، (سریدز) لە کاتێکی گونجاودا هات، بۆ ئەوەی ببێتە سەکۆیەکی جێگرەوە کە بە ئاسانی دەتوانرێ بەشدار بیت تێیدا و هەمان خەسڵەت و میکانیزمی کارکردنی تویتەریشی هەیە.

کۆت و بەندەکانی تویتەر
هەروەها (تویتەر)، بەهۆی ئەو قەرزانەی دوای کڕینی سەکۆکە لەلایەن ئایلۆن ماسکەوە، دووچاری گوشاری دارایی بۆتەوە، بەوەی بەشێکی ئەو پارەیەی تویتەری پێکڕدراوە قەرزە، دوای ئەوەش بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتە نوێیەکانیشەوە کێشەکانی قوڵتر بوونەتەوە، وەک سیاسەتی کرانەوەی بێ کۆتوبەند بۆ خستنەڕووی بیر و بۆچوون و تێڕوانینەکان، لای کۆمپانیا بازرگانییەکان ترسی دروستکردووە، بەمەش بەشێکی زۆری کۆمپانیاکان بانگەشە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تویتەر راگرت، ئەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە تویتەر گەیاند، لێرەدا ئایلۆن ماسک سیاسەتی بەشداریکردنی بە پارەی راگەیاند تا تایبەتمەندیی زیاترت هەبێت، کە پێشتر هەموو ئەوانە بە خۆڕایی پێشکەش بە هەندێک کەسایەتیی کاریگەر پێشکەش دەکران، دیارە دیاریکردنی ئەو کەسایەتییانە بە پێی پێوەری دیاریکراو بوون کە (تویتەر) دیاریی دەکرد. 

قازانجێکی کەم
تویتەر بەهۆی پەیڕەوکردنی بەشداریکردن بە پارەوە، دوای سێ مانگ تەنها لەو بڕیارە نزیکەی 11 ملیۆن دۆلاری دەستکەوت، لە کاتێکدا لە ساڵی 2021 قازانجەکانی بەهۆی بانگەشەی بازرگانییەوە پێنج ملیار دۆلاری تێپەڕاند، ئەوکات (تویتەر) بەبێ (ماسک) و سیاسەتەکانی کە بە دڵی نە ناودارەکان و نە بەکارهێنەرە ئاساییەکانی تویتەر بوون، توانی ئاوا سەرکەوتوو بێت و ئەو قازانجە زۆرەش بکات.
قەیرانە داراییەکەی (تویتەر) و دەستپێکردنی سەکۆی (سریدز)، کە هەمان خەسڵەتەکانی تویتەری هەیە، بەو ئاراستەیە دەڕوات کە تویتەر خۆی رووبەڕووی گرفتی قورسیی(بوون) دەبینێتەوە، رەنگە کۆتایی بەم سەکۆیە بهێنێت کە17 ساڵە هەیە و یەکێکە لە سەکۆ دیار و بەناوبانگەکانی بواری سۆشیال میدیا، رەنگە ئەم دیمەنە درێژە بکێشێ و بەرەبەرە (تویتەر) بکەوێت. رواڵەتەکانی ئەم دیمەنە ئەو کاتە ئاشکرا بوون، کە هۆکار و پاڵنەرەکانی کێبڕکێکارە توند و بەهێزەکەی (سریدز) و لاوازییەکانی (تویتەر) و داڕمانە داراییەکی دەرکەوتن. 

تۆمەتی دزی
رەنگە لە داهاتوودا بەشداربووانی(سریدز) لە رێی سەکۆی (ئینستاگرام)ەوە زۆر زیاد بکات، هاوکاتی ئەمەش ناڕەزایی بەرامبەر بە (تویتەر) و ئایلۆن ماسک و سیاسەتەکانی روو لە هەڵكشانە، ئەگەر سەکۆی (تویتەر) بە سیاسەتەکانیدا نەچێتەوە، دەشێ ئەو سەکۆیە بەرەو ئیفلاسبوون بچێت و دواتریش دابخرێت. لە بەرامبەریشدا، سەکۆی (سریدز) بە سیاسەتەکانی پێشووی(مێتا)وە رووبەڕووی ئاڵنگاریی بۆتەوە، بە تایبەتی ئەوەی بە تایبەتمەندییەکانی و مێژووی مامەڵەکردنییەوە لەگەڵ داتاکاندا جێی بێزاریی یەکێتیی ئەوروپا بووە، کە بەهۆیەوە متمانەی دەوڵەتانی ئەوروپا بە کۆمپانیای (مێتا) لاواز بووە، تا سەرەتای ئەم مانگی ئابەش هێشتا سەکۆی (سریدز) لە ئەوروپا بەگەڕ نەخرا بوو. هەروەها کۆمپانیای (تویتەر)یش هەڕەشەی بەرزکردنەوەی سکاڵا دژی کۆمپانیا (مێتا) دەکات، بە تۆمەتی دزینی نهێنیی تەکنیکیی تویتەر کە لەلایەن فەرمانبەرانی پێشووی (تویتەر)ەوە دزەی پێکراوە و ئێستا لای کۆمپانیای (مێتا) کار دەکەن و بەشدارییان لە پەرەپێدانی (سریدز) کردووە. ئەگەر کۆمپانیای (تویتەر) ئەم پرسەی جوڵاند و دادگاکەی بردووە، ئەوا (سریدز) رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی ئێجگار قورس دەبێتەوە، رەنگە ببێتە کۆسپێکی گەورەی هەڵكشانی. ئەو ئاڵنگارییانە بۆ هەردوو کۆمپانیا، لە سایەی کێبڕکێی توندی تەکنەلۆجیی نێوان دوو گەورە جەمسەری کۆمپانیای پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بۆتە واقیعێکی چاوەڕوانکراو، رۆژانی داهاتوو یەکلای دەکاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان