راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
قەیران بریتییە لە هەر رووداوێك یاخود هەڵوێستێك باری ئاسایی كەسێك تێكبدات و بەشێوەیەك دەربكەوێت چارەسەری نەبێت لەڕێگا ئاساییەكانی خۆگونجاندنی كەسەكەوە. یاخود بریتییە لە هەر رووداوێك یان حاڵەتێك لە دەرەوەی ئەزموونە ئاساییەكانی كەسێكەوەیە و ناتوانێت چارەسەری بكات بەو رێگا ئاساییانەی خۆگونجاندن كە ئەو كەسە هەیەتی.
پسپۆڕانی دەروونی باس لەوە دەکەن، قەیران لە ژیانی مرۆڤدا دەتوانێت بەشێوەیەكی پۆزەتیف كاریگەری هەبێت و هانی بدات بۆ کردنی كار و چالاكی باش، هەروەها دەكرێت بەشێوەیەكی نێگەتیڤ كاریگەری هەبێت لەسەر دەروونی مرۆڤ و تووشی خەمۆکی و تۆقینی بکات.
قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان
لە هەرێمی کوردستان قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان، بڕین، پاشەکەوت و درەنگ کەوتنی مووچە، قەیرانی دەستکەوتنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ئاو، کارەبا، غاز، سووتەمەنی، بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و کاڵا و شتومەک، کاریگەریی بەرز و نزمی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و چەندین قەیرانی دیکە ئەرک و بارگرانی لەسەر هاووڵاتی زیادکردووە، ئەوەش کاریگەریی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەسەر تاکەکان دواتر خێزان و کۆمەڵگە بە گشتی جێدەهێڵێت.
ساوێن عەزیز توێژەری دەروونی دەڵێت، هەموو قەیرانەکان کاریگەریی لەسەر دەروونی تاک جێدەهێڵێت و رۆژانە دەبینین کەسەکان بەهۆی قەیرانە جۆراوجۆرەکانەوە تووشی قەلەقی و خەمۆکی بوون و هەندێکیان بۆ رێنمایی و چارەسەر سەردانی پزیشکی دەروونی دەکەن.
کاریگەریی کەسێتی کەسەکە
پێکهاتەی کەسێتی کەسەکە و خێزان و کۆمەڵگە کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر دەروونی تاک، زۆربوونی قەیرانەکان و بەردەوامی هەڕەشەیە لەسەر خێزان و کۆمەڵگە بە گشتی، وا دەکات تاکەکانی خێزان زیاتر کار بکەن و هەوڵی بەدەستهێنانی بژێوی ژیان بدەن بەوەش دایک و باوک ناتوانن وەک پێویست سەرقاڵی پەروەردەی منداڵەکانیان بن و گرنگی بە خێزانەکەیان بدەن.
چۆمان ئەحمەد توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان بەردەوام کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر تاک و خێزان هەیە، کێشە کۆمەڵایەتییەکان زۆربووە و رێژەی تەڵاق و جیابوونەوە زیادی کردووە ئەوە هەمووی کاریگەریی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانە.
کاریگەریی لەسەر تاک
تاک بیەوێت و نەیەوێت رۆژانە چی روو دەدات لەناو کۆمەڵگەدا کاریگەریی دەبێت لەسەر شێوازی کەسێتی، هەڵسوکەوت، بیرکردنەوە و ئەو وێنانەی لەناو مێشکیدا دروست دەبێت.
کاتێک سهرتاپای كۆمهڵگە تووشی قەیران بووە هەموومان لەبەردەم ههڕهشه و ناجێگیریی دهروونی داین و توندوتیژی تاکەکان بەرامبەر یەکتر زیاد دەکات، بهدهر لهو هۆكاره گشتییانهی زانستی دهروونناسی و كۆمهڵناسی جهختی لهسهر دهكهنهوه وهك ژینگه و بۆماوهیی، ئهم دۆخهی ئێستا لهپلهی یهكهمی هۆكاری زیادبوونی توندوتیژی و زەبری دەروونیدایە.
قەیرانەکان بێجگە لە فشاری دەروونی ناڕێكی و تێكچوون کاریگەریی لەسەر سەرجەم كۆئەندامەكانی جەستە دروست دەكات بە مێشكیشەوە.
کارزان کامیل پسپۆڕی فیزیایی و وەرزش وتی، رۆژانە دەیبینم پەستانەکان ئەوەندە کاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەر جەستەی مرۆڤ دروستکردووە چارەسەرکردنیان قورستر بووە.
ئاماری تەندروستی جیهانی
وتیشی، پێویستە لەکاتی قەیرانەکاندا بە نەریتی ژیانی رۆژانەماندا بچینەوە و لە هیچ دۆخێکدا مرۆڤ واز لە وەرزشکردن نەهێنێت، لەبەرئەوەی جەستە چاوەڕوانی باش بوونی دۆخ و نەمانی قەیران ناکات.
بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، بەهۆی تێپەڕینیان بە شەڕ و بارگرژی و بێكاری و دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزارییەكانی ژیانی رۆژانە لە پێنج كەس یەكێكیان تووشی كێشەی دەروونی دەبێت لەناویاندا خەمۆكی و گۆشەگیری و قەلەقی،.
لە ساڵانی رابردوودا و تائێستاش هەزاران كەس بەرەو رێگای هات و نەهات بە هیوای گەیشتن بە ژیانێکی باشتر لە وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کرد، ئەوان زۆرینەیان چیرۆكەكانیان لە یەكترییەوە نزیكن و لەتاو بێكاریی، بێكارەبایی، كەمئاوی، كێشەی خراپی رێگەوبان و قەیرانی نیشتەجێبوون و دەیان قەیرانی دیكە هەڵدێ، کە هەندێکیان ناگەن بە خەونەکەیان و لە رێگەدا گیانلەدەست دەدەن.