چاوان فاروق، ئاماده‌كار و پێشكه‌شكاره له ده‌زگای میدیایی كوردسات، ماوه‌ی پێنج ساڵ ده‌بێت له راگه‌یاندندا ده‌ستبه‌كاربووه، بەڵام پێشتر وه‌كو رۆژنامه‌نووس له رۆژنامه‌دا بابه‌تی كۆمه‌لایه‌تی نوسیووه، حه‌زوخولیای بۆ رۆژنامه‌نووسی وایكردووه به راگه‌یاندن ئاشنا ببێت، و به كارێكی پڕ له بوێری و ئازایه‌تی داناوه.
چاوان به دوالاپه‌ڕه‌ی وت: له‌پاڵ حه‌زوخولیاكه‌م بۆ راگه‌یاندن، بێگومان بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیشم دوای ته‌واوكردنی زانكۆ بیرم له‌وه‌كرده‌وه كه هه‌نگاو بنێم به‌ره‌و كاری راگه‌یاندن، سه‌ره‌تای هاتنم بۆ ناو تی ڤی و كاری رۆژنامه‌وانی له چوارچێوه‌ی ده‌زگای راگه‌یاندن له‌ڕێگه‌ی سیڤیه‌وه بوو كه ویستم وه‌ك وه‌رگێڕی ئینگلیزی وه‌ربگیرێم، خۆشبه‌ختانه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ هه‌ڵكه‌وت و هاتمه ناو راگه‌یاندنه‌وه، ئامانجم وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك زیاتر كاركردنه تاكو بتوانم به یه‌كسانی ده‌نگی هه‌موو توێژەكانی كۆمه‌ڵگه به بێ جیاوازی بگه‌یه‌نین، بێگومان راگه‌یاندن وه‌ك له مانای وشه‌كه خۆی دیاره به واتای گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیارییه به شێوازێكی راست و دروست، هاوكات ئه‌ركی راگه‌یاندن وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م پێویسته هاوشێوه‌ی قوتابخانه ئه‌ركی په‌روه‌رده‌كردن و ئاڕاسته‌كردنی تاك بێت به باشترین شێوه.
چاوان وتیشی، سه‌ره‌تای كاری بێژه‌ریم ده‌توانم بڵێم به رێكه‌وت بوو، چونكه هیچ كاتێك بیرم له‌وه نه‌كردبۆ‌وه له‌به‌رده‌م كامێرا و له‌سه‌ر شاشه ده‌ربكه‌وم، به‌ڵام زۆرێك له هاوڕێ و هاوكاره‌كانم زۆریان لێكردم كه ئه‌و هه‌نگاوه بنێم، به‌ڵام هه‌نگاوێكی باش بوو بۆمن، چه‌ند بوارێكی راگه‌یاندنم تاقیكردووه‌ته‌وه، وه‌كو هه‌واڵساز، مۆنتێر، ئاماده‌كار، په‌یامنێر، پێشكه‌شكاریشم كردووه.
لە كۆتاییدا چاوان وتی، تا ئێستا بیرم له‌وازهێنانی پیشەكەم نه‌كردۆته‌وه بۆ داهاتووش جیاواز له‌راگه‌یاندن پێم خۆشه له بواری نووسیندا خۆم ببینمه‌وه، وه‌كو وه‌رگێڕیك، ده‌بێت هه‌میشه راگه‌یاندن به‌و ئامانجه كاربكات كه بۆی دروستبووه ئه‌وا بێگومان ئاڕاسته‌ی باش ده‌بێت، دیارە پیشه‌ی راگه‌یاندن بۆ ژنان هیچ كاتێك ئاسان نه‌بووه، هه‌رچه‌نده ئێمه ئێستا له سه‌رده‌می جیهانگیری و خێرایی داین، به‌ڵام ژنان هه‌میشه ده‌بێت له جه‌نگدابن بۆ تێپه‌ڕاندنی هه‌موو ئاسته‌نگییه‌كانیان و چاویان له‌سه‌ر ئامانجه‌كه‌ی خۆیان بێت.
دیانا ئه‌حمه‌د